Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 17:48

پارێزگاری هەولێر: ليژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆكارى ئاگر کەوتنەوەکەی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێل و خەمڵاندنی زیانەکانی پێکهێنراوە

کوردستان TV
100%


دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ئاگر لە دوکانەکانی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێل لە سەر شەقامى 60 مەترى هەولێر کەوتەوە و بەشێک لە دوکانەکان سووتان، ئەمڕۆ سێشەممە 2024.8.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە زەرەر و زیانەکانى ئاگرکە و ڕەوشى بازاڕەکە دواى ڕووداوەکە، بە یاوەرى  ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی دیكه‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، شوێنى ئاگرکەوتنەوەکەى بەسەرکردەوە.
دواى بەسەرکردنەوەى بازاڕەکە، دەستخۆشى لە هێزەکانى (پۆلیس، ئاسایش، تەندروستى و بەرگرى شارستانى، پۆلیسى هاتووچۆ) کرد کە دەستبەجێ گەیشتوونە شوێنى ڕووداوەکە و کارەکانیان بە ڕێک و پێکى ئەنجامداوە، پاشان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "هیچ زیانێکی گیانی لە ئاگرەکەی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێل نەبووە و دەستخۆشى لە سەرجەم تیمەکان دەکەین بە تایبەتى تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، کە دەم و دەست گەیشتوونە شوێنى ڕووداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و ڕیگەیان نەداوە زیاتر تەشەنە بکات"، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، هۆی ئاگر کەوتنەوەکە تا ئێستا دیار نییە و بۆ ئەو مەبەستەش ليژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆكارى ئاگر کەوتنەوەکە و خەمڵاندنی زیانەکانی پێکهێنراوە و دەست بە خاوێنکردنەوەی بازاڕەکە کراوە.
گوتیشی: "بازاڕەکە سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی هەبووە بەڵام کارى نەکردووە، لەوبارەیەشەوە لێکۆڵینەوە دەکرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت سیستەمەکە بۆچى کاری نەکردووە و کەمتەرخەمیەکانیش دیارى دەکرێت". 
جێگەى باسە، شەوى ڕابردوو ئاگر لە بەشێکی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر کەوتەوە و بە هۆیەوە کەلوپەلەی چەند کۆگا و دوکانێک سووتان، بەڵام سوپاس بۆ خودا کە هیچ زیانیانێکى گیانى لێنەکەوتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.