Erbil 19°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 05:24

لێدوانی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لەبارەی رووداوی تەقەكردنەكەی ئەمڕۆی مزگەوتی رەشاد موفتی

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لەبارەی رووداوی تەقەكردنەكەی ئەمڕۆی نێو مزگەوتی رەشاد موفتی لە شاری هەولێر رایگەیاند، كەوتنەوەی رووداوەكە دەگەڕێتەوە بۆ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی و دوژمنداری نێوان هەردوولا، جەختیشی كردەوە كە لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوە هەر بڕیارێك دەربكرێت بۆ دەستگیركردنی تەقەكەرەكان ئەوان وەك بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش جێبەجێی دەكەن.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە كاتی بەڕێوەچوونی پرسەیەك لە مزگەوتی رەشاد موفتی لە شاری هەولێر، گرژی و و پێكدادان دەكەوێتە نێوان پاسەوانەكانی شاڵاو كۆسرەت رەسوول و كەسوكاری پرسەكە و بەهۆیەوە پاسەوانەكان تەقە دەكەن.

بارزان قەساب بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لە شوێنی رووداوەكە لەبەردەم مزگەوتی رەشاد موفتی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: رووداوەكە پلانداڕێژراو نەبووە و  لەناكاو روویداوە كە بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی كۆن و دوژمندارییەوە بووە لەنێو هەردوولادا.

گوتیشی: خاوەن پرسەكە داوای لە شاڵاو كۆسرەت رەسوول كردووە پرسەكە جێبهێڵێ كە بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە چووەتە پرسەكەوە بەهۆی ئەوەی پێشتر لە شەڕی ناوخۆدا دوو كەسی بنەماڵەكەیان لەلایەن ئەوانەوە كوژراوە، بەهۆیەوە گرژی و پێكدادان لەنێوان پاسەوانەكان و كەسوكاری پرسەكە دروستبووە و تەقە كراوە.

هەروەها گوتی: بەداخەوە بەهۆی تەقەكان كەسێك بریندار بووە كە كەسوكاری خاوەن پرسەكە بووە، بریندارەكەش ئێستا تەندروستی باشە و مەترسی لەسەر گیانی نییە.

بارزان قەساب لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئاماژەی بەوەش دا: لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەست بە لێكۆڵینەوەكان لە رووداوەكە كراوە و چاوەڕێی فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەن بۆ جێبەجێكردنی هەر بڕیارێك.

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر جەختیشی كردەوە كە دادوەری لێكۆڵینەوە هەر بڕیارێك دەربكات، ئەوان وەك ئاسایش و لایەنی جێبەجێكار، جێبەجێ دەكەن جا كەسەكە لەهەر پۆست و پلەیەكدا بێت.

داواشی لە راگەیەندكاران كرد لە كاتی كەوتنەوەی هەر رووداوێكدا لە شاری هەولێر، رووداوەكە لە خۆی گەورەتر نەكەن و پیشەییانە هەواڵ و زانیارییەكان لەڕێگەی سەرچاوە باوەڕپێكراو و فەرمییەكان بگوازنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.