جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و بەربژێری دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی، بەڵێنی دا ئەگەر لە هەڵبژاردنەكان سەركەوتن بەدەستبێنێ، هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ڕاگرتنی جەنگ لە غەززە لەنێوان سوپای ئیسڕائیل و چەكدارانی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی.
كامالا هاریس بەربژێری دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكی ئەمەریكا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: پابەندبوونی من بۆ پاڵپشتیكردنی ئیسڕائیل و بەرزكردنەوەی توانای بەرگریی روون و ئاشكرایە و بەهیچ شێوەیەك ناگۆڕێ، بەڵێ ئیسڕائیل بەهەموو شێوەیەك مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بكات لە هەر هێرشێك بكرێتە سەری.
گوتیشی: دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆز و نائارامە و پێویستە رێككەوتنێكی بەپەلە ئەنجام بدرێت بۆ راگرتنی جەنگ لە كەرتی غەززە.
هەروەها گوتی: پێویستە جەنگ لە غەززە رابگیرێت و دیلەكانیش ئازاد بكرێن، بۆ ئەمەش پێویستە رێككەوتنێكی گونجاو لەنێوان هەردوو بەرەی جەنگ سوپای ئیسڕائیل و چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس بكرێت.
كامالا هاریس ئاماژەی بەوەش دا كە ئەمەریكا بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ تەشەنەنەكردن و راگرتنی جەنگ، چەند رۆژێك پێش ئێستاش كۆبوونەوەیەكی فراوان لە دۆحەی پایتەختی وڵاتی قەتەڕ ئەنجامدرا و لێكنزیكبوونەوەی باش لەنێوان لایەنەكان كراوە.
بەربژێری دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمەریكا بەڵێنیشی دا ئەگەر لە هەڵبژاردن سەركەوتن بەدەستبێنێ، هەموو هەوڵێك دەدات بۆ نزیكبوونەوەی هەردوو لایەنی ئیسڕائیل و فەڵەستین و رێككەوتنیان بۆ راگرتنی جەنگ و توندوتیژییەكان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.