ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.10.3، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، کۆنفرانسێکى تایبەت بە ناونیشانی ( ئەرک و پەیام و ناساندنی مۆنیۆمێنت ) لە مۆنیۆمێنتی شەهیدان لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بەرێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا، کە جێگرى پارێزگار و بەڕێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و ژمارەیەکى دیکەى بەرچاوو لە مامۆستایانى زانکۆ و پسپۆڕ و شارەزایانى مێژوو و مێژووناسان و هونەرمەندانى شارى هەولێر و شارەکانى ترى هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر لەوتارێکدا وێڕاى بە خێرهێنانى میوانان و بەشداربووانى کۆنفڕانس، تیشکى خستەسەر ئەوەى، لە کۆتایی کارەکانى مۆنۆمێنتى شەهیدان بەر لەکردنەوەى بەڕووى هاوڵاتییان، کە ڕهمز و سومبولى قوربانیدان و خەباتى گەلى کوردستانە، بۆ ئاوەداندکردنەوە و فراوانکردنى زیاترى، بەڕا و سەرنجى پسپۆڕان و شارەزایانى بەشداربووى کۆنفڕانس، مۆنۆمێنت دەگات بە قۆناغێکى دیکە.
گوتیشى، "حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دروستکردنى مۆنۆمێنتى شەهیدان ئامانجێکى گەورەى هەبووە، کە بهداخهوه لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا بە هۆى کۆمەڵێک گرفت و لەمپەر نەتوانرا تەواوبکرێت، بەڵام لە ماوەى دووساڵى ڕابردوودا لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە لایەن پارێزگاى هەولێر دەست بە نۆژەنکردنەوە و تەواوکردنى کرا، سوپاس بۆ جەنابى سەرۆکوەزیران، بۆ دابینى کردنى بودجەى پێویست بۆ نۆژهنكردنهوه و تەواوکردنى پڕۆژەکە".
داواشیکرد، ڕا و سەرنج و تێبینیەکانی پسپۆر و شارەزایانى بە شداربوو لە چوارچێوەى کارەکانى کۆنفڕانس، ببێت بە هاندەر و پشتیوانییەکى بەهێزى هێنانەدى ئامانجەکانى مۆنۆمێتى شەهیدان، لەوبارەیەشەوە گوتی: "پێویستمان بە ڕاو سەرنجى ئەکادیمیستەکان و هونەرمەندان و مێژوونووسان و شارەزایانى ئەو بوارەیە ههیه بۆ مامەڵەکردنێکى زانستیانە لەگەڵ ئەو پرسە".
لە بەشێکى ترى وتارەکەیدا، پارێزگارى هەولێر، تیشکى خستە سەر خاڵێکى ترى گرنگ کە ئەویش کردنەوەى مۆزەخانەى شەڕى تیرۆرستانى داعش بوو، بۆ ئەوەش ئاشکراى کرد، لە ئێستادا، کارەکانى کردنەوەى مۆزەخانەى شەڕى تیرۆرستانى داعش لەکۆتایی دایە و گوتى: " لە ئایندەیەکى نزیکدا تەواو دەبێت و هەموو ئەو پاشماوانەى لە شەڕى تیرۆرستان و کەل و پەلى شەهیدان کە هەیە لەو مۆزاخانەیەدا نمایش دەکرێت و دەبێتە بەشێکى گرنگ لەو مێژووەى کە تیرۆرستانى داعش لەسەر دەستى پێشمەرگە و بە قوربانیدان و گیانفیدایی ئەو قارەمانانە لە سەر خاکى پیرۆزى کوردستان پاککرانەوە".
لە کۆتایشدا، سوپاسى کۆمپانیاى بەڵێندەر و جێبەجێکارى پڕۆژەکەى کرد کە سەرەڕایی دۆخى سەختى درایی و گرفتى تەمویلکردنیان، بەڵام کارەکانى بەباشى جێبەجێکردووە و هیواى خواست نموونەیان زۆر بێت، هەروەها دەستخۆشى لە سەرپەرشتیارانى مۆنۆمێنت کرد و هەموو پاڵپشتى و هاریکاریەکى بۆ دابینکردنى ستاف و پێداویستیەکانیان دووپاتکردەوە.
وابڕیارە لە چوارچێوە کارەکانى کۆنفرانس، لەلایەن پسپۆڕ و شارەزایان ومێژوو نووس و هونەرمەندان، ناساندن و گرنگى مۆنۆمێنتى شەهیدان کە ڕهمز و سومبولى قوربانیدان و خەباتى گەلى کوردستان و بە تێکەڵەیەک لە پەیکەر و تەلارسازی و ماتریاڵی گونجاو دروستکراوە و دەبێت بە بەشێک لە ئادگار و سیما و ئاوێنهیهك بۆ نیشاندانى بەشێکى مێژووى قۆناغە ناخۆش و سەختەکانى بەسەر میللەتی کورددا هاتووە و لهڕێى ئەو مۆنۆمێنتەوە ڕووەکانى كۆمهڵگای كوردهواری به كۆمهڵگای نێودهوڵهتی پیشان دەدرێت، لێکۆلێنەوە و بەدواداچوونى ووردى زانستى پێشکەش بکرێت لە بارەى ئەرک و پەیام و ناساندنی.
جیگەى باسە، مۆنۆمێنتی شەهیدان کە کەوتۆتە بەرزاییەکانى ناحیەى كەسنەزان و وەک هێمایەک بۆ قوربانیدانى گەلەکەمان و بەرزڕاگرتنی یادى ئەنفال و شەهیدانى کورد و کوردستان دەست بە دروستکردنى کرابوو پڕۆژەیەکى تەواونەکراو بوو، لە ماوەى دووساڵى ڕابردوو لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە گوژمەی ( 5 ملیار و 974 ملیۆن و 204 هەزار دینار ) لە سەر بودجەى پارێزگاى هەولێر، دەست بە تەواوکردن و نۆژەنکردنەوەى کرا، لە ئێستاشدا کارەکان بەکۆتا هاتووە و واچاوەڕوان دەکرێت لەم نزیکانە بکرێتەوە.
هەولێر... کۆنفرانسێکى تایبەت بە ئەرک و پەیام و ناساندنی مۆنیۆمێنتی شەهیدان بەرێوەچوو
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.