Erbil 20°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 12:37

وەزیری دەرەوەی ئوردن: خوازیارین ئاشتیی و سەقامگیریی لە ناوچەکە فەراهەم بێت و گرژیی کۆتایی بێت

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفادی ئاماژەی بەوە کرد کە خوازیارن ئاشتیی و سەقامگیریی لە ناوچەکە فەراهەم بێت و گرژیی کۆتایی پێ بێت.

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئێران، سەفادی بۆ تەلەڤيزیۆنی فەڕمی وڵاتەکە دووا و، باسی لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆكکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەلی باقری و پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.

سەفادی باسی لەوە کرد کە بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی هەڵکشانی گرژیی لە ناوچەکەدا سەردانی ئێرانی کردووە و، لەلایەن عەبدوڵڵای دووهەم شای ئوردنەوە ڕاسپێردراوە بۆ دروستکردنی دیالۆگێکی شەفاف و ڕوون بۆ تێپەراندنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

هەروەها سەفادی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دیالۆگەی دروست دەبێت، ڕێگە دەکاتەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنەی هەردوو وڵات و برایەتی و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتری.

وەزیری دەرەوەی ئوردن سەفادی، ئەوەیشی خستەڕوو کە وڵاتەکەی لە بەرگریکارە پێشەنگەکانی دۆزی فەلەستینە و، ئیدانەی کردەکانی ئیسرائیلی کردووە کە هەڕەشە لە ئاشتیی و سەقامگیریی دەکەن و، لە ئێستاشدا کاری لە پێشینەی ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر غەززەیە.

سەفادی باسی لە كوژرانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئیسماعیل هەنییە کرد لە تارانی پایتەختی ئێران و، ڕایگەیاند: "ئوردن بە ڕوونی ئیدانەی ئەو كوژرانه‌ی کرد. ئەمە هەنگاوێکە کە تاوانێکی قێزەونە و پێشێلکارییە بەرامبەر یاسای نێودەوڵەتیی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی و سەروەری دەوڵەتان. داوای هەڵنانی هەنگاوی کاریگەر دەکەین بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و ئەم جۆرە هەنگاوە نایاساییانەی ئیسرائیل".

گوتیشی: "خوازیارین ئاشتیی و سەقامگیریی لە ناوچەکە فەراهەم بێت و گرژیی کۆتایی پێبێت. وەک ئەوەی لە عەمان گوتم و لە تاران دووپاتم کردەوە؛ یەکەم هەنگاو دەبێت بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە گرژیی، ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر غەززە".

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.