ئەمڕۆ سێشەممە 9/10، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کاتی بونکا، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی باڵیۆزی کەنەدای کرد بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە کردووە و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
باڵیۆزی کەنەدا خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بواری بازرگانیدا. لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە دا کە شاندێکی کۆمپانیاکانی کەنەدا تایبەتمەند لە کەرتی کشتوکاڵی، بڕیارە لە پاییزی ئەمساڵدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها دۆخی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تاووتوێ کرا و ئاماژە بە گفتوگۆکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی هەردوو ئەنجومەنی ئابووريی فیدراڵ و هەرێم لە هەولێر کرا. هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر گرنگی و پێویستیی بەردەوامبوونی ئەو گفتوگۆ ڕاشکاو و بنیاتنەرانە لە نێوان بەغدا و هەولێر، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و قەوارەی فیدراڵيی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.