Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 07:52

هونه‌رمه‌ند عومه‌ر خدر: فۆتۆگرافه‌ری سه‌ركه‌وتوو پێش هه‌موو شتێك ئه‌بێ عیشق و سه‌لیقه‌ی بۆ كاره‌كه‌ هه‌بێت

کوردستان TV
100%


هونه‌رمه‌ند عومه‌رخدر كاكیل: ئاره‌زووی زۆرم هه‌یه‌ بۆ وێنه‌گرتنی گوڵ و گژوگیای خۆڕسكك به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی وردن و سه‌رنجی كه‌سانی ئاسایی ڕاناكێشن. 


هونه‌رمه‌ندی فۆتۆگرافه‌ر (عومه‌ر خدر كاكیل)، له‌دایك بووی گوندی سرێشمه‌ی دۆڵی ڕۆستێیه‌،له‌و كاته‌ی قوتابی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی بوو ماڵیان ده‌گوازرێته‌وه‌ شاری هه‌ولێر هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندن له‌و شاره‌ ته‌واو ده‌كات. وه‌كو فۆتۆگرافه‌رێك تا ئێستا خاوه‌نی (7) پیشانگای تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ سه‌ره‌ڕای كاری وێنه‌گری وه‌ك خوێنه‌رێكی به‌رده‌وامی كتێب، به‌تایبه‌تیش ئه‌ده‌ب و بیره‌وه‌ری بووه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش وای لێكردووه‌ ده‌ست به‌ نووسینش بكات له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆمان و بیره‌وه‌ریانه‌ كه‌ سه‌رسامیان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ نووسین له‌چه‌ند بابه‌تێك ده‌رباره‌ی فۆتۆگراف و بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگ.

 وه‌كو كتێبش خاوه‌نی سێ كتێبه‌ یه‌كه‌میان به‌ناوی (خدر كاكیل) كه‌باس له‌ ژیان و خه‌باتی باوكی و شه‌هید سه‌ركه‌وتی برای ده‌كات، چاپكردن و ئاماده‌كردنی دوو به‌رگ له‌ ئه‌لبوومی پیشمه‌رگایه‌تی به‌ناوی (گه‌ڕان به‌دوای ئازادیدا) كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی دیكۆمێنتاری وێنه‌ییه‌، ئێستاش كار له‌ به‌رگی سێیه‌م ده‌كات، وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی فۆتۆگرافه‌ر به‌ چه‌ند پرسیارێك به‌سه‌رمان كرده‌وه‌.


هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

*سه‌ره‌تا بابزانین چۆن ئاشنایه‌تیت له‌گه‌ڵ زوومی كامیرا په‌یداكرد؟
 - سه‌ره‌تا ئاشنابوونم به‌ كامێرا بۆ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ بۆ بژێوی ژیان ده‌ستم به‌ كاری وێنه‌گری كرد، به‌ڵام دوایی به‌ره‌به‌ره‌ هه‌م وه‌ك كار هه‌میش وه‌ك ئاره‌زوو كامێرام لا خۆشه‌ویستر بوو، بۆیه‌ ئێستا به‌رده‌وام له‌ گه‌شت و سه‌فه‌ره‌كانم هه‌میشه‌ كامێراكه‌م له‌ده‌ستمه‌.

 لێره‌دا پێم خۆشه‌ باسی هه‌ستی منداڵیم بكه‌م، له‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا چاوم هه‌ڵێنا و تێیدا په‌روه‌رده‌ بووم، به‌هۆی ژینگه‌ی گونده‌ جوانه‌كه‌مان (كاولۆكان) و كاره‌ جیاوازه‌كانی باوكم (خدر كاكیل)، هه‌ر له‌ ڕاوه‌ ماسی له‌ (بڤه‌)ی سه‌ر ڕووبار و ڕاوی قاز و قورینگ له‌ گۆماوه‌كانی (ئه‌وبه‌ری ماڵمان) و جووت كردن به‌ هێستره‌كانی و دروێنه‌ی گه‌نم و گیا به‌ داس و مه‌له‌غان و باقه‌كردنی گیا و ڕاكردنی له‌سه‌ربان بۆ وشك بوونه‌وه‌ و هێنانی باره‌ دار و باره‌ به‌فر له‌ چیای هه‌ندرین، هه‌موو ئه‌و دیمه‌نه‌ ناوازانه‌ی ئه‌وكات له‌ خه‌یاڵم جێگیر بوونه‌ و ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش كاریگه‌رییان له‌سه‌رم جێهێشتبێ و به‌و هۆیه‌وه‌  ژینگه‌ و دیمه‌نه‌ سروشتیه‌كانم خۆشبوێ و ئێستا به‌  زوومی كامێراكه‌م پیشانیان ده‌ده‌م . 


 * یه‌كه‌مین كامیرا به‌كارهێنا چ جۆره‌ كامیراییه‌ك بوو؟ له‌چ كاتێك بوو؟
 - سه‌ره‌تا بۆ كاركردن له‌ دووكانه‌كه‌مان بۆ وێنه‌ی پۆرترێت و بۆنه‌كان كامێرای (مه‌میا)ی بۆكسی كارت فلم و 120ملم و (كانوون)ی 135 ملمم به‌كار ده‌هێنا، بێگومان ئه‌و كامێرایانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌م هه‌م شاره‌زاییه‌كی باش و هه‌میش سه‌لیقه‌یه‌كی وردی ده‌ویست. به‌ڵام ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ خێراییه‌ی ئامێراكانی وێنگرتن به‌خۆیه‌وه‌ی بینی، ئێستا پیشه‌كه‌ی ئاسانتر كردووه‌، به‌ڵام وه‌ك هونه‌ر ئێستاش پێویست ده‌كات هونه‌رمه‌ندی فۆتۆگراف شاره‌زایی له‌ گۆشه‌ و ڕوناكی و كات و ساتی وێنه‌گرتن بێ بۆ ئه‌وه‌ی دیمه‌نێكی سه‌رنج ڕاكێش بكێشێ، كه‌ ڕه‌نگه‌ كه‌سی ئاسایی هه‌ستی پێ نه‌كات.  

        
* زوومی كامیراكه‌ت زیاتر وێنه‌ی سروشتی كوردستان له‌ خۆ ده‌گرێت، هۆكاره‌كه‌ی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
- ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ ئه‌و هۆكاره‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسم كرد، وای كردیه‌ سروشتم خۆش بوێ و زیاتر كاره‌كانم پیشاندانی دیمه‌نی سروشتی بێ، به‌ڵام هۆكاری به‌رده‌وامیم، گه‌شتی شاخه‌، كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ به‌رده‌وام هه‌فته‌ی ڕۆژێك هه‌م بۆ شاخ وه‌ك وه‌رزش، هه‌میش بۆ چركاندنی وێنه‌ی سروشت بوه‌ته‌ به‌شێك له‌ ژیانم.

هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامم بۆ بابه‌تی تایبه‌ت به‌ هونه‌ری فۆتۆگرافه‌ری له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونم له‌ پیشه‌كه‌ و تائیستاش، به‌تایبه‌تیش نووسین و به‌رهه‌مه‌كانی فۆتۆگرافه‌ر (فارس سه‌عدی) و گۆڤاری (تاو)ی تایبه‌ت به‌ فۆتۆگرافی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌، شاره‌زاییم له‌ زۆربه‌ی به‌شه‌كانی فۆتۆگرافی په‌یداكرد، هه‌ر به‌هۆی كاره‌كانی فۆتۆگرافه‌ری جیهانی (ستیف ماكوری ئه‌مریكی) خاوه‌نی پۆرترێتی كچه‌ ئه‌فغانیه‌ چاوشینه‌كه‌، ئاشنای پۆرترێت و فۆتۆ بووم، "ڕه‌نگه‌ به‌شی چه‌ندین پیشانگا وێنه‌ی پۆرترێتم هه‌بێ، به‌ڵام تاكو ئێستا نه‌گونجاوه‌ له‌ پیشانگایه‌ك نمایشیان بكه‌م، به‌ڵكو پیشانگاكانم زیاتر وێنه‌ی دیكۆمێنتاری ئه‌رشیفی و سروشت بوونه‌".

 له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ سه‌دان پۆرترێتی كه‌سایه‌تی و نووسه‌ر و ئه‌دیب و پیشه‌وه‌ر و كه‌سانی ئاساییم گرتوون، زانراویشه‌ پۆرترێت گرینگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ كاری رۆژنامه‌نووسی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای كه‌وتنی وێنه‌ بۆ ناو كاری ڕۆژنامه‌نووسی تاكو ئێستاش.

هه‌روها من ئاره‌زووی زۆرم هه‌یه‌ بۆ وێنه‌گرتنی شته‌ ورد و بچووكه‌كان، هه‌ر له‌ گوڵ و گژوگیا خۆڕسكه‌كانی ناو سروشته‌كه‌مان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی وردن و سه‌رنجی كه‌سانی ئاسایی ڕاناكێشن، من هه‌وڵم داوه‌ به‌هۆی زوومی كامێراكه‌م ئه‌و شته‌ وردانه‌ به‌رجه‌سته‌ بكه‌م.


* وێنه‌گرێكی فۆتۆ هه‌یه‌ كه‌ تۆ سه‌رسه‌م بیت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر تۆ هه‌بێت؟
- من له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستا (بایز)ی زاوام كه‌وتمه‌ ناو پیشه‌كه‌، هه‌ر به‌هۆی ئه‌ویشه‌وه‌ وێنه‌گری به‌توانا (قادر میدیا)م ناسی، كه‌" فۆتۆگرافه‌رێكی به‌توانا و به‌ ئه‌زموونی كاری فۆتۆی ناو ستۆدیۆ بوو له‌ شاری هه‌ولێر"بۆیه‌ به‌كاره‌كانیان سه‌رسامم وكاریگه‌ری ئه‌وانم له‌سه‌ره‌، به‌ڵام له‌ كاری هونه‌ری ده‌ره‌وه‌ و ناو سروشت، كۆمه‌ڵێ فۆتۆگرافه‌ری به‌ ئه‌زموون ده‌ناسم و به‌ كاره‌كانیان سه‌رسامم له‌وانه‌ مامۆستا فارس سه‌عدی و مامۆستا سه‌عید رواندزی و مامۆستا یوسف حه‌مه‌ڕه‌شید و چه‌ندانی تر.


*تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی وێنه‌گری فۆتۆی سه‌ركه‌وتوو چین؟ 
 - به‌ بڕوای من فۆتۆگرافی سه‌ركه‌وتوو پێش هه‌موو شتێك ئه‌بێ عیشق و سه‌لیقه‌ی بو كاره‌كه‌ هه‌بێ، ئینجا كه‌رسته‌ی وێنه‌گری، هه‌رله‌ كامیرای باش و زووم و لایت مه‌تر و ستاندی باش، دوای ئه‌وانه‌ش شاره‌زایی له‌ هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌ی وێنه‌گرتن و سود وه‌رگرتن له‌ ڕووناكی له‌ چوار وه‌رزه‌كه‌ و كاتیش زۆر گرینگه‌، له‌ هه‌مووشیان گرینگتر ڕۆشنبیری و خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌رباری فۆتۆگرافی و مێژووی فۆتۆگرافی. 


من وه‌ك فۆتۆگرافه‌رێك، كاتێ ئه‌و وته‌یه‌ی (ئه‌ریكفرۆم)م له‌ كتێبی (به‌ناوی ژیانه‌وه‌) خوێنده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ: "وێنه‌گری باش له‌پێشدا له‌و دیمه‌نه‌ ورد ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێ وێنه‌ی بگرێت ئینجا ده‌ست بۆ كامێراكه‌ی ده‌بات، ئه‌و ته‌ماشاكردنه‌ و وردبوونه‌وه‌‌یه‌ جۆرێكه‌ له‌ كارامه‌یی، زۆر هه‌ستیارانه‌تر و به‌ دیقه‌تتر له‌ دیمه‌نه‌كان ورد ده‌بمه‌وه‌ و ئینجا وێنه‌كان ده‌گرم.


* ئه‌گه‌ر بكرێت باس له‌و پێشانگاو پێشبڕكێیانه‌ بكه‌یت، كه‌ ‌له‌ڕێگه‌ی زوومی كامیراكه‌ته‌وه‌ به‌شداریت تیا كردوون؟
-  تا ئێستا حه‌وت پیشانگای تایبه‌تیم كردونه‌ته‌وه‌، له‌ شه‌قڵاوه‌ و پیرمام و هه‌ولێر و سۆران، هه‌موو پیشانگاكانم له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم كردوونه‌ته‌وه‌، ته‌نها ئه‌و پیشانگایه‌ نه‌بێ به‌ناونیشانی (مه‌سیف له‌ ڕه‌ش و سپیدا) كه‌ له‌ 21/1/2014 له‌ پیرمام نمایشم كرد، بریتی بوو له‌ وێنه‌ی ڕه‌ش و سپی كۆنی شارۆچكه‌ی مه‌سیف سه‌لاحه‌دیین، به‌ هاوكاری هاوشارم (عه‌بدوڵا پیرمام) كردمانه‌وه‌، "كه‌ خه‌مخۆرێكی بێ وێنه‌ی شارۆچكه‌كه‌مانه‌ له‌ پاراستنی كلتور و یادوه‌ریه‌كانی هاوینه‌هه‌واری سه‌لاحه‌ددین" ئه‌و پیشانگایه‌ چه‌ند ڕۆژێك به‌رده‌وام بوو، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی هه‌بوو خه‌ڵكێكی یه‌كجار زۆر هاتن بۆ سه‌یركردنی.

 هه‌روه‌ها دواین ئه‌و پیشانگایه‌ی له‌ هۆڵی میدیا به‌ناونیشانی (سروشت له‌ نێو چاوی كامێراكه‌م) كه‌ له‌ 29/5/2023 نمایش كرا، تیایدا زیاتر له‌ 40 كاری 60به‌ 90 له‌ خۆ گرتبوو كه‌ پێك هاتبوو له‌ وێنه‌ی سروشت و گوڵ و گیا خۆڕسكه‌كانی چیاكانی كوردستان، ئه‌ویش دوو رۆژ به‌رده‌وام بوو، بینه‌ری باشی هه‌بوو. دوای ئه‌وه‌ش هه‌ر هه‌مان پیشانگام برده‌ شاری سۆران به‌ هاوكاری كتێبخانه‌ی (عه‌لی مه‌كته‌به‌) و شاری پیرمام.. 

* وێنه‌یه‌كی دیاركراوی خۆت هه‌یه‌ كه‌ ‌به‌زوومی كامیراكه‌ت گرتبێت جیاواز بێت له‌ وێنه‌كانی تر و تائێستا، له‌ خه‌یاڵت بێت؟
- وه‌ك چۆن زۆربه‌ی نووسه‌ر و شاعیران به‌رهه‌م و دیوانه‌كانیان به‌ كۆرپه‌ و منداڵه‌كانی خۆیان ده‌شوبهێنن، منیش ده‌توانم بڵێم هه‌موو تابلۆكانی خۆم خۆش ده‌وێن و جارجاریش ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ریان و ته‌ماشایان ده‌كه‌مه‌وه‌،زۆرن ئه‌و وێنانه‌ی له‌ خه‌یاڵمدا چه‌سپیوون به‌تایبه‌تی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی به‌ ماندووبوون و كاتێكی زۆر به‌پێ ڕۆیشتن پییان گه‌یشتووم. 

* وه‌كو فۆتۆگرافه‌رێك ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ چین، كه‌ له‌كاتی وێنه‌گرتن ڕوبه‌رووی ده‌بیته‌وه‌؟
- ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ من له‌كاتی وێنه‌گرتن هه‌ست به‌ هیچ كێشه‌ و گیروگرفت ناكه‌م به‌هۆی عیشقم بۆ كاره‌كه‌م، ته‌نها هه‌ندێ جار له‌ كاتی گرتنی وێنه‌ی سروشت نه‌بێ، كه‌ دیمه‌نی زۆر جوانم بۆ ده‌سته‌به‌ر بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی بوونی تۆز و خۆڵ پیس بوونی ژینگه‌، دیمه‌نه‌كان به‌ جوانی ده‌رناكه‌ون.

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.