سەرچاوەیەك لە شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بۆ ماڵپەڕی (كورستان تیڤی)، وادەی دابەشكردنی مووچەی هەردوو مانگی 8 و 9ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی ئاشكرا كرد.
سەرچاوەكە تایبەت بە ماڵپەڕی (كوردستان تیڤی) راگەیاند: بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 8ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا لە بەغداوە بڕی 755 ملیار دینار گەیشتۆتە هەرێمی كوردستان.
راشیگەیاند: بڕی 243 ملیار دینار كورتهێنان بۆ دابەشكردنی مووچە هەیە، ئەم بڕە پارەیەش لەم هەفتەیەدا دەنێردرێت.
هەروەها رایگەیاند: بە گەیشتنی ئەو 243 ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە راستەوخۆ لیستی مووچە بڵاودەكرێتەوە و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
سەبارەت بە مانگی نۆ، سەرچاوەكە گوتی: وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی خەرجكردنی دەربڕیوە و و لەم رۆژانە لەگەڵ دابەشكردنی مووچەخۆرانی عێراق، ئەویش دابەش دەكرێت، واتە لە ماوەی چەند رۆژێكدا مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەردوو مووچەی مانگی 8 و 9 وەردەگرن.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ دووشەممە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی مووچەكانی هەردوو مانگی 8 و 9ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق و چارەسەركردنی كێشە و بەربەستەكان.
لە كۆبوونەوەكاندا، شاندەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستی ئامادەكراوی مووچەی مانگی 8 و 9ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.