Erbil 20°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 11:39

بەرپرسی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركوك: داواکارین ئاوارەکان لە هەولێر و سلێمانی بگەڕێنەوە شار

کوردستان TV
100%

محەممەد کەمال بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا داوای دواخستنی پرۆسەی سەرژمێری کرد بۆ دوای جێبەجێکردنی  ماددەی 140 و داواشی لە ئاوارەکانی شارەکە کرد کە لە هەولێر و سلێمانی نیشتەجێن، بگەڕێنەوە کەرکووک بۆ ئەوەی خۆیان تۆمار بکەن.

گوتیشی: دەبوایە پەلە نەکرێت و دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە ئەوجار پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لەم پارێزگایە بکرایە، هەربۆیە داوا دەکەین ئەم پرۆسەیە دوا بخرێت و پەلە لە جێبەجێ کردنی نەکرێت، چونکە ماددەی 140 جێبەجێ نەکراوە.

ڕاشیگەیاند، هاووڵاتییانی ئاوارەی کەرکووک ئەگەر نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەموو مافەکانی لە هاوکارییەکانی پێدانی خۆراک لە لایەن بریکارەوە لەگەڵ بەشە نەوت و هەموو هاوکارییەکانی دیکەیان دەبڕدرێت و لە هەموو ماف و هاوکارییەکان بێبەش دەکرێن، هەربۆیە داوا دەکەین هەموو ئاوارەکانی کەرکووک لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک ئاماژەیدا، بە گوێرەی ڕێکار و ڕینماییەکانی سەرژمێری گشتیی لە خانووێکدا دەرفەت هەیە سێ خێزان خۆیان تۆمار و ناونووس بکەن، گوتیشی: هاووڵاتییانی ئاوارە دەتوانن بگەڕێنەوە و لە ماڵە خزمەکانیان خۆیان تۆمار بکەن.

هەروا دەربارەی پرۆسەی تەعریب، ڕایگەیاند،  گوندی زەرتک تاوەکوو ساڵی 1988 کە خاپوورکرا یەک ماڵە عەرەبی تێدا نەبوو، بەڵام ئێستا لە قۆناغی گەمارۆ و ژمارە لێدانی پرۆسەی سەرژمێری نزیکەی 28 ماڵە عەرەب و هەشت ماڵی کوردی تێدا تۆمارکراوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 250 خێزانی ڕەسەنی خەڵکی ئەو گوندە لە ناوچەکانی کوردستان پەرشوبڵاو بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.