Erbil 18°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 19:16

سه‌لما تۆما: نووسینه‌كانم به‌ زمانی كوردی ڕێچكه‌شكێنیه‌ بۆ هاندانی ئافره‌تی كریستیان بۆ ده‌رخستنی تواناكانیان له‌بواری نووسین به‌زمانی كوردی

کوردستان TV
100%


خاتوونی شاعیر سه‌لما تۆما: ئاواره‌یی و غوربه‌ت بۆمن بوو به‌ جۆرێك له‌ ژیانكردن له‌و كاته‌وه‌  هه‌ست ده‌كه‌م شیعر ده‌ستكاری ڕوحم ده‌كات و پێم ده‌ڵێ بنووسه‌
خاتوونی شاعیر (سه‌لما تۆما كاكۆ)، یه‌كێكه‌ له‌وشاعیرانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا له‌رێگه‌ی هه‌سته‌ناسكه‌كانییه‌وه‌ خۆی خستۆته‌ نێو ده‌ریای شیعره‌وه‌ ،ئه‌و به‌سێ زمان(كوردی ،سریانی ،عه‌ره‌بی) شیعر  و په‌خشانه‌ شیعر ده‌نوسێت .سه‌لما  ده‌رچووی به‌شی ئاماری كۆلیژی كارگێڕی و ئابووری زانكۆی موسڵه‌ ،له‌ساڵی 1960  له‌شارۆچكه‌ی شه‌قڵاوه‌ له‌دایك بووه‌،به‌ڵام  زیاتر له‌ شارۆچكه‌ی مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دین و هه‌ولێرو عه‌نكاوه‌ ژیاوه‌.. ئێستا له‌گه‌ڵ هاوسه‌رو منداڵه‌كانی له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌ژیت ئێمه‌ به‌باشمان زانی له‌ نزیكه‌وه‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵیدا ساز بده‌یین به‌چه‌ند پرسیارێك به‌سه‌رمان كرده‌وه‌.
هه‌ڤپه‌یڤین -كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس 
*سه‌ره‌تاپێمان باش بووباس چۆنیه‌تی ئاشنا بوونت به‌ دونیای شیعر بۆ خوێنه‌رانمان بكه‌یت؟ 
 - من هه‌ر له‌ قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی شیعرم خۆشویستووه‌ و له‌وانه‌كانی  كوردی و عه‌ره‌بی تا مامۆستا ده‌یخوێنده‌وه‌ من ئه‌زبه‌رم ده‌كردن ، له‌قۆناغه‌كانی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی زۆر حه‌زم ده‌كرد بنووسم به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و كات و بواره‌م نه‌بوو سه‌رقاڵی شیعر نووسین و خوێندنه‌وه‌ بم جگه‌ له‌وه‌ی جار جار له‌ژێر كاریگه‌ری ڕووداوێك یا بۆنه‌یه‌ك هه‌ر بۆخۆم شیعرێكم ده‌نووسی و ناوم ده‌نا وڕێنه‌ ،دواتر له‌به‌ر به‌رپرسیاریه‌تی ماڵ و منداڵ و كاری فه‌رمانبه‌رایه‌تیم به‌ یه‌كجاری له‌ وڕێنه‌كردنیش چوومه‌وه‌ تا ساڵی 2017 كه‌ بڕیاری مانه‌وه‌م له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا دا له‌به‌ر بوونی كاتی زیاتر و دابڕانم له‌ پابه‌ندبوونی كاری فه‌رمانبه‌رایه‌تی و دانانی فه‌یسبووك سه‌یرم ده‌كرد وڕێنه‌كانم باشترن له‌ زۆربه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی كه‌ له‌ په‌یجه‌كان ده‌كه‌وتنه‌ پێش چاوم ،ئه‌مه‌ پاڵنه‌رێك بوو بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئاستی نووسینم ،سه‌ره‌تا هه‌ستم ده‌كرد شیعره‌كانم ته‌نیا ده‌رده‌ دڵێكه‌ بۆناو دونیای ڕوحی خۆم دواتر به‌ بڵاوكردنه‌وه‌یان هه‌ستم كرد هێواش هێواش تێكه‌ڵی ژیانم ده‌بێ و چێژ و خۆشی له‌ نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌یان ده‌بینم ،له‌ غوربه‌تدا بۆمن بوو به‌ جۆرێك له‌ ژیانكردن و تێڕوانینم بۆ خۆم و بۆ ژیان گۆڕا له‌و كاته‌وه‌  هه‌ست ده‌كه‌م شیعر ده‌ستكاری ڕوحم ده‌كات و پێم ده‌ڵێ بنووسه‌. 
*باشه‌ كێ بوون ئه‌وانه‌ی هاوكارو پاڵپشتی سه‌لما بوون له‌ شیعر نووسین؟ 
- ڕاشكاوانه‌ ده‌ڵێم به‌داخه‌وه‌ هیچ هاوكار و پاڵپشتێكم نه‌بووه‌ بۆ نووسینی شیعر جگه‌ له‌ هاندان و ده‌ستخۆشیه‌كانی هاوڕێیانی فه‌یسبووك نه‌بێت، به‌ڵكو ده‌توانم بڵێم نیمچه‌ ڕێگریه‌كیشم لێكراوه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ ساردی نه‌كردوومه‌ته‌وه‌ له‌ نووسین و كۆڵم نه‌دا هه‌ر بۆیه‌  تا ئێستا به‌رده‌وامم ،ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بگوترێ له‌م دواییه‌دا مامۆستا(حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف)ی شاعیر هانی ده‌دام و زۆر جار شیعره‌كانم پیشانی ئه‌وده‌دا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی  ئاسته‌كه‌یان و ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانیان ئه‌گه‌ر هه‌بوایه‌ ،ئه‌وه‌ش بۆ من مایه‌ی دڵخۆشی بووه‌ بۆیه‌ لێره‌وه‌ سوپاسی ده‌كه‌م. 
*سه‌لما تۆما به‌ چه‌ند زمان شیعر ده‌نووسیت ؟ئامانجت له‌ شیعر نووسین چییه‌؟ 
- به‌هه‌رسێ زمانی سریانی و كوردی و عه‌ره‌بی شیعرم نووسیوه‌ ،به‌ڵام زیاتر به‌ زمانی كوردی ده‌نووسم ، به‌زمانی عه‌ره‌بی زیاتر په‌خشانم نووسیوه‌. 
ئامانجم له‌ نووسینی شیعر به‌ گشتی گه‌یاندنی په‌یامه‌ ، نووسین به‌ زمانی كوردیش ڕێچكه‌شكێنیه‌ بۆ  هاندانی ئافره‌تانی كریستیان بۆ ده‌رخستنی تواناكانیان له‌بواری نووسین به‌زمانی كوردی كه‌ له‌ كوردستان شك نابه‌م ژماره‌یان زۆر بێت.
*له‌شیعر نووسیندا پشت به‌ وشه‌كان یان به‌هه‌ست یان به‌ بابه‌ت ده‌به‌ستی؟ 
- من زیاتر پشت به‌ هه‌ست ده‌به‌ستم ،به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا نكۆڵی له‌وه‌ ناكه‌م كه‌ هه‌ندێ جار به‌ بێ ویستی خۆم بابه‌ت ده‌بێته‌ ئیلهامی نووسینی چه‌ند ده‌قێكی شیعری. 
*هۆنراوه‌یه‌كی دیاری كراوی شاعیرێك هه‌یه‌ سه‌رنجی تۆی راكێشابێت و هیوات ده‌خواست هی تۆ بێت؟ 
- راستییه‌كه‌ی به‌دیاركراوی شیعرێك نییه‌  ،به‌ڵام زۆرن ئه‌و شاعیرانه‌ی كه‌ ده‌ق و تێكسته‌كانیان سه‌رنجم ڕاده‌كێشن و هیوام ده‌خواست  قوتابی قوتابخانه‌ی شیعری ئه‌وان بوومایه‌ ،تا لێیان فێربام جوانتر بنووسم. 
*وه‌كو شاعیرێك، چۆن ده‌ڕوانیته‌ ئاستی شاعیرانی ئافره‌ت له‌ كوردستان ؟ 
- هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی شاعیرانی ئافره‌ت له‌ كوردستان بۆ من ئاسان نیه‌ ، چونكه‌ ساڵانێكی زۆره‌ ئافره‌تی كورد شیعر ده‌نووسێ و ئه‌وه‌ زیاتر له‌ بواری شیعرناسه‌كان نزیكه‌ ،به‌ڵام ده‌توانم بڵێم قه‌ڵه‌می ژن به‌رده‌وام له‌پێشكه‌وتندایه‌ و به‌هۆی بوونی ئازادیی زیاتری ژنان به‌راوورد به‌ ساڵانی پێشتر  ،ئازادی له‌ نووسینی ده‌قی شیعریش زیاتر بووه‌و ژن ئێستا له‌ هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا شیعر ده‌نووسێ كه‌ جاران ئه‌و بوێریه‌ی نه‌بوو بۆیان بنووسێ ،به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی بتوانێ  وه‌ك چه‌كی به‌ره‌نگاری به‌كاری بێنێ بۆ ئازادانه‌ گه‌یاندنی په‌یامی داكۆكی كردن له‌ هه‌موو مافه‌كانی خۆی. 
*هیچ دیوانی شیعریت یان نامیله‌كه‌ی شیعریت هه‌یه‌؟ 
- نه‌خێر ،به‌ڵام ده‌مێكه‌ كتێبێكی شیعرم به‌ناونیشانی (ملوانكه‌ی ئه‌وین)  ئاماده‌ی چاپه‌ و چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌تێكم بۆ ئه‌وه‌ی  له‌چاپی بده‌م.
*پرۆژه‌ی نوێتان هه‌یه‌؟ 
- بوونی پڕۆژه‌ی نوێ په‌یوه‌سته‌ به‌ ڕاده‌ی دڵنیابوون له‌ جێبه‌جێ كردنیان به‌ سه‌ركه‌وتوویی ،بۆیه‌ تا نه‌گه‌ن به‌و قۆناغه‌ باسكردنیان به‌ په‌سند نازانم.

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.