لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە چەند یاریگایەكی یاریی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بە ستاندارد و پێوانەی جیهانی لە سۆران و رواندز و سیدەكان و مێرگەسۆر دروست دەكرێن.
هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە (كوردستان تیڤی) راگەیاند: مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری و پاڵپشتییەكی ڕاستەوخۆی وەرزشوانانە لە تەواوی هەرێمی كوردستان و سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
ئاماژەی بەوەش دا: ئەو یاریگا نێودەوڵەتییەی لە سۆران دێتە دروستكردن، لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیتاڵی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کوردستانی دروست دەكرێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راشیگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە لێژنەی دروستکردنی یاریگای نێودەوڵەتی سەردانی شاری سۆرانی کردووە بۆ ئەوەی یاریگاكە پێ بە ستاندارد و پێوانەی جیهانی دروست بكرێت.
هەروەها رایگەیاند: جگە لە سۆران، یاریگەكانی تۆپی پێ لە شارۆچكەكانی دیكەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست دەكرێن.
هەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بەوەش دا، یاریگاكەی ڕواندز لە قۆناخی تەواو بووندایە، لە سیدەكانیش دەست بە دروستكردنی یاریگایەكی نوێ دەكرێت، ئەوەی سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆریش كە هەیە نۆژەن دەكرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.