پێشبینی دەكرێ لەم مانگەدا (مانگی ئاب) كەشوهەوا و پلەكانی گەرما لە تەواوی عێراق هەر بە بەرزی بمێننەوە، هەرچەندە تا ئێستا هاتنی هیچ شەپۆڵێكی دیكەی گەرما پشتڕاست نەكراوەتەوە.
عامر ئەلجابری بەڕێوەبەری كەشناسی عێراق رایگەیاند: بەشێوەیەك گشتی لە عێراق هەرسێ مانگەكانی حوزەیران و تەمووز و ئاب پلەكانی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە.
هەروەها رایگەیاند: رەنگە ئەم مانگە كە ئێستا لە سەرەتاكانیداین، پلەكانی گەرما لە تەواوی عێراق هەر بە بەرزی بمێننەوە، هەروەها پێشبینی دەكرێ لە هەندێ كات و شوێنی جیاوازدا شەپۆڵی خۆربارینیش دروست ببێت.
سەبارەت بە ئەگەری هاتنی شەپۆڵی گەرما لەم مانگەدا رایگەیاند: تا ئێستا هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ ئەگەری هاتنی شەپۆڵی دیكەی گەرما بۆ عێراق.
بەڕێوەبەرەكەی كەشناسی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە بۆ دەستپێكردنی وەرزی بارانبارینیش تا ئێستا هیچ شتێك روون نییە، بەڵام پێشبینی دەكرێ وەك ساڵانی رابردوو لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو وەرزی بارانبارین لە عێراق دەست پێ بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.