Erbil 18°C شەممە 21 ئەیلوول 06:17

وەزیری شارەوانی: مەسرور بارزانی بەردەوام دووپات لە بایەخدانی زیاتر بە سێكتەری ئاو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%


وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر كۆدەبێتەوە و بەدواداچوون بۆ كارەكانیان دەكات.

 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی بەدواداچوونی كارەكانیان و جەختكردنەوە لەسەر باشتر ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەر یەكە لە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر و سەرجەم سەرۆك بەش و بەرپرسی هۆبەكانی فەرمانگەكە ئامادەی بوون، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ ئیشوكاری فەرمانگەكە بە تایبەتی داواكاریی هاووڵاتییان كرد و هاوكات سەرجەم بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بەسەركردەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئاو و چۆنیەتی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان و بایەخدانی زیاتر بە تۆڕەكانی ئاو و چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەیان و نەهێشتنی ڕۆتین و داواكاریی هاووڵاتییان و چەند تەوەرێكی تر گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی قسەكانیدا ئاماژەی بە گرنگیی سێكتەری ئاو كرد و لەمبارەیەوە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە سێكتەری ئاو یەكێكە لە سێكتەرە گرنگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەوپێیەی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتییان و ئاوەدانی كوردستان، بۆیە ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دووپات لە بایەخدانی زیاتر بە سێكتەری ئاو و باشتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان دەكاتەوە، لەو چوارچێوەیەدا ساڵانە بودجەیەكی زۆر بۆ ئەو سێكتەرە خەرج دەكرێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ بەرپرسانی فەرمانگەكە جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە: دەبێت ئێوە كە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێرتان لەسەرشانە، پێویستە بەوپەڕی دڵسۆزی و گڕوتینی زیاترەوە كاروباری هاووڵاتییان ڕایی بكەن و باشتر سەرپەرشتیی پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ئاو بكەن. هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش كردووە لە مامەڵەكردنتان لەگەڵ هاووڵاتییاندا نابێت هیچ جۆرە جیاوازییەك بكرێت و  بە یەكسانی و لە چوارچێوەی یاسادا كار بكەن و هەر كەسێكیش لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدا نەبێت و كەمتەرخی بكات، دووچاری لێپێچینەوەی كارگێڕی دەكرێتەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ فەرمانگەكە، ئاماژەی بەوە كرد لە ڕابردوودا كاری زۆر باشتان كردووە و دڵسۆزانە لە خزمەت هاووڵاتییاندا بوون، بەڵام دەبێت بۆ لەمەودوا  خزمەتی زیاتر پێشكەش بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت بەهیچ شێوەیەك خزمەتكردنی هاووڵاتییان وەكوو منەتێك نیشان بدەنەوە، چونكە ئەو فەرمانگەیە ڕاستەوخۆ بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییانە دامەزراوە و دەبێت بەوپەڕی هاوسەنگی و دڵسۆزییەوە شەونخوونی لە ئاست خزمەتكردن و جێبەجێكردنی داوكاریی هاووڵاتییاندا بكەن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.