دژەتیرۆری كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی رووداوەكانی رفاندن و كوشتوبڕی ئەم دواییەی سلێمانی لەلایەن كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان بڵاوكردەوە و رایگەیاند كە ئەركی دامەزراوە سەبازی و ئەمنییەكان پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییانە نەك كوشتوبڕی.
دژەتیرۆری كوردستان لە راگەیەنراوكەدا دەڵێت "ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی ماوەیەکە لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ڕوو دەدەن، مایەی نیگەرانی و جێی هەڵوەستە لەسەر کردنن".
دەشڵێت "بەداخەوە ڕووداوەکان ڕۆژانە لەژێر ناوی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکاندا ئەنجام دەدرێن کە تێیاندا هاونیشتمانییان دوور لە پرەنسیپی یاسایی دەستگیر دەکرێن، دەڕفێندرێن، ئازار دەدرێن و دەکوژرێن".
هەروەها دەڵێت "ئەم کردەوانە ناو و گەورەیی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان کە ئەرکی سەرەکییان پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستانە، دەخاتە ژێر پرسیار و لەکەداریان دەکات و ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن بڵاو دەکەنەوە".
دژەتیرۆری كوردستان ئاماژە بەوەش دەكات "ئەرکی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان، پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاووڵاتییانە، نەک بەکارھێنانیان لە ململانێیە سیاسییەکان بۆ کوشتوبڕی خەڵکی سڤیل و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن کە لەگەڵ پرەنسیپی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان ناگونجێت".
دووپاتیشی كردەوە "نابێت و ناکرێت دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان تێکەڵ بە ململانێی کەسی و سیاسی و حیزبی بکرێن و لە بەرژەوەندیی تایبەت و تاکلایەنە بەکار بهێندرێن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.