مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ قوتابییان، لاوان و ئافرەتان لە شاری هەولێر، جەختی لەوە کردەوە، ئەو لایەنانەی داوای وەستاندنی پارتی دەکەن، دەبێت ئەوە بزانن، پارتی بوەستێ، داگیر دەکرێن، چونکە ئەوان بەبێ بوونی پارتی، ناتوانن هیچ شتێک بکەن.
ئێوارهی رۆژی چوارشەممە، 02-10-2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ قوتابییان، لاوان و ئافرەتان لە شاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە، لایەن هەبوو پێشتر و ئێستاش هەوڵ دەدات قەوارەی هەرێمی کوردستان نەهێڵێت، بەڵام ناتوانێت. مەسرور بارزانی گوتیشی: وەڵامی ئێمە بۆ ئەوان یەک وشەیە: ناتوانن!
مەسرور بارزانی گوتی: پێشتریش هەوڵیان دا ئەم قەوارەیە نەهێڵن؛ ئەمە ئێستا نییە، پێشتریش بەشداربوون لە پیلانەکانی لاواز کردنی ئەم قەوارەیە، ئامادەبوون خۆشیان لەناو ببەن، بۆ ئەوەی ئەو حکوومەتە و حوکمڕانییە دووچاریی شکست بێت کە لەژێر سەرکردایەتیی پارتی بوو. هەوڵەکانی ئەوان هی ئێستا نییە، هەوڵەکانیان بەردەوام بووە، بەڵام نەیانتوانیوە چونکە، ئەم وڵاتە خاوەنی هەیە، ئەم وڵاتە پارێزەری هەیە، خاوەنی ئەم وڵاەتە ئێوەن، پارێزەری ئەو وڵاتەش پێشمەرگەیە.
مەسرور بارزانی گوتیشی: هیچ لایەن و کەسێک ناتوانێت کاروانی پارتی بوەستێنێت. ناتوانێت ئەم قەوارەیە تێک بدات. چونکە تەنیا کەسێک کە بتوانێت بڕیار لە چارەنووسی ئەم وڵاتە بدات، دەنگی ئێوەیە.. دەنگی ئێوەش لە 20ـی مانگی 10، دیار دەکات کێ بەردەوام دەبێت، کێ حوکمڕانی دەکات.
مەسرور بارزانی دەشڵێت: بۆ ئەوەی مەترسی نەکەوێتە سەر قەوارەی هەرێم، بۆ ئەوەی بێڕێزیی بەرامبەر خوێنی شەهیدان نەکرێت، بۆ ئەوەی بێوەفایی بەرامبەر تێکۆشەران بەردەوام نەبێت، بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەر نەهێنرێتە کوردستان، بۆ ئەوەی ترساندن و تۆقاندن نەمێنێت، بۆ ئەوەی سەرانە سەندن نەمێنێت، بۆ ئەوەی ڕادەستکردنی خاکی کوردستان چیتر قەبوڵ نەکرێت، بۆ ئەوەی چیتر سووکایەتیی بەردەوام نەبێت، خۆتان لەو لایەنانە بپارێزن کە ئەو خەسڵەتانەی تێدایە. بەڵام بۆ شانازیی وڵات، بۆ شکۆی پێشمەرگە، بۆ سەربەرزیی خانەوادەی شەهیدان، بۆ ئاوەدانی، بۆ پێشکەوتن و زانست و هیوا، بۆ ئایندە ، دەنگ بدەن بە پارتی دیموکراتی کوردستان.
مەسرور بارزانی گوتی: پارتی توانیویەتی لەمێژووی سەرکردایەتیی خۆیدا، باشترین پەیوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر و جیهاندا دروست بکات؛ بە ڕادەیەک کە پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا زۆر جار، وەکو پێگەی وڵاتێکی سەربەخۆ حیسابی بۆ کراوە. پێگەی هەرێمی کوردستان بەوە پارێزراوە، چونکە پارتی هەمیشە شکۆی پێشمەرگە و ڕێزی هاووڵاتییانی خستووەتە سەر هەموو بەرژەوەندییەکی دیکە، پارتی هەمیشە توانیویەتی ڕاستگۆیانە لەگەڵ ناحەزانی خۆی بدوێ و ڕاستگۆیانە لەگەڵ دۆستەکانی خۆشی قسە بکات.
گوتی: ئێمە هەوڵمان داوە پەیوەندییەکانمان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەجۆرێک ڕێک بخەین، کە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەوە بێت.
مەسرور بارزانی دەڵێت: لەڕووی ئاوەدانییەوە، ئەو دەستکەوتانەی لە کوردستاندا هەبووە، لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان بێ جیاوازیی، پارتی پشکی شێریی هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.. سەیری شەقامەکان بکەن، سەیری باڵەخانەکان بکەن. دەشزانم هێشتا کەم و کوڕی زۆرە، هێشتا زۆر شت ماوە بکرێت. چەند جار دووپاتی ئەوەم کردووەتەوە کە لە هەوڵی جیددیداین بۆ ئەوەی دابینکردنی پێداویستییەکان باشتر بکرێت، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان باشتر بکرین، ئەجندایەکی تێر و تەسەلمان هەبووە، بەردەوام دەبین لەسەر ئەوەی کە هەموو ئەو کارە خزمەتگوزارییانەی کە لای ئێوە گرنگن، هەموویان جێبەجێ بکەین؛ یەکێک لەوانە کارەبایە، کە دەزانم بۆ هەمووتان گرنگە، بەڵام بەو بەرنامەیەی ئێستا دەستمان پێ کردووە و بەردەوام بین، لەماوەیەکی زۆر نزیکدا پشتیوان بەخوای گەورە، کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین دەکەین.
مەسرور بارزانی گوتی: بابەتی ئاو کە ئاوەدانییە، هەستمان کردووە کە گۆڕانی کەشوهەوا لە دونیادا چ کاریگەرییەکی لە وڵاتان کردووە، بەڵام ئێمە سەرچاوەی ئاوی زۆرمان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە سوودی لێ وەرگرین، ئێمە بەرنامەیەکی زۆر تۆکمەمان هەبووە بۆ دروستکردنی بەنداو، بۆ دروستکردنی بەنداوی مامناوەندی و پۆند، هەروەها لە شاری هەولێر کە چەندین ساڵە بەدەست کێشەی کەمئاویەوە گیرۆدەیە، دوو پرۆژەی گەورەمان دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی ئاو بگاتە هەموو ماڵێکی شاری هەولێر کە بۆ 30 ساڵی داهاتوو کێشەی ئاو لە هەولێر ناهێڵێت، هەمان پرۆژەمان لە شارەکانی دیکەش هەیە.
مەسرور بارزانی دەشڵێت: هەوڵی جیددیمان داوە بۆ ئەوەی بتوانین بە باشرین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان بکەین، چونکە لە سیاسەت و ئەجێندای پارتی، لەو حکوومەتەی کە پارتی حوکمڕانی تێدا دەکات، هاووڵاتی میحوەری سیاسەتی پارتییە، خزمەتکردن بە هاووڵاتیی گەورەترین شانازییە کە پارتی هەیەتی و بەردەوامیش دەبێت لەوە لەسەردەمی بارزانی نەمرەوە تاکوو ئێستا، پارتی خۆی بە خزمەتکاریی هاووڵاتییان زانیوە، لەمەودواش هەر بەوشێوەیە بەردەوام دەبێت.
مەسرور بارزانی گوتیشی: قسەیەکم بۆ ئافرەتان، ئێمە کە دەڵێین ئێوە نیوەی کۆمەڵگەن، بەڕاستی نیوەی کۆمەڵگەن، نەوەک تەنها بۆ ئەرک، بەڵکو بۆ مافیش، دەبێت مافی هەموو ئافرەتێک لەو وڵاتە پارێزراو بێت، دەبێت ئافرەت ڕۆڵی کاریگەری خۆی لە حوکمڕانیشدا ببینێت، هەموو کەسێک لەسەریەتی، ڕێز لە ئافرەت بگرێت و کەرامەتی ئافرەت بپارێزێت. ئێمە ئافرەتی زۆر بەتوانامان هەیە، لەو کابینەیە چەندین وەزیرمان هەبووە، لە پەرلەمان چەندین ئافرەتی پەرلەمانتاری بەتوانامان هەبووە، لەناو سەرکردایەتی پارتی، چەندین ئافرەتی سەرکردەی زۆر بەتوانامان هەیە؛ بەردەوام دەبین لەوەی ڕێگە بۆ ئافرەت خۆش بکەین بۆ ئەوەی ئافرەت بتوانێت ڕۆڵی کاریگەری خۆی ببینێت و وەکو هاووڵاتییەکی یەکسان لەگەڵ پیاو بتوانێت لەو وڵاتەدا بە سەربەرزیی بژیت.
مەسرور بارزانی بۆ لاوان ڕایگهیاند: پەیامم بۆ هەموو گەنج و لاوانی تەواوی کوردستانە، من بۆ ئەو گەنجانە قسە دەکەم کە هەندێ لایەن هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی گەنجان بێهیوا بکەن، هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی وڵات بەجێ بێڵن. هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی خۆشەویستیان بۆ وڵات نەمێنێت و مێژووی خۆیان لەبیر بکەن و بڕوایان بەداهاتوو نەمێنێت، ئێمە هاتووین بە ئەوان و هەموو هاووڵاتییەکی کوردستان دەڵێین: ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی هیواتان بۆ بگەڕێنینەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.