Erbil 31°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 18:22

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم چاوى به‌ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا كه‌وت

100%


 لە میانەی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی (ڕێگه‌ی دادپەروەری: مامەڵەکردن لەگەڵ ئاسته‌نگه‌كان و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش و ڕۆڵی هۆڵەندا)، کە لە بارەگای دادگه‌ی دادی نێودەوڵەتی لە لاهای بەڕێوە چوو د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، چاوی به‌ کاسپێر ڤێڵد کامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا و ژمارەیەک لە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی هۆڵەندا، ئەندامانی داواکاری گشتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کەوت.
لە دیدارێکدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ هێنانەدیی دادپەروەری و پشتیوانی بۆ ئێزدییە ڕزگاربووەکان و گەیاندنی دەنگی ڕزگاربووان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان ده‌كات. جێگه‌ی خۆشحاڵیمانە تا ئێستا چەندین وڵات ڕەفتارە دوور لە مرۆڤایەتییەکانی داعشیان بە جینۆساید ناساندووە، لەوانە هۆڵەندا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمه‌ریکا، کەنەدا، یەکێتيی ئەورووپا، فەرەنسا، بەلجیکا و ئەرمینیا و ئەو هەڵوێستەی وڵاتی هۆڵەندا بە بەرز ده‌نرخێنين.
دیندار زێباری ئەوەشی خستەڕوو کە ڕزگارکردن و دووبارە شیاندنەوەی ڕفێندراوان لە كاره‌ له‌پێشینەكانى حکومەتى هەرێمە. تا ئێستا سێ هه‌زار و 579 کەس ڕزگار کراون، بەڵام هێشتا دوو هه‌زار و 596 كه‌س بێسەروشوێنن.
ڕێكخه‌رى ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر داعش و ڕزگارکردنەوەی ناوچەکان، قوربانى زۆرى داوه‌، کە ده‌گاته‌ هه‌زار و 814 شەهید، ده‌ هه‌زار و 725 بریندار. هه‌روه‌ها 44 پێشمەرگەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکە، ديندار زێبارى، دوایین ڕاپۆرتی حکومەتی ھەرێمی كوردستانى پێشکەشى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا کرد، کە ھەنگاوەکانی ھەماھەنگيی حکومەتی هەرێم لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، لەخۆ دەگرێت.

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە میانەی گوتاری خۆیدا کە لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەشی کرد، دووپاتی له‌وه‌ کردەوە کابینەی نوێی حکومەتی هۆڵەندا، بابەتی تاوانەکانی داعش بە هەند وەردەگرێت و کار لەگەڵ هاوبەشە ئەورووپاييه‌كان ده‌كات بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایيی نێودەوڵەتی دابنێن بۆ تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنیان، ئەمەش یەکێک دەبێت لە هەوڵەکانی هۆڵەندا بۆ هێنانەديی دادپەروەری بۆ قوربانیيانی دەستی تیرۆر.
هۆڵەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە گرنگییەکی زۆر بە كه‌يسى جینۆسایدی ئێزدییەکان و ناساندنی به‌ شێوه‌يه‌كى فه‌رمى دەدات و بڕیاره‌ لە مانگی تشرینی یەکەمی ئه‌مساڵ دادگاییکردنی یەکێک لە تۆمەتبارانی بەشداربوو لە تاوانەکانی داعش لە هۆڵەندا بەڕێوە بچێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.