ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە ئامادەکاریى بۆ وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ و چارەسەرییەکانى كێشە و گرفتەکانى ئاو لە هاویندا ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ و ئامادەكارییەكانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و گرفتێک، سەرجەم فەرمانگەكانی ڕاسپێردران بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ و پێویست و ئامادەكاریی زیاتر بە مەبەستی ڕێگریكردن لە هەر حاڵتێکى نەخوازراو و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنەوەى ئاوی زیادە.
بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار لەبارەى دابینكردنی بودجەیەكی پێویست و دووبارە پاککردنەوەى چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان لە شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی شارى هەولێر و کەند و رێڕەوى سروشتى ئاوى باران و دروستكردنی تیمی فریاگوزاری دران.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر وێڕاى ئەوەى جارێکى تر دەستخۆشی لە تیمەکان کرد، سوپاسی هاووڵاتییان و هاوشاریانى پارێزگاى هەولێرى کرد کە هاوکار و هەماهەنگی تیمەکانى حکوومەت بوونە و هەموو ئەو پڕۆژە و کارانەى حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا و بەر لە وەرزى بارانبارین لەپێناوى ڕوونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى و چارەسەرکردنى گرفتى کەمئاوى شارى هەولێر ئەنجامدراون بەرزنرخاند.
ئەمە لەكاتێكدایە كە بەگوێرەی پێشبینییەكانی كەشناسی، سبەی هەینی لە هەرێمی كوردستان وەرزی بارانبارین دەست پێ دەكات و لە ناوچە جیاجیاكان باران بە ڕێژە و كاتی جیاواز دەبارێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.