ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە خالید موسا ئەلحنێفات وەزیری کشتوکاڵی شانشینی ئوردن کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازيی خۆراک و بەبازاڕکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی لەنێوان هەردوولا کرا.
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن سڵاو و ڕێزی شا عەبدوڵلای شای ئوردنی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و ئاماژەی بە پەیوەندیی لەمێژینە و بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن دا و ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەولێر و هەرێمی کوردستانی کرد.
سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و پشتیوانیی بەردەوامی شا عەبدوڵلا و حکوومەت و گەلی ئوردن دەربڕی کە لە قۆناخە جیاکاندا پشتگیریی هەرێمی کوردستانیان کردووە. ئامادەیی حکوومەتی هەرێمیشی بۆ زیاتر برەودان بە پەیوەنديی دوولایەنە نیشان دا.
پاشان بە چاودێری و سەرپەرشتيی سەرۆکی حکوومەت، یادداشتێکی لەیەکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن لە بواری پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی کشتوکاڵی و پیشەسازيی خۆراک واژۆ کرا، کە بڕیارە لە هەنگاوی یەکەمدا ئوردن هەندێک لە بەروبووم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم لەوانە پەتاتە، هاوردە بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.