Erbil 18°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 10:29

لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەم كارانە قەدەغەیە

کوردستان TV
100%

لیژنەی ئەمنیی پارێزگاری هەولێر دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە كۆبووەوە، سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان چەند بڕیارێكی دەركرد.

پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە: له‌پێناو به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان به‌ شێوازێكى شارستانى و سه‌رده‌میانه‌ له‌ سنوورى پارێزگاکەمان و به‌رگریكردن له‌ ناو و ناوبانگى هه‌ولێرى پایته‌خت كه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ پێشه‌نگ بووه‌، هەروەها بە ئامانجى فه‌راهه‌مكردن و ده‌سته‌به‌ركردنى ئازادى بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌بێ جیاوازى و پارێزگاریكردن له‌ كاندیدان و پاراستنى ئارامى و پاك ڕاگرتنى شار و به‌ڕێوه‌چوونى ماوه‌ى دیاریكراوى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ سه‌ركه‌وتوویى، ئێوارەى ئەمڕۆ لیژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێر بە سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر کۆبۆوە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارانەى لاى خوارەوە:-

یه‌كه‌م/ نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێل له‌ شه‌قامه‌ گشتییه‌كان بكرێت، كه‌ ببێته‌ هۆى دروستكردنى ئاسته‌نگ له‌ ڕێگاى هاتوچۆى خەڵک، هه‌روه‌ها نابێت ئامێرى بێزاركه‌ر به‌كاربهێنرێت كه‌ ببێته‌ هۆى ناڕه‌حه‌تى هاووڵاتییان.

دووه‌م/ نابێت وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان له‌و شوێنانه‌ى كه‌ ڕێگه‌ دراوه‌، به‌ ماده‌یى لێكده‌ر وه‌ك (له‌زگه‌ یان غه‌ره‌) لێبدرێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌ڵبواسرێت، یان له‌سه‌ر ستاند له‌ شوێنیك دابنرێت كه‌ ڕێگا نه‌گرێت، هەروەها بەکارهێنانى قوم، لم ، چیمەنتۆ بۆ ڕاگرتنى دروشم و پۆستەر و وێنەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

سێیه‌م/ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ چوار ڕێییان و ترافیك لایته‌كان وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان لێبدرێت.

چواره‌م/ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و پۆسته‌رى كاندیدان له‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان، نه‌خۆشخانه‌، قوتابخانه‌كان، هتد.. بدرێت.

پێنجه‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت پۆسته‌ر و دروشمه‌كانى تایبه‌ت به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر دیوار و شوێنه‌ گشتییه‌كان وه‌ك (مزگه‌وت، كلێساكان، شوێنه‌ پیرۆزه‌ ئاینییه‌كان و شوێنە کەلتوورى و مێژووییەکان) هه‌ڵبواسرێت.

شه‌شه‌م/ نابێت پارك و باخچه‌ گشتییه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بەکاربهێنرێت.

حه‌وته‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و تابلۆى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ (قه‌دى داره‌كان، دوورگه‌ى ناوه‌ندیی شەقامەکان) دابنرێت و وێنه‌ و دروشمى کاندیدان له‌ دارى باخچه‌ و پاركه‌كان بدرێت.

هه‌شته‌م/ له ‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن نابێت ئۆتۆمبێلى حكوومى (میرى) به‌كاربهێنرێت.

نۆیه‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ پێدارو نییه‌ ڕسته‌ى ئاڵاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ستوونى ڕۆناككه‌ره‌وه‌ى شه‌قامه‌كان و هێماکانى هاتوچۆ لەناو شار و دەرەوەى شار و بەردەم کامێراکانى چاودێرى هه‌ڵبواسرێت.

ده‌یه‌م/ له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكى سه‌رپێچى پاش دیكۆمێنتكردن، به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن پێبژاردن بۆ كاندیدان و لایه‌نه‌كان ده‌كرێت.

یازده‌یه‌م/ له‌ ڕۆژى هه‌ڵبژاردن ژوورى عه‌مه‌لیات له‌ پارێزگاى هه‌ولێر به‌ به‌شدارى نوێنه‌رى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت، له‌ ده‌ستپێكردنى پڕۆسه‌ى ده‌نگدان تا كۆتایى هاتنى پڕۆسه‌كه‌، هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك له‌ بنكه‌كانى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت ئاگادارى ژوورى عه‌مه‌لیاتى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌، پاشان له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

دوازده‌یه‌م/ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى به‌ مه‌به‌ستى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژرادن، له‌پێناو پاراستنى ئاسایشى شاره‌كه‌مان و گردبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌، ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندى لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى هه‌ولێر وه‌ربگیرێت.

سێزدەیەم/ هەر بەربژێرێک پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان، پۆستەر و بانگهێشتەکەى لەلایەن تیمەکانى شارەوانى لادەدرێت و کاردانەوەى یاسایی لەگەڵ دەکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.