نووسه‌ر كنێر جه‌میل: نووسین بۆ منداڵ زۆر سه‌ختتره بۆ نووسین بۆ گه‌وران
نووسه‌ر شاعیر خاتوو(كنێر جه‌میل حه‌سه‌ن)، له‌ناوچه‌ی هه‌ریری پایته‌ختی خانزادی سۆران له‌دایك بووه و له به‌ره‌بابی مه‌لا خهیلانییهكانی ڕواندزین.
كنێرخان قه‌ڵه‌مێكی جوانی بواری ئه‌ده‌به خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی چاپكراوه، به‌هۆی هه‌ڵوێستی كوردانه‌ی له سه‌رده‌می به‌عسدا چوار جار گیراوه جاری چواره‌می له‌ساڵی 1989 بووه، دواتر له‌گه‌ڵ پۆلێك تێكۆشه‌ری دیكه‌ی كوردستان حوكمی ئیعدامان بۆ ده‌رده‌چێت و پاشان حوكمه‌كه‌یان سووك ده‌كرێت بۆ حوكمی هه‌تا هه‌تایی، ئینجا له‌دوای ڕاپه‌ڕین و له میانه‌ی گتفوگۆی به‌ره‌ی كوردستانی له‌گه‌ڵ رژێم ئازاد كرا و له ئێستادا له هه‌نده‌ران ده‌ژیت، وه‌كو چالاكوانێك له به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی كاریكردووه بۆ ئاگاداربوون له ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی به‌چه‌ند پرسیارێك به‌سه‌رمان كرده‌وه.
هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس
* سه‌ره‌تا بابگه‌ڕێنه‌وه سه‌رده‌می منداڵی خۆت چی وای له‌تۆ كرد له بواری منداڵان بنووسیت؟
- هه‌ڵبه‌ته قۆناغی منداڵی خۆشترین و پاكترین قۆناغی ژیانمانه، بۆیه كاتێك گه‌وره ده‌بین هه‌ر ئاخ و ئۆف و حه‌سره‌ت بۆ ئه‌و قۆناغه ده‌خوازین و حه‌زده‌كه‌ین بۆی بگه‌ڕێینه‌وه، ئیدی هه‌ر یه‌كه‌و به‌شێوه‌یه‌ك بۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، نووسینیش بۆ منداڵان ده‌كه‌وێته ئه‌و چوارچێوه گه‌ڕانه‌وه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه و به‌كارهێنانی هه‌مان زمان، كارێكی سه‌خته، بۆیه نووسین به زمانی منداڵان یان نووسین بۆ منداڵ زۆر سه‌ختتره بۆ نووسین بۆ گه‌وران، چونكه مرۆڤ پێ به‌پێی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن، زمانه‌كه‌شی هه‌ڵده‌كشێ، یان بابڵێین له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی هه‌نووكه‌یی ده‌گونجێ، بۆیه ڕاستریین نووسین ئه‌وه‌یه خۆت تێیدا بی و به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه هه‌ستی پێبكه‌ی. زمانی ئه‌ده‌بی منداڵانیش هه‌روه‌هایه، چونكه هه‌موومان تێێدا بووین، به‌ڵام ئایا كاتێك كه گه‌وره‌یه‌ك بۆ ئه‌و زمانه و جیهانی ئه‌وكات ده‌گه‌ڕێته‌وه و پێی ده‌نووسێ، ئه‌وه پرسێكی گه‌وره‌یه.
* كه‌ی ده‌نووسیت ،كاتێكی دیاركراوت هه‌یه بۆ نووسین؟
- نووسین بۆ تاكی كورد تا ئێستا نه‌بووه‌ته پیشه‌یه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه پیشه‌یه‌ك پێی بژی و ژیانی سه‌رتاسه‌ری بۆ ته‌رخان بكات، بۆیه وه‌ك هه‌ر نووسهرهێكی دیكه‌ی كورد، ده‌بێ له كاتی تایبه‌تی خۆت بگرێته‌وه، ئه‌وسا چ به ڕۆژ بێ یان به شه‌و به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتن و ده‌رفه‌ت هه‌بوون.
* تۆ له بواری نوسینی گه‌ورانیش ده‌نووسیت جیاوازی نووسین له نێوان ئه‌ده‌بی گه‌وران و ئه‌ده‌بی منداڵان هه‌یه؟
- بێگومان جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه، هه‌ر جیاوازییه‌كه‌ش وای لێده‌كا زه‌حمه‌تتر بێ، ئه‌وسا زهحمهتییهكهش دوو سه‌ره‌یه، هه‌م له‌باره‌ی زمانه‌وه‌یه، چونكه زمانی منداڵان جیاوازه له هی گه‌وران، هه‌روه‌ها له‌ڕووی په‌یامیشه‌وه، چونكه په‌یامه‌كه‌شیان بۆ یه‌ك نابێت.
ئه‌گه‌ر هه‌ندێك جار په‌یامه‌كه‌ش وه‌ك یه‌ك بێ، ئه‌وا ده‌بێ جیاوازییه‌كی ته‌واو له شێوازی ده‌ربڕیندا هه‌بێ. بۆیه پێویسته نووسه‌ری منداڵان زۆر باس خۆی له‌گه‌ڵ قۆناغی كاتی خۆی بگونجێنێ، واته له‌گه‌ڵ زه‌مانی منداڵیی خۆی و بتوانێ به زمانێك بنووسێ كه ئاڵۆز و تێكه‌ڵ و قوڕس نه‌بێ تا منداڵ به‌ئاسانی لێی تێ‌بگا.
* تا چه‌ند چیرۆك گێرانه‌وه بۆ منداڵان گرنگه به‌تایبه‌تی له‌وسه‌رده‌مه‌ی ته‌كنه‌لۆژیایه‌دا؟
- به‌ڵێ بێگومان زۆر گرنگه. چیرۆك گیڕانه‌وه ئامراز ێكی ههرهكاریگهره بۆ پرسی په‌روره‌رده، ئه‌وسا په‌روه‌رده بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه له دواڕۆژدا ببێته تاكێكی به‌سوود بۆ كۆمه‌ڵگا. ئاشكرایه دینه‌كانیش په‌نایان بۆ چیرۆك بردووه، بۆ ئه‌وه‌ی حیكمه‌تی خۆیان به‌گوێی هه‌وادار و لایه‌نگرانیان دابده‌ن.
گێڕانه‌وه و شێوازی چیرۆكئامێز له‌و ته‌مه‌نه ساوایه‌ی مرۆڤدا، تاكه شێوازێكه كه شت لای منداڵ شیرین بكرێ. بێگومان هه‌موو كه‌سێكیش كاتێك به شێوه‌یه‌كی سروشتی و سه‌لیقه‌یی زمانی دایكی فێرده‌بێ، زیاتر له‌و چیرۆكانه فێرده‌بێ كه بۆ منداڵه‌كه ده‌گێڕدرێنه‌وه.
*یه‌كێك له كتێبه‌كانت به‌ناوی (چیرۆكی دیۆكیۆمێنتاری) یهچیرۆكهكانی ئه‌م كتێبه باسی چی ده‌كات؟
-له‌م كتێبه‌م دا به له چیرۆكێكی راسته‌قینه‌ی ژیانی كچێكی جوانی شاری هه‌ولێره كه‌له زیندانی به‌عس له‌گه‌ڵ من زیندانی كرابوو ،باس له خۆڕاگری ئه‌و كچه قاره‌مانه ده‌كات.
* ئاستی چیرۆك نووسیانی كوردستان چۆن ده‌بینیت؟
- دیاره چیرۆك له‌مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیدا مێژوویه‌كی قووڵی هه‌یه و و له‌دوای شیعره‌وه دێت، هه‌ندێك جار شیعریش وه‌ك ئامرازێك بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك پێكهێنراوه، خۆ ئه‌وه‌ش هه‌یه هه‌موو ژانرێكی نووسین، ئه‌وسا شێعر بێ یان داڕشتن یان لێكۆڵینه‌وه یان هه‌رشتێك ئه‌وا چیرۆكێكی خۆی هه‌یه، كه‌واته بیرۆكه‌ی چیرۆك چه‌قی بازنه‌یه و ژانره‌كانی دیكه‌ی وه‌ك بازنه‌یه‌ك به‌ده‌وردا ده‌سووڕێنه‌وه.
*پرۆژه‌ی نوێت هه‌یه له بواری نووسین؟
-له ئێستادا خه‌ریكی نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی ژیانی زیندانی خۆمم به‌شی زۆری ته‌واو بووه به‌دوای سپۆنسه‌ر ده‌گه‌رێم بۆ ئه‌وی به‌چاپی بگه‌یه‌نێم ،هه‌روه‌ها كتێبكی شیعریشم ئاماده‌یه به‌م زووانه بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.