پارێزگاری هەولێر ئاشكرای كرد، تا ئێستا 75 هەزار زیارەتكار لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران گەیشتوونەتە هەولێر، جەختیش دەكاتەوە كە هەمو ئامادەكارییەك كراوە بۆ پێشوازیكردن لە زیارەتكاران.
ئەمشەو سێشەممە ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر بە یاوەرى نەسروڵا ڕەشنودى کونسولی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی شوێنى مانەوەى زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى ئامادەکارییەکان، سەردانى پێشانگاى هەولێرى نێودەوڵەتى کرد کە تەرخان کراوە بۆ شوێنى مانەوەیان.
لە میانەی سەردانەكەدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: یەکێک لە خاڵەکانى هاتنى زیارەتکارانى ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق لە ڕێگەى دەروازەى سنوورى نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەرانەوەیە و ئەمساڵ کە ساڵی سێیەمە، چەند ڕۆژێکە بە فەرمى پڕۆسەکە دەستى پێ کردووە.
راشیگەیاند: تاکو ئێستا 75 هەزار زیارەتکار بە چەند قۆناخێک گەیشتوونەتە هەولێرى پایتەخت و دواى ماوەیەک مانەوەیان بەڕێکەوتوون بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش دا كە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران، جەختیشی كردەوە كە تاوکو ئێستا ئامادەکارییەکان زۆر بەباشى و بەبێ کەموکوڕى و بە باشترین شێوە بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.