Erbil 19°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 17:57

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: لای ئێمە تەنیا سێ پاڵاوگە مۆڵەتی یاسایی هەیە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاند كە ئەوان وەك وەزارەت پشتگیری لە هەڵمەتی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان دەكەن و جەختیشی كردەوە كە تەنیا سێ پاڵاوگە لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان لای ئەوان وەرگرتووە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییان، پشتگیری لە رێکارەکانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ داخستنی پاڵاوگەی نایاساییەکان دەكەین کە بەبێ مۆڵەتی وەزارەت و لە دەرەوەی رێنماییەکان دامەزراون.

راشیگەیاند: جگە لە هەرسێ پاڵاوگەی كار و لاناز و قەیوان، ئێمە وەك وەزارەت مۆڵەتمان بە هیچ پاڵاوگەیەكی دیكە نەداوە، ئەوانیش بەپێی مەرج و رێنماییەكان كار دەكەن.

هەروەها رایگەیاند: پێدانی مۆڵەت بە پاڵاوگەکان لە ڕێگەی وەزارەت و پابەندبوون بە رێنماییەکان دەبێت، یەکێک لەوانە پێوەرەکانی پاراستنی ژینگەیە کە لایەنی ژینگەیی بەشی هەرە گرینگی رێنماییەكانە.

جەختیشی كردەوە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان، بە نووسراوی فەرمی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار کردووەتەوە كە پێویستە رێکاری یاسایی بۆ پابەندکردنی مۆلیدەكانی كارەبا و بەكارهێنانی گازی كوالێتی باش بە پێی خەسڵەتەكانی پەسەندكراوی وەزارەت بگیرێتەبەر، هەروەها بۆ رێگری لە ساخكردنەوەی بەرهەمی نایاسایی و خراپی پاڵاوگەكانیش داوا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان کراوە تاقیگە نایاساییەکان دابخەن.

لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەش دا كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان ئامادەی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.