وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ھەڵکوتانە سەر نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەنعا پایتەختی یەمەن لەلایەن حووسییەکانەوە سەرکۆنە کرد و ھۆشداری ئەوەی دا کە ئەو کردەیە ، دەبێتە مایەی پەکخستنی پڕۆسەی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئەو وڵاتە.
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤێدانت پاتێل لە ڕایگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە وڵاتەکەی بە توندی دەست بەسەرداگرتنی نووسینگەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەنعا لەلایەن حووسییەکانەوە، سەرکۆنە دەکات.
باسی لەوەش کردووە کە ھەڵکوتانە سەر نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەنعا لەلایەن حووسییەکانەوە، پێشیلکردنی دابونەریتە نێودەوڵەتییەکانە و ڕایگەیاندووە: "حووسییەکان ڕیز لە کەمترین نەریتە نێودەوڵەتییەکان ناگرن".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھۆشداری ئەوە دراوە کە ئەو کردەیەی حووسییەکان، دەبێتە مایەی پەکخستنی پڕۆسەی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ یەمەنییەکان کە ساڵانێکی زۆرە بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنن.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا بەردەوامە لە پاڵپشتیکردن لە گفتوگۆی ئاشتی و کارەکانی نووسینگەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن .
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ھاتووە: چارەسەرێکی ھەمیشەیی بۆ ململانێی یەمەن نادۆزرێتەوە، تا ئەو کاتەی حووسییەکان بەردەوام بن لە ھێرشکردنە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان و ھەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ و گەلی یەمەن.
تا ئێستا حووسییەکان، ھیچ ڕاگەیاندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.