Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:55

چاودێرێکی سیاسی: دەستبەسەرداگرتنی دەزگەی چاودێر لە سلێمانی پێشهاتێکی مەترسیدارە

کوردستان TV
100%

لە کاردانەوەیەکدا لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی دەزگەی چاودێری مەلا بەختیار لە سلێمانی، چاودێرێكی سیاسی رایدەگەیەنێت کە ئەو کردارە پێشهاتێکی مەترسیدارە و  پێچەوانەی بەها دیموکراسییەکانە.

رۆژهات پشدەری بە ماڵپەری (کوردستان تیڤی) راگەیاند: دەستبەسەرداگرتنی دەزگەی چاودێری مەلا بەختیار، تەواوی پرسی ئازادی ڕادەڕبرین و دیموکراسی خستۆتە بەردەم پرسیار و پێویستە رێکخراو و کۆمەڵگەی مەدەنی بێ دەنگ نەبن.

پشدەری گوتیشی: سەرانی یەکێتیی نوێ، دۆخی سلێمانییان تەواو ئاڵۆز کردووە و بە سەربازیکردنی هێزی دەمامکدار، بووەتە هۆی تۆقاندن و ڕفاندنی چالاکوان و خەڵکی کاسبکار.

ئەم چاودێرە سیاسییە هەروەها ئاماژەی بەوەش دا: هەر کەسێک کە خاوەنی خەباتی دوور و درێژی یەکێتی بێت، بەڵام پابەندی فەرمانەکانی مافیاگەریی سەرانی یەکێتیی بە ناو نوێیەکە نەکات، ئەوها دەکەوێتە بەر پەلامار و نکۆڵیکردن.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 5 هێزێکی کۆماندۆی یەكێتی چوونە سەر بارەگای سیاسەتمەدار و رۆشنگەری مەلا بەختیار و دەزگای رۆشنگەریی چاودێر و بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران لە پارێزگای سلێمانی.

بۆ ئەم مەبەستە دەزگای رۆشنگەریی چاودێر لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند "هێزەکە پاسەوانەکانی دەزگای چاودێریان ئینزن داوە و دەستیان بەسەر تەواوی کەلوپەلی دەزگاکەدا گرتووە".

هەروەها رایگەیاند: ئێمە وەکو تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە دەکەین و ئەم کارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ سەر ئازادی نووسین، ئازادیی بیروڕا، ئازادی ویژدان دەزانین.

لای خۆشییەوە مەلا بەختیار ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەكێتی ئاشكرای كرد كە پاڤڵ تاڵەبانی و هێزە سەربازییەكانی پلانیان داڕشتووە بێنە سەر ماڵەكەم لە خانەقین و دەستبەسەر تەواوی موڵك و ماڵەكەمدا بگرن.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.