ئەمەریكا دووبارە هۆشداری دایەوە هاووڵاتییانی لە سەردانیكردن بۆ لوبنان، دوای هێرشە هاژەكییەكەی ئەمڕۆ بۆ سەر جۆلان كە بەهۆیەوە 13 ئیسڕائیلی كوژران.
ئەدریان واتسۆن گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا رایگەیاند: زانیاریمان هەیە كە هێرشە هاژەكییەكە لەلایەن حزبوڵا ئەنجامدرابێت، هاژەكەكە هی ئەوانە و لە ناوچەی ئەوانەوە ئاراستەی جۆلان كراوە.
راشیگەیاند: لە دوای هێرشەكەوە، ئەمەریكا بەردەوام لەسەر هێڵ بووە لەگەڵ لایەنە ئیسڕائیلی و لوبنانییەكان بۆ ئەوەی دۆخەكە ئاڵۆزتر نەبێت.
هەروەها رایگەیاند: دووبارە داوا لە هاووڵاتییانمان دەكەین سەردانی لوبنان نەكەن بەهۆی ئاڵۆزی دۆخەكە، ئەوانەشی لەوێن بە زووترین كات وڵاتەكە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە.
ئەمرۆ یەكشەممە لە هێرشێكی هاژەكیدا بۆ سەر یاریگەیەكی وەرزشی لە ناوچەی مەجدال شەمس لە بەرزاییەكانی جۆلان كە ئێستا بەدەست ئیسڕائیلەوەیە، 12 كوڕ و كچی ئیسڕائیلی كوژران و زیاتر لە 30ی دیكەش بریندار بوون.
میدیاكانی ئیسڕائیل بڵاویان كردەوە كە هاژەكەكان لە وڵاتی لوبنانەوە ئاراستەكراون و بەڵگەش هەیە كە لەلایەن حزبوڵاوە ئاراستەی جۆلان كراون، لەبەرامبەریشدا تا ئێستا حزبوڵا رەتی دەكاتەوە ئەوان دەستیان لە هێرشەكەدا هەبووبێت.
لای خۆیەوە حكوومەتی ئیسڕائیل بەڵێنی داوە لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا وەڵامێكی خێرا و توندی حزبوڵا بداتەوە.
ئەم هەڕەشانەی ئیسڕائیل وای كردووە بەشێكی زۆری گەشتی ئاسمانی فڕۆكەخانەكانی وڵاتی لوبنان هەڵبووەشێنرێنەوە یاخود بۆ كاتێكی نادیار دوابخرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.