Erbil 24°C شەممە 28 ئەیلوول 07:23

وەزیری دارایی بۆ سەعدی پیرە: لە بێ خەبەران کەشکەک سڵاوات

کوردستان TV
100%

وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە توندی وەڵامی گوتەبێژی یەکێتی دەداتەوە سەبارەت بە دەنگۆی دواکەوتنی مووچە و دەسەڵاتەکانی وەزارەتەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا، وەزیری دارایی لە وەڵامی لێدوانەكانی سەعدی پیرە دەڵێت "ئەو کاکەیە بێخەبەرە'' و زانیاری ناڕاستی پێدراوە.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ڕایگەیاند: قسەیەکی کوردی هەیە دەڵێت "لە بێ خەبەران کەشکەک سڵاوات''، بەداخەوە ئەو کاکەیە سەعدی پیرە بێ خەبەرە، چونکە جارێ نە ئاواتی شێخ جەناب خاوەنی لەشکر و هێزە، نە وەزارەتی دارایی هێزی هەیە. لای ئێمەش ناو زیاد ناکرێت، ئێمە پەیوەستین بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و یەک ناوی زیادە نانێرین، لەبەرخاتری چەند ناوێکی حزبی و کەسی مووچە و قووتی خەڵک بخەینە غەرغەرەوە. بۆیە پێشموایە دەبێت بە کاک سەعدی بڵێین "سیحەتت باشە؟" چونکە وانیە.

ڕۆژی 28ی مانگی رابردوو سەعدی پیرە گوتەبێژی یەکێتی، لە وتوێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتبووی: یەکێتی نەبووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە و زیادکردنی ناوی نوێ بۆ لیستی مووچە. ڕاشگەیاند: لیستی مووچە وەزارەتی دارایی خۆی سەرپەرشتی دەکات و ئێمە بێبەرین لەو کارە، هاوکات ئەوە پارتییە وازناهێنیت لە زیادکردنی ناوی نوێ.

هاوکات گوتەبێژەکەی یەکێتی وەزارەتی دارایی بە لەدەسەڵات داماڵینی ئیدارەی سلێمانی تۆمەتبار کرد.

لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب گوتی: بەداخەوە گوتەبێژی یەکێتی ئاگاداری وردەکارییەکانی کێشەکە نییە یان ئەو کەسانەی ئەو زانیارییەیان بۆ کاک سەعدی گواستووەتەوە ڕەنگە ڕاستگۆ نەبووبن.

لە وەڵامی تۆمەتبارکردنیشی لەلایەن گوتەبێژی یەکێتی بەوەی دەسەڵاتیان لە پارێزگای سلێمانی وەرگرتووەتەوە، وەزیری دارایی ڕایگەیاند: زۆر سەیرە گوتەبێژ هاتبێت بۆ چاوپێکەوتن، بەڵام خۆی ئامادە نەکردبێت، پێویستبوو پێش چاوپێکەوتنەکە کاک سەعدی هیچ نەبێت پرسیاری لە پارێزگار و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان و وەزیرەکانی حزبەکەی بکردایە، ئەوسا بۆی دەردەکەوت کە ئێمە دەسەڵاتمان لە سلێمانی وەرگرتووەتەوە یان پێچەوانەکەی ڕاستە. ئەوەی لەماوەی ئەم 5 ساڵە ئێمە لە وەزارەتی دارایی بۆ هەماهەنگی نێوان پارێزگا و قەزا و ناحییەکان و وەزارەتەکان و نەهێشتنی جیاوازی و نادادپەروەری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کردوومانە لە هیچ کابینەیەک نەکراوە، بۆیە دیسانەوە بە کاک سەعدی دەڵێم "سیحەتت باشە ڕەئووف؟".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.