رۆژی دووشەممە 5ی ئابی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤن هیتچن باڵیۆزی بهریتانیا لە عێراق کرد.
لەو دیدارەدا باس لە دواین پێشهات و گرژییەکانی ناوچەکە بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کرا، بیروڕا لە بارەی هەنگاوەکانی چارەسەر و هێورکردنەوەی دۆخەکە ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە ناوچەکە بەرگەی گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر ناگرێت و پێویستی بە سەقامگیری و ئاسایش هەیە.
پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و دەرئەنجامی دوایین سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق و باڵیۆز و نێردەی وڵاتان لە عێراق تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.
هەر لەم دیدارە دا بارودۆخی شنگال و پێویستی ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکە و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال خرانە بەر باس، لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی باسی لەو هەوڵ و قوربانیدانە کرد کە لە پێناو ئازادکردنی شنگال و شکاندنی تیرۆریستان دراون، کەچی بەداخەوە ئێستا چەند هێزێکی نایاسایی لەوێن کە ڕێگرن لە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا باس لە دەرئەنجامی دوایین گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هێزەکانی هاوپەیمانان کرا لەمەڕ پرسی بوونیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.