Erbil 12°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 13:18

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە یادی ئەنفالی بادینان: ده‌بێت له‌ عێراق په‌ند و وانه‌ له‌ رابردوو وه‌ربگيرێت

کوردستان TV
100%


 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی  هەرێمی کوردستان لە 36ـەمین ساڵیادی قوربانییانی ئەنفالی بادینان پەیامێکی بڵاوکردەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 36ـەمین ساڵیادی ئەنفالی بادینان دا ڕایده‌گه‌ێنێت: ده‌بێت له‌ عێراق په‌ند و وانه‌ له‌ رابردوو وه‌ربگيرێت و مافى هه‌موو پێكهاته‌كانى پارێزراو بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين هه‌موومان پێكه‌وه‌ داهاتوويه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتوومان مسۆگه‌ر بكه‌ين.
 
دەقی په‌يامى نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ يادى ئه‌نفالى باديناندا:
 
ئه‌مڕۆ يادى خه‌مگينى (36) ساڵه‌ى ئه‌نفالى بادينان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ 25ى ئاب تا 6ى ئه‌يلوولى 1988 له‌ دوا قۆناغى ئه‌نفالدا، خه‌ڵكى سڤيل و ئاو و هه‌وا و خاك و سروشتى ناوچه‌كه‌ى گرته‌وه. سڵاو‌ له‌ گيانى پاكى (182) هه‌زار ئه‌نفالكراوى كوردستان كه‌ هه‌ر له‌ گه‌رميانه‌وه‌ تا دوايين گوندى بادينان، بوونه‌ قوربانيى تاوانه‌كانى ڕژێمى ئه‌وساى عێراق.
 
دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق ئه‌نفالى به‌ جينۆسايد و تاوانى جه‌نگ و تاوانى دژى مرۆڤايه‌تى ناساندووه‌، بۆيه‌ دووباره‌ داوا له‌ حكومه‌تى عێراق ده‌كه‌ين له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بووى كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان بكاته‌وه‌. له‌ هه‌رێمى كوردستانيش ده‌بێت باشتر خزمه‌ت به‌ كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان بكرێت و له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام بين بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به‌ جينۆسايد بناسرێت.
 
هه‌رێمى كوردستان و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى، به‌رهه‌مى گيانى پاك و خوێنى هه‌زاران شه‌هيد و فرمێسكى هه‌زاران دايكى جگه‌رسووتاو و ئه‌نفال و كيمياباران و خه‌بات و قوربانيدانى كوردستانييانه‌‌، بۆيه‌ ئه‌ركى هه‌موومانه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك پارێزگارى و به‌رگرى لێ بكه‌ين. ده‌بێت وێڕاى هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان، نيشتمان ئامانج و كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان بێت.
 
له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ عێراق په‌ند و وانه‌ له‌ ڕابردوو وه‌ربگيرێت و مافى هه‌موو پێكهاته‌كانى پارێزراو بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين هه‌موومان پێكه‌وه‌ داهاتوويه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتوومان مسۆگه‌ر بكه‌ين.
 
دروود بۆ گيانى شه‌هيدانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان. سوپاس و پێزانين بۆ خه‌ڵكى جوامێرى هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى كه‌ ئه‌و ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌ له‌ جێژنيكان به‌ هاناى لێقه‌وماوانى بادينانه‌وه‌ چوون. ميهره‌بانى و هه‌ڵوێستى نيشتمانييان هه‌رگيز له‌بير ناچێته‌وه‌.
 
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2024/8/25
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.