حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە بە ئاراستەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ھێرشیان کردووەتەوە سەر بارەگایەکی سەربازیی لە باکووری ئیسرائیل.
حزبوڵڵای لوبنان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئاراستەی بارەگای لیوای ڕۆژئاوا لە باشووری جوولەکەنشین یەعرا باکووری ئیسرائیل کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە ھێرشەکە بە وردی ئامانجەکەی پێکاوە.
باسی لەوەش کردووە کە ھێرشەکەیان لە وەڵامی ئەو دەستدرێژییەی سوپای ئیسرائیل ئەنجامداوە کە شەوی ڕابردوو کرایە سەر شاری بەعلەبەک ڕۆژھەڵاتی لوبنان.
پێشتر ئاژانسی ھەواڵی فەرمی لوبنان بڵاوی کردبوویەوە کە بارھەڵگرێک لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی لە باکووری شاری بەعلەبەک ڕۆژھەڵاتی لوبنان، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە.
ھاوکات وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە لە ئاکامی بۆردومانەکەدا، کەسێک برینداربووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.