Erbil 21°C شەممە 23 تشرینی دووەم 12:22

سەرۆكی حكوومەت: پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ماوەی 30 ساڵ كێشەی كەمئاوی لە هەولێر چارەسەر دەكات

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ یه‌كشەممە 9/8، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر دانا. لە گوتارێكدا ئاماژەی بە كێشەی كەمئاویی هەولێر كرد و ئەوەی ڕوون كردەوە كە پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر، تا نزیكەی 30 ساڵی دیكە كێشەی كەمئاوی لە هەولێر ناهێڵێت. هەروەك ئاماژەی بەوەش كرد كە بڕیاریان لەسەر پرۆژەیەكی دیكەی راكێشانی ئاو لە زێی بچووكەوە بۆ سنووری قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری داوە. بە پێویستیشی زانی هاووڵاتییان هۆشیار بكرێنەوە بۆ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ نەدرێت. هەروەك ئەوەشی خستەڕوو كە داوایان كردووە هەرچی زووترە كار لەسەر پرۆژەی ریسایكلینی ئاو بكرێت بۆ پاككردنەوەی ئەو ئاوەی لە هەولێرەوە دەردەچێت.

دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەت:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا، زۆر زۆر بەخێر بێن.

زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەین بۆ دانانی بەردی بناخەی یەكێك لە پێویستترین و گرنگترین پرۆژەكانی كوردستان. شاری هەولێری پایتەخت چەندەها ساڵە لە وەرزی هاویندا كێشەی كەمئاوی هەیە. چەندین ساڵە بڕیار بوو كە كۆمپانیایەكی بیانی پرۆژەی ئیفراز چوار جێبەجێ بكات، بەڵام تا ئێستا ئەو كۆمپانیایە نەیتوانیوە بەپێی گرێبەست، هەنگاوی كردەیی بۆ دەستپێكردنی پرۆژەكە بنێت. بۆیە لەم دوو ساڵە دوای پەتای كۆرۆنا و وێڕای هەموو گرفت و كۆسپەكان و دۆخی سەختی ئابووری، دامودەزگاكانی پەیوەندیدارم راسپارد كە لە زووترین كاتدا ڕێگەچارەیەك بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە. بۆیەش لە دوا هەنگاودا بڕیارم دا كە ئەم بابەتە چیتر دوانەكەوێت و داوام كرد ئەم پرۆژەیەی ئێستا وەك پرۆژەیەكی فریاگوزاریی خێرا بۆ چارەسەری كێشەی كەمئاویی پایتەخت دەست پێ بكات.
لە نزیكەوە ئاگاداری خەمی هاووڵاتیانی چەندین گەڕەكی هەولێر بووم كە گرفتی كەمئاوییان هەبوو. پارێزگا و شارەوانییەكان هەموو هەوڵێكیان دا تاكوو بە ڕێگەی جۆراوجۆر ئاو بۆ ئەم گەڕەكانە دابین بكەن. بەداخەوە هەندێك لایەن هەوڵیان دا كە كێشەی دەیان ساڵە و نەهامەتییەكانی خەڵك بكەن بە كەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی. كێشەی كەمئاوی بە چەند تەنكەرێكی ئاو چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو پێویستە پرۆژەیەكی وەك ئەمە بخرێتە گەڕ كە ئاوی زێی گەورە بگەیەنێتە شاری هەولێر.

ئەم پرۆژەیە بە قەبارەیەك ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر كە تا نزیكەی 30 ساڵی دیكە، هەولێر كێشەی كەمئاوی نامێنێت. داوام كردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەكەكانیش رێك بخرێتەوە، تاكوو بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، بتواندرێت ئاو بە هەموو گەڕەكەكانی هەولێر بگەیەندرێت.
هەروەها بڕیارم داوە پرۆژەیەكی دیكەی ئاو بۆ سنووری قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری دەستپێبكرێت، كە ئاو لە زێی بچووك دەگەیەنێتە ئەو دەڤەرە. بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانەش، بە سەدان بیری ئاو دادەخەین، ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی. هەروەها داوام كردووە هەرچی زووترە كار لەسەر پرۆژەی ریسایكلی ئاو، واتە بەكارهێنانەوەی ئەو ئاوە بكرێت كە لە شاری هەولێر دەردەچێت، بەم جۆرەش هەم ڕێگە لە پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێرزەوی دەگرین، هەمیش ئەو ئاوە بۆ بواری پاك و سەوزایی بەكار دێتەوە.
ئێمە هەست بە كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر دەڤەرەكەمان دەكەین، بۆیەش لەپێناو پاراستنی سامانی ئاو و ژینگەمان، دەستمان بە دروستكردنی چەندین بەنداو بە قەبارەی جیا كردووە و لەم هەنگاوانەش بەردەوام دەبین تاوەكوو بە گلدانەوەی ئاو، بتوانین پەرە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بدەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت پەرە بە كەلتوور و هۆشیاریی چۆنیەتیی بەكارهێنان و پاراستنی ئاو بدەین. بەداخەوە ڕێژەی بەكارهێنانی ئاو بۆ یەك تاكەكەس لە هەرێمی كوردستاندا زۆر لە ڕێژەی ستانداردی نێودەوڵەتی زیاترە. بۆیە دەبێت سیستەمی پەروەردە و ڕێكخراوەكانی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی خۆیان لەم بوارەدا ببینن و خەڵكی رەچاوی ئەوە بكەن كە زیادەڕەوی لە بەكارهێنانی ئاودا نەكەن.
بەڕێزان ئەم پرۆژەیە بە سوپاسەوە لە لایەن كۆمپانیای باوەڕپێكراوی ناوخۆ واتا (هێمن گرووپ) جێبەجێ دەكرێت كە تا ئێستا كارەكانیان لە ڕووی خێرایی و كوالێتی جێگەی پەسەند بووە. تا ئێستا خۆم دووجار لەگەڵیان دانیشتووم و بەدواداچوونی دیزایین و چۆنیەتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكەم كردووە و بەردەوامیش دەبم لە بەدواداچوونی كارەكانی ئەم پرۆژە گرنگە، لەو باوەڕەشدام كە لە كاتێكی گونجاودا ئەم پرۆژەیە دەخرێتە خزمەتی پایتەختی هەرێمی كوردستان.
ئێستاش كە لە ڕێگە دەهاتین، من ئەم هەموو ئامێرانەم بینی، دەزانم كە بە شێوەیەكی بێوێنە كۆمپانیای (هێمن گرووپ) دەستی داوەتە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات بتوانین كێشەی كەمئاویی هەولێر جێبەجێ بكەین و ئەو پرۆژەیە ئینشائەڵا لە ماوەیەكی كورتدا تەواو دەبێت و خەڵكی هەولێری خۆشەویست سوودمەند دەبن لە بەكارهێنانی ئاو و چیتر خەمی كەمئاوییان نابێت.
جارێكی دیكە سوپاسی هەموو ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دەكەم، هەر سەلامەت و تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.