بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر رەتی كردەوە لەنێو گرتووخانەكان داوای كارتی بایۆمەتری دەنگدان لە هیچ سزادراوێك كرابێت.
بەڕێوەبەرایەتییەكە لە روونكردنەوەیەكدا بۆ رای گشتی رایگەیاند "سەرلەبەری ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە و دوورن لە ڕاستی کە لە چەند سایت و پەیجێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو کراونەتەوە و باس لە وەرگرتنی کارتی بایۆمەتری دەنگان دەکرێت لە سزادراوان لەنێو بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لەلایەن پۆلیسەوە".
ئاماژەشی دا "ئەو کارمەندانەی کە لەنێو چاکسازییەکانن هەموویان کارمەندی هێزی جێبەجێکارن و بە یاسای چاکسازیی بەرکار لە پەرلەمانی کوردستان ئەرک و کاریان ڕێکخراوە و سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتین".
جەختیشی كردەوە "بە هیچ جۆرێک داوای کارتی بایۆمەتری دەنگان لە سزادراوان نەکراوە".
بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر راشیگەیاند" ئەوەی هەیە ئەوەیە كە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان داوای زانیاری لەسەر ئەو سزادراو و کارماندانە کراوە کە لە ڕۆژی دەنگدان لەنێو چاکسازیدان و کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە".
داواشی لە گشت لایەک كرد "پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و دووربکەونەوە لە بڵاو کردنەوەی هەواڵی ناڕاست".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.