Erbil 15°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 14:45

لە پاكستان نرخی گوێدرێژ كێبەڕكێی مسقالی زێڕ دەكات

کوردستان TV
100%

نرخی گوێدرێژ لە پاکستان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە 1000 دۆلار، هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ نرخی گوێدرێژ لەم وڵاتە چییە؟

بەگوێرەی ڕۆژنامەی (ئێکسپرێس تریبیون) لە پاکستان، نرخی گوێدرێژێک لە پاکستان گەیشتووەتە 300 هەزار ڕوپیەی پاکستانی (1078 دۆلار).

ئەم بەرزبوونەوەیەی بەرچاوەی نرخی گوێدرێژ لە پاکستان وایکردووە کڕیارە ناوخۆییەکان نەتوانن ئەو ئاژەڵە بکڕن.

 ڕۆژنامەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە کە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گوێدرێژ لەم وڵاتە بەرزبوونەوەی خواست لە چین بووە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت: لە پێستی ئەم ئاژەڵە لە چین ماددەیەکی جەلاتین بەرهەم دەهێنرێت کە پێی دەگوترێت (ئاجیاو)، بە هۆی خاسیەتەکانی چاککەرەوە و شێدارکردن، لە هەندێک بەرهەمی جوانکاری وەک کرێمی دژە چرچ، ماسکی دەموچاو و لۆشنی شێدارکەر بەکار دەهێنرێت و تەنانەت لە ئامادەکردنی هەندێک خواردنیشدا بەکار دەهێنرێت.

دەگوترێت ئەم ماددەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ نوێکردنەوەی پێست و بەهێزکردنی پتەویی و نەرمی، هەروەها بۆ باشترکردنی خوێن، بەرزکردنەوەی ئاستی وزە، چارەسەری کەمخوێنی و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری بەکار دەهێنرێت.

پاکستان بە سێیەم وڵات دادەنرێت لە ڕووی زۆری ژمارەی ئەم ئاژەڵە لە جیهاندا كە ژمارەیان 5 ملیۆن گوێدرێژە.

بەگوێرەی رێکخراوی پەناگەی گوێدرێژ لە نێوان ساڵانی 2013 و 2016، بەرهەمی ساڵانەی ئاجیاو لە چین لە 3200 تەنەوە بۆ 5600 تەن بەرزبووەتەوە، کە ساڵانە ٪20 زیادی كردووە.

ڕاپۆرتەکانی پیشەسازی هەروەها دەریدەخەن کە بەرهەمی ئاجیاو لەنێوان ساڵانی 2016 و 2021 دا 160٪ زیادی کردووە.

پێشتر پەناگەی کەر لە بەریتانیا نیگەرانی خۆی دەربڕیبوو و گوتبووی "گەشەسەندنی بازرگانی پێستی گوێدرێژ لە چین بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی ئەم ئاژەڵە".

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.