شارەزایەكی كەشوهەوا پێشبینی وادەی یەكەم شەپۆڵی بارانبارینی لە هەرێمی كوردستان دیاری كرد و تێیدا ئاماژەی بەوە دا كە دووسبەی هەینی لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم باران دەبارێت.
هەڤاڵ سدیق گالۆزی شارەزای كەشوهەوا رایدەگەیەنێت: لە سبەی پێنجشەممەوە بەهۆی هاتن و کاریگەری نزمە پەستانی ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست، حاڵەتێکی کەشوهەوای ناسەقامگیر ڕوو لە وڵاتانی شام و كوردستان دەكات، بەهۆیەوە یەکەم بارانبارینی پایزی ئەمساڵ لەو ناوچانە دەست پێ دەکات و کاریگەری ئەو شەپۆڵەش دەگاته ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان.
راشیگەیاند: پێشبینی دەکرێت لەدوای نیوەڕۆی سبەی پێنجشەممەوە ئاسمان لە نیمچەهەور بگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ناسەقامگیری کەشوهەوا لە ناوچەكانی هەرێمی کوردستان دروست ببێت.
هەروەها رایگەیاند: ڕۆژی هەینی چەقی شەپۆڵە بارانبارینەکە فراوانتر دەبێت و باران بە بڕ و جۆری جیاواز لە ئێوارەی ئەو رۆژە بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بەتایبەت لە هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و هەڵەبجە و ڕاپەڕین.
ئاماژەی بەوەش دا، پێشبینی دەکرێت زۆرترین بڕی باران لەم شەپۆڵەدا لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک ببارێ بەتایبەت لە ئاکری، ئامێدی، سەرسەنگ، دینارتە، باتیڤا، دێرەلووك و شیلادزی.
هەروەها لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش بڕێکی باشی بارانی مامناوەند بۆ بارانی بەخوڕ دەبارێت، تەنانەت لە هەندێك شوێن ئەگەری کۆبوونەوەی ئاوی لێ دەکرێت بەتایبەت لە شوێنە نزمەکان .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.