جه‌مالی ده‌لاك...
له‌ده‌ستپێكی هونه‌ریمه‌وه هه‌وڵمداوه كاره‌كانم هه‌ستی كوردی تێدا ون نه‌بێت...!
زۆربێ و بۆربێ بۆ هونه‌ری گۆرانی په‌سه‌ند و گونجاو نییه، هه‌روه‌ها پێوه‌ریش نییه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی توانای هونه‌ری هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ..!
ئه‌وه‌ی گرینگ و په‌سه‌نده له‌لای جه‌ماوه‌ر ده‌نگی به‌سۆز و هۆنراوه‌ی گونجاو و میلۆدی ناسك و خۆشه، كه به‌هێمنی خۆی ده‌ئاخنێته نێو گوێچكه و له‌ناو ناخی گوێگردا جێده‌گرێت و بۆ هه‌میشه ده‌بێته گۆرانی دڵخواز و له یاده‌وه‌رییه‌كانماندا به به‌رزی ده‌مێنێته‌وه، كه‌واته به‌رهه‌می پوخت و پاك و ڕه‌سه‌ن جێی په‌سه‌ندی هۆگرانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردییه.
له‌نێو هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگبێژی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك، به‌رهه‌مه‌كانیان له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕ ناكات، به‌ڵام بوونه‌ته شێواز و گۆرانییه‌كانیان هه‌ست و سۆزی گوێگر په‌لكێشی نێو دنیای جوانی هونه‌ری ئاواز و مۆسیقا ده‌كات.
هونه‌رمه‌ندی ده‌نگ ناسك و ده‌نگخۆش (كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید) یه‌كێكه له‌و ده‌نگه به‌سۆزانه‌ی به چه‌ند به‌رهه‌مێك توانیویه‌تی ببێته ڕێبوارێكی وه‌فادار له ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی.
دوای ده‌ركه‌وتنی له ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك و تۆماركردنی دوو به‌رهه‌می ناوازه له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی، به‌هۆی ناله‌باری بارودۆخی وڵات له كۆتایی ساڵی 1978 هونه‌رمه‌ند زێد و نیشتمانه‌كه‌ی جێدێڵێت و ڕوو ده‌كاته هه‌نده‌ران، دوای چه‌ندین ساڵ ئاواره‌یی و ژیانی تاراوگه خۆشبه‌ختانه له ساڵی 1993 ده‌گه‌ڕێته‌وه نیشتمان و به به‌رهه‌مێكی دیكه و به‌ده‌نگه به‌سۆزه‌كه‌ی جارێكی تر ڕۆحی بیسه‌ران و بینه‌رانی به میلۆدییه‌كی ناسك و هۆنراوه‌یه‌كی جوان ئاوێته‌ی ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی كردینه‌وه.
به‌پێویستم زانی په‌یوه‌ندی به‌هونه‌رمه‌ند و پزیشك كامه‌ران عهبدولمهجیدهوه بكه‌م و له‌ڕێی چه‌ند پرسیارێكه‌وه ژیانی تایبه‌تی و هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته بخه‌مه بهردییهی خوێنه‌ران.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریی و بیستنی تۆنی ده‌نگ و ئه‌دای چڕینی هۆنراوه و میلۆدی به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌هاته گوێ كه هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید یه‌كێك بێت له قوتابییه‌كانی قوتابخانه به‌رزه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره (مه‌زهه‌ری خالقی)، بێشك هه‌رواش بووه، چونكه یه‌كه‌م گۆرانی له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی له ته‌له‌فزیۆن تۆماری كرد، به‌رهه‌مێكی هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ری خالقی بووه، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم هه‌رچه‌نده باب و باپیرانی له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی شاری سلێمانین، به‌ڵام خودی هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید، زاده‌ی شاره جوانه‌كه‌ی خانه‌قینه، جیا له پێگه جواگرافیاكهی شوێنێكی ستراتیجی گرینگه له‌دێر زه‌مانه‌وه و نزیكه له سنووری ده‌ستكردی نێوان باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و هه‌روه‌ها شاری كرماشان و قه‌سری شیرین، خانه‌قین بۆخۆشی ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده له بواری مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی، زێدی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌یه له بواری گۆرانی و شانۆ و هونه‌ری شێوه‌كاری و مه‌ڵبه‌ندی جوامێر و مێرخاسان و هه‌روه‌ها پێگه و زێدی چه‌ندین عه‌شیره‌تی به‌نێوبانگی كوردستانه.
كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید كێیه..؟!
هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید محه‌مه‌د نووری فه‌ندی ڕه‌شید مه‌حموود ئاغا له ساڵی 1959 له گه‌ڕه‌كی عه‌بدوڵڵا به‌گ له شاری خانه‌قین له خانه‌واده‌یه‌كی ده‌نگخۆش و كوردپه‌روه‌ر و هونه‌ری به‌دنیا هاتووه.
ده‌رباره‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌یان، هونه‌رمه‌ند خالید شه‌یدا له‌سه‌ر پۆرترێتی هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیویه‌تی: مەحموود ئاغای باپیریان خەڵکی شاری سلێمانی و یەکێک بووە لە ئەفسەرەکانی سوپای عوسمانی، هاوکات به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی باوەنووڕ بووە له نێوان ساڵانی 1913 تا 1918.
له‌گه‌ڵ هاتنی ئینگلیزه‌كان بۆ عێراق و كوردستان له ساڵی 1918 مه‌حموود ئاغا دەگوێزرێتەوە بۆ شاری خانەقین و بەمشێوەیە لە شاری خانەقین ده‌مێنێته‌وه. (1)
واته بنه‌ماڵه‌كه‌یان له ساڵی 1918ـەوه دانیشتووی شاری خانه‌قین و بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناوداری ئه‌و شاره جوانه‌ی كوردستانن.
باوكی هونه‌رمه‌ند و دكتۆر كامه‌ران (عه‌بدولمه‌جید محه‌مه‌د نوورییه فه‌ندی ڕه‌شید مه‌حموود ئاغا) كه‌سایه‌تیه‌كی نه‌رمونیان و دڵسۆز بۆ نیشتمان و خانه‌واده و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، ده‌نگی خۆش بووه و شاره‌زایی باشی هه‌بووه ده‌رباره‌ی مه‌قامه كوردییه‌كان، به‌تایبه‌ت مه‌قامه‌كانی ناوچه‌ی گه‌رمیان، له هه‌مانكاتیشدا سه‌رۆكی تیمی ئاگركوژێنه‌وه‌ی كۆمپانیای پاڵاوتنی نه‌وتی خانه‌قین بووه.
كامه‌ران وه‌ك هه‌ر منداڵێكی ئاسایی له ته‌مه‌نی 6 ساڵیدا، واته ساڵی 1965 خراوه‌ته به‌ر خوێندن، یه‌كه‌م قوتابخانه كه تێیدا فێری نووسین و خوێندنه‌وه بووه قوتابخانه‌ی سه‌لاحه‌دینی سه‌ره‌تایی بووه له خانه‌قین.
دوای ته‌واوكردنی قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی، له ساڵی 1971 ده‌چێته ناوه‌ندی 11ی ئازار به مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن.
چرۆكردنی هه‌ستی هونه‌ری له‌ناخی كامهراندا..!
هونه‌رمه‌ند زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ری بووه، ده‌پرسم ئه‌و خولیا و حه‌زه خۆڕسك بووه یان كه‌سانێك هه‌بووه ڕێنیشانده‌ری بوون؟!
- هونه‌رمه‌ند و دكتۆر كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید، پێی ڕاگه‌یاندین: كاتێك قوتابی پۆلی چوار و پێنجی سه‌ره‌تایی بووم، خولیای هونه‌ری وێنه‌كێشان بووم، ئه‌وه‌ش سروشتێكی خۆڕسك بوو له هه‌ستمدا، به‌ده‌ر له‌وه‌ش ده‌توانم بڵێم مامه‌كانم هه‌موویان سه‌رقاڵی كاری هونه‌ری بوون و ده‌ست و په‌نجه‌ی هونه‌ری وێنه‌كێشانیان هه‌بوو،جگه له هونه‌ری شێوه‌كاری به‌ڵكو له هونه‌ری پهیكهسازیشدا ده‌ستێكی باڵایان هه‌بوو، به‌كاره هونه‌رییه‌كانیان له چه‌ندین پێشانگای هونه‌ری ساڵانه به‌شداریان كردووه، له قوتابخانه ڕه‌وانشاد مامۆستا (وه‌لید) دركی به‌و حه‌ز و ئاره‌زووه‌ی من كردبوو له‌بواری وێنه‌كێشاندا، منی هه‌ڵبژارد به وێنه‌كێشی قوتابخانه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ 3 هاوڕێی قوتابی تر، به‌مه‌به‌ستی زیاتر هاندانمان و به‌رده‌وامبوونمان له‌و هونه‌ره، زۆربه‌ی كاته‌كان له مه‌رسه‌می قوتابخانه سه‌رقاڵی وێنه‌كێشان بووین، ئه‌وه‌نده‌ی بیرم بێت ئه‌وكاته به (پاستیل) وێنه‌مان ده‌كێشا، ئه‌وه‌ش هانده‌رێكی باش بوو كاری كرده سه‌ر خولیا و ئاره‌زووه‌كه‌م زیاتر قاڵببمهوه له‌و بواره‌دا، تاپۆلی سێ سه‌ره‌تایی پێیان ئه‌وت (فارس سه‌ف). (2)
ده‌رباره‌ی پێگه‌ی جوگرافیا و بواری فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری ناوچه‌ی خانه‌قین، ئایا هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ستی هه‌بووه له‌ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییه‌وه؟
- هونه‌رمه‌ند و دكتۆر كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید:
پێگه‌ی شاره جوانه‌كه‌ی خانه‌قین ئه‌كه‌وێته باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی خواروو، نزیكه‌ی (12)كم له شاری قه‌سری شیرینی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه دووره، خانەقین یه‌كێكه لە شارە دەگمەنەکان کە بە باخە خۆشەکانی ناوەوە و دەروبەری و بۆنی قەدەحی بەهارانییەوە زۆر خۆش و ڕەنگین و بە دارخورما بڵند و شۆخ و شەنگەکانییەوە زۆر سەرنجڕاکێش و دڵگیر بوو، وە بە ڕووباری ئەڵوەن ئەبێ بە دوو بەشەوە کە ده‌نگی بولبوله‌كان ده‌یانخوێند و بۆ یەکیان ئه‌سه‌نده‌وه مرۆڤی سه‌رمه‌ست و سه‌رحاڵ ئه‌كرد،له‌لایه‌كی دیكه‌وه خانه‌قین پێگه‌ی چه‌ند عه‌شره‌تێكی جیاواز تێیدا ده‌ژین وه‌ك (باجه‌لان، جاف، ده‌لۆ، ئه‌ركه‌وازی و كاكه‌یی و..تاد).
له‌باری هونه‌ری مه‌قام و گۆرانیشه‌وه، خاوه‌نی مه‌قاماتی جیاوازه و هه‌ریه‌ك له‌مانه شێوازێكی كه‌م تا زۆر جیاوازی هه‌یه، بێگومان ئه‌م شێوه جیاوازه كاریگه‌ری خۆشی هه‌بووه و هه‌یه له‌سه‌ر شێوازی بیركردنه‌وه و هه‌ستی هونه‌ریم، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ده‌نگ چه‌ند خۆش بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ست و سۆزی تیادا نه‌بوو..! یان به هه‌سته‌وه نه‌وترا..! هه‌رگیز ئه‌و په‌یامه ناگه‌یه‌نێته دڵ و ده‌روونی گوێگر، بۆیه كه مرۆڤ له‌و ناوچه‌یه له‌دایك بوو و تێیدا گه‌وره بوو، ئه‌و كاته مه‌حاڵه هه‌ستی ئه‌و ناوچه‌یه نه‌چووبێته ده‌روونیه‌وه و له ده‌ربڕینی گۆرانیدا تێكه‌ڵاوی هه‌سته‌كانت نه‌بێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر له ده‌سپێكی كاری هونه‌ریمه‌وه هه‌وڵمان ئه‌دا به‌پێی توانا هه‌سته كوردییه‌كه‌ی تێدا ون نه‌بێ.
من بۆ یه‌كه‌مجار وه‌كو ده‌نگ و میلۆدی كاریگه‌ری له‌سه‌رم هه‌بووبێت، كاتی به‌یانی 11ی ئازاری ساڵی 1970 بوو، به‌و بۆنه‌یه‌وه ڕێپێوان بوو هه‌موو شاری خانه‌قین تێیدا به‌شداربوون، له كۆپری گه‌وره‌وه تا گه‌ڕه‌كی پاشاكۆپری ڕێپێوانه‌كه درێژه‌ی هه‌بوو، باوكم منی خستبووه سه‌ر قهڵادۆشكانی سروودی (ئێمه ڕۆڵه‌ی كوردین، ڕۆڵه‌ی كاوه‌ی نه‌به‌ردین) پێ ده‌گوتم، من كۆپله‌ی سرووده‌كه‌م ئه‌وته‌وه (ده‌بابزانن خائینان ئێمه كوڕانی هیمهتین، ده‌بابزانن، ده‌بابزانن)، ئینجا جه‌ماوه‌ری ڕێپێوانه‌كه هه‌موو به‌یه‌كه‌وه بۆیان ئهسهندمهوه و ده‌یانوت:
ئێمه ڕۆڵه‌ی كوردین، ڕۆڵه‌ی كاوه‌ی نه‌به‌ردین.
ئه‌و یاد و ڕێپێوانه ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت بۆ نێو دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی، له ساڵی 1972 له ساڵیادی به‌یانی 11ی ئازاری ئه‌و ساڵه، كامه‌رانی ته‌مه‌ن منداڵ به‌هه‌سته جوانه هونه‌رییه‌كه‌ی به‌شداری ئاهه‌نگی قوتابخانه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت: ده‌توانم بڵێم من له ته‌مه‌نی 11 ساڵییه‌وه واته ساڵی 1970 ده‌ستم به‌كاری هونه‌ری كردووه، ئه‌ویش به‌بۆنه‌ی به‌یانی 11ی ئازاری 1970ـەوه ، به‌داخه‌وه پێشتر شاری خانه‌قین شارێكی فه‌رامۆشكراو بوو له هه‌موو كایه‌كانی ژیان به‌تایبه‌ت بواری هونه‌ری، منیش وه‌كو منداڵێك له‌چوارچێوه‌ی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان لقی خانه‌قین له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێ و دۆستێك تیپێكی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانیمان دروست كرد، به‌ناوی تیپی مۆسیقای یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان، به‌لێپرسراوێتی مامۆستا (فه‌یزوڵڵا) و هونه‌رمه‌ندی شه‌هید ڕه‌وانشاد جه‌میل وهندی برای هونه‌رمه‌ند مامۆستا (خه‌لیل وهندی)، مامۆستا (حیسامه‌دین) و هه‌روه‌ها برایانی ئازیز كاك (شه‌هاب و مسته‌فا) و (مسته‌فا ئێستا شاعیرێكی دیار و به‌ناوبانگی خانه‌قینه، به‌ناسناوی مامۆستا (سامان خانه‌قینی) هۆنراوه ده‌نووسێ و چه‌ند براده‌رێكی تر، ئه‌و كاته گرووپه‌كه زۆربه‌مان یه‌ك ته‌مه‌ن بووین و هه‌موومان قوتابی بووین.
له پۆلی یه‌ك بووم به‌و بۆنه‌یه‌وه 11ی ئازاری 1972 له‌به‌رئه‌وه‌ی بواری هونه‌ری ڕه‌خساو نه‌بوو كه‌سێك نه‌بوو ڕێنوێنیمان بكات یان ئاوازمان بۆ دابنێت..! ئێمه‌ش زیاتر پشتمان به گه‌نجینه به‌نرخه‌كه‌ی گۆرانی هونه‌رمه‌ندانی پێشوو یان گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كان ده‌به‌ست، له‌و ئاهه‌نگه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ندی ڕه‌وانشاد (عوسمان عه‌لی 1944_21/6/2005)م خوێند به‌ناوی (چاوه‌ڕوانی... له هۆنراوه‌ی (حه‌مه عه‌لی مه‌دهۆشی شاعیر)...
دوێنێ تا درهمگ چاوه‌ڕێم كردی
كوێرایم داهات هه‌وری لار بۆ ڕانه‌بردووی
من گه‌لێ جوانم دی هاتن تێپه‌ڕین
هه‌موو بۆ یاری خۆیان پێكه‌نین.
ئه‌و گۆرانییه زۆر خۆش و به‌دڵم بوو، له‌به‌رئه‌وه له‌و ئاهه‌نگه‌دا خوێندم.
ساڵی دواتر هه‌ر به‌هه‌مان بۆنه‌وه له هه‌موو قوتابخانه سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی كوڕان و كچان و ئاماده‌ییه‌كان، نزیكه‌ی به 3 هه‌فته به به‌رده‌وامی خه‌ریكی ئاهه‌نگێڕان بووین، ته‌واوی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی ئه‌و ساڵه بۆ خه‌ڵك و قوتابخانه‌كان گێڕامان 33 ئاهه‌نگ بوو، خه‌ڵك زۆر تامه‌زرۆ بوون چونكه له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار بوو له‌شاری خانه‌قین و ده‌وروبه‌ری تیپێكی مۆسیقا و گۆرانی هه‌بێت و زۆر به‌خۆشییه‌وه پێشوازییان لێمان ده‌كرد.
دوای ئه‌وه‌ی ناو و كاره هونه‌رییه‌كانی تیپه‌كه‌مان كه‌وته سه‌ر زاری خه‌ڵك و ناسراین، بۆ ئێواره ئاهه‌نگێك بانگهێشتیان كردم بۆ شاری به‌غدا، له ڕێكه‌وتی 12/2/1974 له هۆڵی زانكۆی (موسته‌نسرییه) ئێواره ئاهه‌نگێك ساز كرا، منیش له‌و ئاهه‌نگه‌دا به‌شداربووم و گۆرانیم گوت، دوای ئاهه‌نگه‌كه به‌بڕی 20 دیناری ئه‌و كاته پاداشت كرام، گۆرانیبێژێكی دیكه له‌و ئاهه‌نگه‌دا به‌شداربوو، داوایان لێ كردم نیوه‌ی ئه‌و پاداشته بده‌مه ئه‌و، منیش به‌خۆشحاڵییه‌وه نیوه‌ی پاداشته‌كه‌م پێدا.
هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید و میهره‌جانی یه‌كه‌می هونه‌ری كوردی..!
له‌سه‌ره‌تای ساڵی 1974 میهرهجانێكی گه‌وره و بایه‌خدار بۆ ماوه‌ی 5 ڕۆژ، له‌ڕێكه‌وتی 25/2 تا 2/3/1974 له هۆڵی (خولد) له شاری به‌غدا له‌ژێر نێوی (میهره‌جانی یه‌كه‌می هونه‌ری كوردی) ساز ده‌كرێت، زۆربه‌ی زۆری تیپه مۆسیقیه‌كانی كوردستان تێیدا به‌شدار ده‌بن، چالاكییه هونه‌رییه‌كان بریتی بووه له گۆرانی و مۆسیقا و شانۆ و وێژه و شیعر و ئۆپه‌رێت، تیپی مۆسیقای یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان لقی خانه‌قین، به‌ناوی شاری خانه‌قینه‌وه به‌شدار ده‌بن،كار و چالاكییه هونه‌رییه‌كانی ئه‌و میهره‌جانه تائێستاش له یاده‌وه‌ریی هونه‌رمه‌نداندا به میهرهجانێكی گه‌وره و پڕبایه‌خ بۆهونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی ناوده‌برێت.
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (جان تۆماس جانۆ 4/4/1947_6/7/2023) خوێندنه‌وه‌ی بۆ میهره‌جانی یه‌كه‌می هونه‌ری كوردی ده‌ڵێت: منیش لەگەڵ تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه لەو میهره‌جانه به‌شداربووم، دەتوانم بڵێم سەردەمی زێرینی هونەری کورد بوو، بۆمبایه‌ك بوو دونیای هەژاند و کوردی بەزۆر کەس ناساند، کە كورد خاوەن مێژوو و هونەرە..!
بەڵێ ئه‌و میهره‌جانه شۆڕشێکی مەزن بوو لە بواری شانۆ و موزیک و گۆرانی كوردیدا. (3)
سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی به‌شداریكردنی تیپی مۆسیقای یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان لقی خانه‌قین، هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید لاپه‌ڕه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی ئه‌و ڕۆژانه هه‌ڵده‌داته‌وه چۆن و به چ گۆرانییه‌ك به‌شداربووه و ئه‌نجامی كۆتایی میهره‌جانه‌كه چی بووه؟
(ئێمه‌ش وه‌كو تیپی مۆسیقای یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان لقی خانه‌قین به‌ناوی شاری خانه‌قینه‌وه به‌شداربووین له‌و میهره‌جانه، من به‌گۆرانی (ناڵهبارم بێ قه‌رارم) له ئاوازی مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره (عه‌لی مه‌ردان 1904_ 24/7/1981) بوو، له‌پێشدا ئه‌و گۆرانییه به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (خه‌لیل وهندی) خوێندرابوو،لێره‌دا ده‌بێ بگه‌ڕێمه‌وه بۆ پێش به‌شداریكردنم له میهره‌جانی یه‌كه‌می هونه‌ری كوردی، ده‌بێت ئاماژه به ڕۆڵی باوكی ئازیزم بده‌م، چونكه خۆی ده‌نگی خۆش‌بوو، هه‌روه‌ها هونهردۆستیش بوو، هه‌میشه هاوكارم بوو پێی دەگوتم كامه‌ران گیان له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆرانییه‌ی ده‌یخوێنی مه‌قامه‌كه‌ی گۆرانی (شه‌می شه‌وان) له‌گه‌ڵیدا بخوێنه:
(هه‌ی شه‌می شه‌وان، هه‌ی شه‌می به شه‌وق چلچرای شه‌وان
هه‌ی ژیانی من، هه‌ی ڕۆحی ڕه‌وان، هه‌ی گلێنهكهی دیه‌ی بێ خاوه‌ن) ئه‌و هۆنراوه‌یه، هۆنراوه‌ی (وه‌لی دێوانه)یه، به‌رهه‌می تیپی مۆسیقای سلێمانی یه، ئاماده و دابه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی)یه، به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید (قادر كابان) خوێندراوه (ج،د).
منیش بۆچوونه‌كه‌ی باوكمم جێبه‌جێ كرد، كاتێك له میهره‌جانه‌كه وه‌ك تیپی شاری خانه‌قین به‌شداربووین و ئه‌و گۆرانیه‌م خوێند و مهقامهكهم خوێند، شتێكی زۆر زۆر تازه بوو، به‌هره‌یه‌ك له‌خۆته‌وه ده‌ستی پێ بكه‌ی، كه مهقامهكهم خوێند و كاتم ته‌واو بوو له‌سه‌ر شانۆكه هاتمه خواره‌وه، هونه‌رمه‌ندی شه‌هید (قادر كابان 1937_ 28/2/1981 ڕۆژی سه‌رنگومكردنی، 1/7/1981 ڕۆژی له‌سێداره‌دان و شه‌هیدكردنی) به‌و ده‌سته ناسكانه‌ی ده‌ستی خسته سه‌ر شانم و پێی گوتم : ده‌سته‌كانت خۆشبێ و له‌پاڵ خۆی داینام و دووباره ده‌ستخۆشیی لێ كردمه‌وه و گوتی به‌ڕاستی زۆرم پێ‌خۆش‌بوو كه ئه‌و مهقامهت خسته ناو گۆرانییه‌كه‌وه)، به‌داخه‌وه ئه‌و كاته نه‌مده‌ناسی و یه‌كه‌مجار بوو له نزیكه‌وه ئه‌و مامۆستا و هونه‌رمه‌نده ئازیزه قادر كابان ببینم). (4)
هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید و پێشبڕكێ و وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی میهرهجانییهكهمی هونه‌ری كوردی له به‌غدا..!
ته‌مه‌نت 15 به‌هار بێت و له میهرهجانێكی به‌وچه‌شنه گه‌وره‌یه و هه‌موو تیپه مۆسیقییه‌كانی كوردستان به‌شداربێت و له‌به‌رده‌م ئامادهبووانێكی زۆر بتوانی سه‌ركه‌وتووانه گۆرانی بخوێنی و سه‌رنجی هه‌مووان و گه‌وره هونه‌رمه‌ندانی ناو هۆڵه‌كه ڕابكێشی، ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ی سه‌رشانۆ و جووله و توانای ئه‌داكردنی گۆرانی له‌به‌رده‌م ئاپۆرای جه‌ماوه‌ر و لیژنه‌ی دادوه‌ری ههڵسهنگادندن و له‌ناو هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆیدا پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بێنێ..!
هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید باسی ئه‌و ساته وه‌خته‌مان بۆ ده‌كات و كام له‌هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان پێی سه‌رسام بووه:
ئێمه هه‌موومان 17 منداڵی هاوته‌مه‌نی خۆم بووین به‌شداربووین، لیژنه‌ی دادوه‌ر و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره هونه‌رییه‌كان دانیشتبوون به سه‌رۆكایه‌تی مامۆستای گه‌وره (عه‌لی مه‌ردان)، ده‌ستم به گۆرانی گوتن كرد و یه‌كه‌م كۆپلهم خوێند، بینیم مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ده‌سته سڕه‌كه‌ی ده‌رهێنا و فرمێسكه‌كانی چاوی ده‌سڕی هه‌ستم كرد ئه‌و مامۆستا مه‌زنه‌ی مه‌قامات و گۆرانی ده‌گری؟! كاتێك گۆرانییه‌كه‌م ته‌واو بوو وامده‌زانی قڵیشایه‌وه، بوو به‌هاواركردن و دووباره دووباره‌كردنه‌وه له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه، دواتر له‌لایه‌ن مامۆستا (جه‌میل وهندی) ئاگاداركرام كه مامۆستا عه‌لی مه‌ردان حه‌ز ده‌كات له نزیكه‌وه بمبینێ، به مامۆستا جه‌میلی گوتبوو به‌و هونه‌رمه‌نده تازه‌پێگه‌یشتووه بڵێ پێم خۆشه بیبینم و هه‌ندێ ئامۆژگاری هونه‌ریم هه‌یه ده‌مه‌وێت پێی بڵێم.
دوای ئه‌وه‌ی كه چوومه خزمه‌تی، زۆر خۆشحاڵبووم له‌نزیكه‌وه له‌خزمه‌تی ئه‌و كۆڵه‌كه به‌رز و به‌نرخه‌ی مه‌قام و به‌سته‌ی كوردیدام، به‌داخه‌وه پێشتر ئه‌و مامۆستا گه‌وره‌یه‌م نه‌بینیبوو، به‌داخه‌وه لهبهردهستپێكردنی شه‌ڕ له‌نێوان حیزبی به‌عس و كورد و تێكچوونی بارودۆخ و گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ شاری خانه‌قین، نه‌متوانی مامۆستای گه‌وره مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ببینمه‌وه..! كه تائێستا داخێكی گه‌وره‌یه له‌ناخمدا و پێم‌خۆش ده‌بوو ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ئامۆژگارییه‌كان وه‌ربگرم؟!
دواتر له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دادوه‌رییه‌وه بڕیاردرا من له‌نێوان هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆمدا پله‌ی یه‌كه‌می میهرهجانهكهم به‌ده‌ستهێنا.
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح پشده‌ری باس له چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی میهره‌جانه‌كه و چۆنیه‌تی به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی سه‌ركه‌وتنی تیپه مۆسیقهكان و هونه‌رمه‌ندان ده‌كات و ده‌ڵێت: میهره‌جانه‌كه زۆر به جوانی به‌ڕێوه‌چوو، تیپه مۆسیقییه‌كان و هونه‌رمه‌نده ئازیزه‌كان هونه‌رێكی جوانیان پێشكه‌ش كرد، تیپی مۆسیقای سلێمانی پله‌ی (ئیمتیاز) به‌ده‌ستهێنا و، تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه پله‌ی یه‌كه‌می له‌سه‌ر ئاستی تیپه مۆسیقیه به‌شداربووه‌كان وه‌رگرت، له‌سه‌ر ئاستی هونه‌رمه‌نده لاوه‌كان هونه‌رمه‌ند (كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید، به گۆرانی ناڵهبارم بێ قه‌رارم) به‌شداربوو پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێنا، برای هونه‌رمه‌ندم (قاسم فه‌ره‌جوڵڵا، به‌گۆرانی یاره‌كه‌م ئه‌ڵێی بووكه) پله‌ی دووه‌م و، بۆخۆشم له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای باواجی به هه‌ردوو گۆرانی (جوانی كوێستان و زارا) پله‌ی سێیه‌مم به‌ده‌ستهێنا). ( 5)
پێشبڕكێیه‌كه له‌نێوان هونه‌رمه‌ندانی كچان و پیاوانیشدا بووه له‌نێو كچاندا خاتوو (سه‌میره نادر) ئه‌ویش سه‌ركه‌وتوویه‌كی میهره‌جانه‌كه بووه.
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید خۆی یه‌كێك بووه له‌به‌شداربووانی میهره‌جانه‌كه به‌گۆرانی (حه‌ریره) به‌شداربووه ده‌ڵێت: من خه‌ڵاتی باشترین گۆرانیم پێ به‌خشرا ئه‌ویش مه‌دالیای ئاڵتوونی بوو، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن گه‌رمیانی دووه‌می میهره‌جانه‌كه بوو). (6)
خه‌ڵاتی یه‌كه‌می به‌خشراو به هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید بریتی بووه له 150 دیاری ئه‌و كات و مه‌دالیایه‌كی زیو بووه، ئایا ده‌بێت هونه‌رمه‌ند خه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌رگرتبێت؟!
هونه‌رمه‌ند و دكتۆر كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید:
دوای مانه‌وه‌م بۆ ماوه‌ی 4 ڕۆژ له شاری به‌غدا، له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه وه‌ره‌قه‌یه‌كیان پێدام، بیبه‌مه‌وه بۆ خانه‌قین له‌لایه‌ن یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان لقی خانه‌قینه‌وه مۆری یه‌كێتییه‌كه‌ی لێ بدرێت، منیش گه‌ڕامه‌وه بۆ شاری خانه‌قین، هه‌ستم كرد بارودۆخ ئاسایی نییه و ده‌رگای یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان داخراوه و كه‌سی لێ نییه، دواتر بیستم كه له‌نێوان حكوومه‌تی عێراق و سه‌ركردایه‌تی كورد شه‌ڕ ده‌ستی پێ كردۆته‌وه، له‌به‌رئه‌وه نه وه‌ره‌قه‌كه‌م بۆ مۆركرا و نه خهڵاتهكانیشم وه‌رگرت..؟!
دوای دوو مانگ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ، حیزبی به‌عس بۆ په‌رده‌پۆشكردن و ڕیكلام بۆ مه‌رامه گڵاوه‌كانی خۆی و به‌خه‌ڵك ڕابگه‌یه‌نێ كه وڵات ئارامه، مه‌به‌ستی بوو میهرهجانێكی دیكه له‌به‌غدا ساز بكاته‌وه، ئه‌وه‌ش چۆنم هه‌ست پێ كرد ڕۆژێك له ماڵه‌وه بووم ماڵمان له‌ناوچه‌ی پاڵاوگه‌ی نه‌وتی خانه‌قین بوو، ئۆتۆمبێلێك له‌به‌ر ده‌رگای ماڵمان وه‌ستا منیش له‌په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌وه بینیم له‌سه‌ری نووسرابوو (وزارة اعلام _ وه‌زاره‌تی ڕاگه‌یاندن)، له ده‌رگایان دا و باوكم چووه ده‌ره‌وه و قسه‌ی له‌گه‌ڵدا كردن، دواتر باوكم هاته ژووره‌وه و لێم پرسیی ئه‌وانه كێ بوون و چی‌یان ده‌ویست؟
باوكم گوتی له به‌غداوه هاتوون به‌دواتدا بۆ ئاهه‌نگ، پێموتن كه لێره نییه و چووه بۆ شاری سلێمانی..!
گوتی: ده‌بێت هه‌ر ئێستا به‌ڕێ بكه‌ویت بۆ سلێمانی و لێره مه‌مێنه، منیش هه‌ر ئه‌و ڕۆژه شاری خانه‌قینم به‌جێهێشت و له‌ڕێی جه‌له‌ولا و ده‌ربه‌ندیخانه‌وه گه‌یشتمه سلێمانی.
ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد حیزبی به‌عس شاڵاوی به‌عه‌ره‌بكردن و ڕاگواستنی زۆره‌ملێی كورد له شاری خانه‌قین و چوونه سه‌رماڵه كورده‌كان و ده‌ركردنیان و به زۆر داگیركردنی ماڵه‌كانیان ده‌ستی پێ كرد، ماڵی باوكیشم كه‌وته به‌ر ئه‌و شاڵاوه دڕندانه‌یه و مالیان داگیركرا و ناچار ئه‌وانیش به‌ره‌و سلێمانی هاتن.
هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید و تیپی مۆسیقای سلێمانی..!
هونه‌رمه‌ند تا پۆلی دووی ناوه‌ندی له شاری خانه‌قین ده‌خوێنێ، دوای ئه‌وه‌ی خانه‌قین به‌جێ دێڵێ، له سلێمانی له ناوه‌ندیی سیروان ده‌ست ده‌كاته‌وه به‌خوێندن، به‌ڵام هۆش و بیری له‌لای هونه‌ری گۆرانیگوتنه، له‌و كاته‌دا كه ده‌چێته شاری سلێمانی و بیر له‌وه ده‌كاته‌وه په‌یوه‌ندی بكات به‌تیپی مۆسیقای سلێمانییه‌وه، به‌ڵام له‌و كاته‌دا زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌گه‌ڵ تیپه مۆسیقییه‌كانی كوردستان له شاخ به‌ناوی (تیپی مۆسیقای شۆڕش) خزمه‌تی هونه‌ری به‌رگری و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان ده‌كرد و تێده‌كۆشان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكی كوردستان.
دوای نسكۆی ساڵی 1975 ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای سلێمانی گه‌ڕانه‌وه شار، منیش وه‌ك خاوه‌نی مه‌دالیای میهره‌جانی یه‌كه‌می كوردی په‌یوه‌ندیم پێوه‌كردن و ئه‌وانیش به‌خۆشحاڵییه‌وه وه‌ك ئه‌ندامی كارای تیپی مۆسیقای سلێمانی وه‌رگیرام، كه هه‌میشه بۆ من جێگای شانازییه.
كار و تێكۆشانی هونه‌ری، هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی..!
دوای ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ده‌بێته ئه‌ندامی كارای تیپی مۆسیقای سلێمانی، تیپی ناوبراو بۆ به‌په‌رچدانه‌وه‌ی سیاسه‌ته چه‌په‌ڵه‌كانی حیزبی به‌عس و به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی جه‌ماوه‌ر دوای نسكۆ، تیپی مۆسیقای سلێمانی تێده‌كۆشن له ڕێی هونه‌ره‌وه خۆشیی و شادی ببه‌خشنه‌وه به جه‌ماوه‌ر، هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید ده‌ڵێت:
شاری سلێمانی ببووه چرای ڕۆشنی هه‌موو بواره‌كان، نه‌ك ته‌نها بواری هونه‌ری به‌ڵكو ببوه ئاوات و ئومێدی دواڕۆژی خه‌ڵكی كورد، تیپی مۆسیقای سلێمانی ئه‌ویش ببوه سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆر ئاوات به‌خش بۆ خه‌ڵك، هونه‌رمه‌ندانی ئازیزی ئه‌و تیپه به‌رده‌وام له هه‌وڵ و تێكۆشانی هونه‌ری دابوون، مه‌به‌ستیان بوو زیاتر تێبكۆشن له‌پێناو به‌دیهێنانی هونه‌رێكی ڕه‌سه‌ن، له‌وپێناوه‌دا كاریان كرد له هه‌موو بۆنه‌كانی سه‌ری ساڵ و نه‌ورۆز و بۆنه پیشه‌یی و سه‌ندیكاكان ئاهه‌نگی زۆر سه‌ركه‌وتووانه‌ی گێڕا و له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه پێشوازی لێ ده‌كرا، خۆشبه‌ختانه تا ئه‌و كاته‌ی له شاری سلێمانی بووم له هه‌موو ئه‌و بۆنه و ئاهه‌نگانه به‌شداربووم، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم جیا له‌و دوو گۆرانییه (گۆزه‌ی سووری سه‌رشانی و په‌رستگای دڵ)، به‌شانازییه‌وه له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌شداربووم له كۆڕاڵی (هۆمهچۆ جامهچۆ) له ئاماده‌كردنی مامۆستای ئازیز خالید سه‌ركار له‌و كۆڕاڵهشدا به‌شداربووم.
تیپی مۆسیقای سلێمانی له كۆتایی ساڵی 1975 خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن بۆ تۆماركردنی چه‌ند به‌رهه‌مێكی هونه‌ری، هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید یه‌كه‌م كاری هونه‌ری له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی تۆمار ده‌كات به ناوی (گۆزه‌ی سووری سه‌رشانی)، ئه‌و گۆرانیه پێشتر هونه‌رمه‌ندی گه‌وره (مه‌زهه‌ری خالقی) به‌ناوی (زارا) خوێندوویه‌تی له ساڵی 1967 و هۆنراوه و ئاوازی ( فۆلكلۆر)ـه.
(كوڵمی گوڵی گوڵاوه، شیرینه ده‌ڵێی قه‌نداوه
له‌به‌ر ئه‌و دایكی ده‌مرم، مه‌مكی له ده‌می ناوه). (7)
ئه‌و گۆرانیه‌وه به‌رهه‌مه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی له سه‌ره‌تای ساڵی 1976 له ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك تۆماری ده‌كه‌ن و له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه پێشوازییه‌كی بێ وێنه‌ی لێ كرا.
له ساڵی 1977 تیپی مۆسیقای سلێمانی كۆمه‌ڵه به‌رهه‌مێكی ڕه‌سه‌ن و ناوازه له ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا به‌شێوه‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ تۆمار ده‌كه‌ن، هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید وه‌ك ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی به گۆرانی (په‌رستگای دڵ) به‌شدار ده‌بێت، ئه‌و گۆرانییه له هۆنراوه‌ی مامۆستا محه‌مه‌د ئه‌سعه‌د ساڵه‌یی و ئاواز و ئاماده‌كردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند سه‌لاح ڕه‌ئووف بووه، هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید ده‌ڵێت:
ئه‌و كاته من وه‌ك گه‌نجێكی تازه‌پێگه‌یشتوو له ستۆدیۆ خۆمان ئاماده ده‌كرد، له‌ناو ستۆدیۆ یادی به‌خێر ئه‌دیب و شاعیر و ڕۆژنامه‌نووسی به‌توانا ئه‌حلام مه‌نسوورم ناسی، له‌پشتی كامێراوه له‌گه‌ڵ كامێرامانه‌كه ده‌وه‌ستا و سه‌رنجی ده‌دا، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ن له كاتی خوێندن و تۆماركردنی گۆرانییه‌كه من بزه‌یه‌ك بهڕووخسارمهوه ده‌رده‌كه‌وێت، له‌و كاته‌دا له پشتی كامێراوه له ستۆدیۆ ئه‌و خاتوونه ڕه‌وانشاده (ئه‌حلام مه‌نسوور) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كردم كه پێبكه‌نم، بۆیه له هه‌ندێ كاتی گۆرانییه‌كه پێكه‌نین بهسیمامهوه دیاره.
ڕۆژنامه‌نووسی بوێر خاتوو (ئه‌حلام مه‌نسوور 1/7/1951_10/1/2013) له ڕیپۆرتاژ و دیمانه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی تۆماركردنی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1977 له ستۆدیۆی پێنجی ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا نووسیویه‌تی:
به‌ئیمزای سێ به‌ڕێوه‌به‌ر و به چاو قایمی، توانیمان له ده‌رگای ستۆدیۆی ژماره پێنج له ته‌له‌فزیۆنی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی به‌غدا بده‌ین و خۆمان بكه‌ینه ژووره‌وه و بۆ ماوه‌ی 12 سه‌عات و له‌ژێر ڕووناكی چل و شه‌ش پرۆژۆكتۆر و له‌نێو جوله جولی سێ كامێرا و ورته‌ورتی ده‌رهێنه‌ر و هه‌را و هوریای پرۆڤه و تۆماركردن و دووباره‌كردنه‌وه و وره به‌رنه‌دان و گه‌رما و برسییه‌تی و به دزی جگه‌ره‌كێشان و به‌چرپه‌چرپ له گوێی یه‌كتریدا، توانیمان شتێكی بچووك ده‌رباره‌ی دوابه‌رهه‌می تیپێكی نازداری میلـله‌تی كورد بنووسین. ( 8)
دوای ئه‌وه‌ی خاتوو ئه‌حلام مه‌نسوور (یادی به‌خێر) گوتووێژ له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار و گۆرانیبێژی تیپی مۆسیقای سلێمانی ئه‌نجام ده‌دات، ده‌گاته نۆره‌ی هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید و نووسیویه‌تی: خۆمان ئاماده‌كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند پرسیارێك له هونه‌رمه‌ندێكی لاو و قۆز و به‌هره‌دار بكه‌ین ئه‌ویش كاك كامه‌ران عه‌بدولمه‌جیده، دوای یه‌كێك له‌پرسیاره‌كان له هونه‌رمه‌ند ده‌پرسێ: مۆسیقا ئه‌زانی؟
كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید : به‌ڵێ (عوود) به‌شێوه‌یه‌كی (بیستن به‌گوێ) نه‌ك به نۆته، به‌ڵام هه‌وڵ ئه‌ده‌م به‌شێویه‌كی زانستییانه فێری مۆسیقا ببم، ئه‌ویش به هاوكاری و یارمه‌تی ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای سلێمانی.
خاتوو ئه‌حلام مه‌نسوور له به‌شێكی ڕیپۆرتاژهكهیدا ئاماژه به ژماره‌ی هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربووی ئه‌و تۆماركردنی ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییانه ده‌دات: له‌م به‌رهه‌مانه‌دا 63 هونه‌رمه‌ند به‌شداربوون، 21 هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار، 7 هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و 35 كۆرسی كچ و كوڕ، هه‌روه‌ها باس له ڕووداو و ئاسته‌نگه‌كانی كاتی تۆماركردن ده‌كات له‌ناو ستۆدیۆ، لهبهشێكیدا ده‌ڵێت: نۆره‌ی گۆرانیبێژێكی خنجیلانه و جوان هات، هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید، ڕاوه‌ستابوو چاوه‌ڕێی ده‌كرد، مۆسیقای تیپه‌كه ده‌نگی هات و كاك كامه‌ران ده‌ستی پێ كرد و كامێرا كوژایه‌وه، دیسانه‌وه ده‌ستی پێ كرد و كوژایه‌وه... بۆ سێیه‌مجار نیوه‌ی گۆرانییه‌كه‌ی گوت و ده‌رهێنه‌ر هاواری كرد، ستۆپ،،، ئه‌مه ستۆدیۆ نییه پڕی مێشه..؟!. (9)
هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید و گه‌شتی بۆ هه‌نده‌ران...؟!
دوای تۆماركردن و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1977، زۆر به زوویی ئه‌و گۆرانیانه كه‌وته به‌رگوێی بیسه‌ر و هۆگرانی مۆسیقا و گۆرانی و له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه پێشوازییه‌كی زۆر له‌و كاره هونه‌رییه ڕه‌سه‌نانه كرا، بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كان بریتی بوون له:
یه‌كه‌م: پارچه موزیكی (تانجه‌رۆ) ئاواز و دابه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند (سه‌لاح ڕه‌ئووف).
دووه‌م: گۆرانی (په‌رستگای دڵ)، هۆنراوه‌ی: (محه‌مه‌د ئه‌سعه‌د ساڵه‌یی) ئاواز و دابه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند (سه‌لاح ڕه‌ئووف)، گوتنی هونه‌رمه‌ند (كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید).
سێیه‌م: گۆرانی (ئاره‌زووی ده‌روون)، هۆنراوه‌ی (ئه‌حمه‌د قه‌ره‌داخی)، ئاواز و دابه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند (ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی)، گوتنی هونه‌رمه‌ند (ئه‌سعه‌د قه‌ره‌داخی).
چواره‌م: گۆرانی (سۆزی گه‌رمیان) هۆنراوه و ئاوازی (فۆلكلۆر)، ئاواز و دابه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند (خالید سه‌ركار)، گوتنی هونه‌رمه‌ند (حه‌سه‌ن گه‌رمیانی).
پێنجه‌م: گۆرانی (ده‌مه‌ڕۆ)، هۆنراوه‌كه‌ی له (فۆلكلۆره)ـه‌وه وه‌رگیراوه، ئاواز و دابه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند (دلێر ئیبراهیم)، گوتنی هونه‌رمه‌ند (عه‌بدولقادر حه‌سه‌ن).
شه‌شه‌م: گۆرانی (شیرینه سه‌وزه و مریه‌مێ)، هۆنراوه و ئاوازی (فۆلكلۆر)، ئاواز و دابه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند (ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی)، گوتنی هونه‌رمه‌ند (عوسمان عه‌لی).
حه‌وته‌م: گۆرانی (خه‌وه خه‌یاڵه)، هۆنراوه‌ی (گۆران)، ئاوازی هونه‌رمه‌ند (عومه‌ر سه‌ركار) ئاواز و دابه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند (ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی)، گوتنی هونه‌رمه‌ند (عه‌باس محه‌مه‌د).
هه‌شته‌م: كۆڕاڵ، شیعری (فۆلكلۆر)، ئاواز و دابه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند (خالید سه‌ركار)، گوتنی 30 كوڕ و كچ.
نۆیه‌م: لاواندنه‌وه، بۆ یادی چوار هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ، هۆنراوه‌ی (نه‌جاح بێبه‌خت)، ئاوازی هونه‌رمه‌ند (دلێر ئیبراهیم)، ئاماده و دابه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند (ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی)، گوتنی هونه‌رمه‌ند (ئه‌سعه‌د قه‌ره‌داخی و خاتوو ڤیان محه‌مه‌د ساڵه‌ح). ( 10)
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆرانی (په‌رستگای دڵ)ی هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید، له‌چوارچێوه‌ی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی، ناجێگیری بارودۆخی وڵات، هونه‌رمه‌ند له كۆتایی ساڵی 1978 ڕێگه‌ی غوربه‌ت به‌ره‌و هه‌نده‌ران ده‌گرێته به‌ر و زێد و نیشتمانه‌كه‌ی به‌جێ دێڵێت، له وڵاتی نه‌مسا ده‌گیرسێته‌وه و هه‌وار هه‌ڵده‌دات و مافی په‌نابه‌ری له‌و وڵاته وه‌رده‌گرێت، ده‌ست به خوێندن ده‌كات، ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تای ژیانی نوێی له تاراوگه و تێكه‌ڵاوبوون به فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری ئه‌و وڵاته و هه‌روه‌ها تێكه‌ڵاوبوون به خه‌ڵك و هه‌وڵدان بۆ ژیان و خوێندن و درێژه‌دان به هونه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت:
بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌نێو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات (AKSA) كه‌وتمه كاركردن، له هه‌موو یاد و بۆنه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان په‌یوه‌ندی به كورد و دۆزی كوردستانه‌وه هه‌بووبێ به‌خۆشحاڵییه‌وه وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی من تێیدا به‌شداربووم، شایانی باسه (AKSA) ببوو به هه‌وێنی ئه‌و كار و چالاكییانه كه زۆر به‌جوانی و ڕاسته‌وخۆ تێكه‌ڵاوی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه و كوردی ئاواره‌ی هه‌نده‌ران بووین، تا ئه‌و جێیه‌ی بۆمان كرا تێكۆشاین، كوردستان‌مان ده‌خسته نێو دڵی ئه‌و خه‌ڵكه له‌و وڵاتانه‌ی كاری هونه‌ریمان تێدا ئه‌نجام ده‌دا.
دوای تێگه‌یشتنم له‌و بارودۆخه و له نزیكه‌وه ناسینی كه‌سایه‌تییه‌كان، بڕیارم دا ڕێڕه‌وێك بۆ دوارۆژی خۆم دیاری بكه‌م و بتوانم كارێكی سوودبه‌خش هه‌م بۆ خۆم و هه‌م بۆ كۆمه‌ڵگا و بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌م كه‌ڵكی هه‌بێت..!
دوای چه‌ند ساڵێك سه‌ختی ژیانی نامۆیی له تاراوگه، بڕیارم دا زیاتر بخوێنم و ده‌ستم به خوێندنی پزیشكی كرد، ببمه پزیشك له داهاتوودا خزمه‌ت بهنهتهوهكهم بكه‌م به‌داخه‌وه كه هه‌میشه له بارودۆخێكی دژوار و ناهه‌مواردا ژیانی تێده‌په‌ڕێت.
ده‌رباری كاری هونه‌ریی و سازكردنی ئاهه‌نگ له هه‌نده‌ران له‌هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عهبدولمهجیدمان پرسیی؟
له وه‌ڵامدا پێی ڕاگه‌یاندم: ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی من گه‌یشتمه هه‌نده‌ران به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر كورد له هه‌نده‌ران و هه‌روه‌ها نه‌بوونی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار وه‌كو ئێستا نه‌بوو، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم بۆ یه‌كه‌مینجار له‌سه‌ری ساڵی زاینی 1982 بوو، كوردی هه‌نده‌ران هه‌موو پێكه‌وه كۆببینه‌وه و بۆنه‌یه‌ك دروست بكه‌ین، ئه‌ویش له ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ی بۆنه‌كه سه‌ری ساڵ بوو هه‌موو خه‌ڵكی وڵاتان به‌و بۆنه‌یه‌وه خۆیان ئاماده‌ده‌كرد و ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا و بازاڕ و شه‌قامه‌كان چۆڵ بوون، ئێمه‌ی كوردیش به‌داخه‌وه له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و كیانی سه‌ربه‌خۆ هه‌ستمان به‌ته‌نیایی ده‌كرد..؟! ئه‌وه بۆ من بوو به‌هه‌لێك و چه‌ند خانه‌واده‌یه‌كی كوردم به‌سه‌ركرده‌وه و مه‌به‌سته‌كه‌ی خۆمم پێ ڕاگه‌یاندن و دواتر بڕیارم دا شه‌وێكی خۆشی پڕ ئاهه‌نگ و مۆسیقا و گۆرانی، هه‌موو پێكه‌وه به‌خۆشیی شه‌وێكی خێزانی دروست بكه‌ین، دواتر بووه شه‌وێكی پڕ به‌خته‌وه‌ری و بووه مایه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و شه‌و ئاهه‌نگ و كۆبوونه‌وه خێزانییانه ببێته باو وه‌ك ئێستا چۆن له ته‌واوی وڵاتانی ئه‌وروپا گه‌لی كورد بۆ هه‌موو بۆنه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان و سه‌ری ساڵ كۆده‌بنه‌وه و به‌خۆشیی ئاهه‌نگ ده‌گێڕن.
هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید دوای وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی دكتۆرا وه‌ك پزیشكی پسپۆر، له ئێستادا وه‌ك پزیشك له یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی شاری (گراتس)ی وڵاتی نه‌مسا كار ده‌كات.
له دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991، هونه‌رمه‌ند گه‌ره‌كی بووه بگه‌ڕێته‌وه ئامێزی گه‌له‌كه‌یی و له نزیكه‌وه ئه‌و ئازادییه‌ی به‌خوێنی شه‌هیدان و هێز و بازووی پێشمه‌رگه و جه‌ماوه‌ری كوردستان به‌دیهاتووه ببینێت، دوای 14 ساڵ ئاواره‌یی و ژیان به‌ڕێكردن له تاراوگه هونه‌رمه‌ند و دكتۆر كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید له ساڵی 1993 له ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه ده‌گاته‌وه باشووری كوردستان، به‌ڵام له هه‌گبه هونه‌رییه‌كه‌یدا ئاوازێكی به‌سۆزی له‌ته‌ك خۆیدا به دیاری بۆ هه‌واداره‌كانی هێنابۆوه.
(ماوه‌یه‌ك بوو ئاوازێكم دانابوو، له ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕام كه بگه‌ڕێمه‌وه وڵات و تۆماری بكه‌م، له وه‌رزی زستانی ساڵی 1993 ئه‌و ساڵه به‌فرێكی زۆر باریبوو و كه‌شوهه‌وا زۆر سارد بوو، من ماوه‌ی 14 ساڵ بوو له كوردستان دابڕابووم، خه‌ریك بوو شێت ده‌بووم و تامه‌زرۆی دیتنی وڵات و ئازیزانم بووم، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش په‌یوه‌ندیكردن به‌وشێوه‌ی ئێستا نه‌بوو..!
به‌هه‌رحاڵ تاكه ڕێگه‌ی هاتنه‌وه‌م وڵاتی ئێران بوو، واته له ڤیه‌نناوه بۆ تاران و له‌وێشه‌وه بۆ شاری كرماشان و شاری سنه و له‌وێشه‌وه بۆ مه‌ریوان.
له هه‌نده‌ران ئاوازێكم له‌سه‌ر هۆنراوه‌یه‌كی مامۆستا گۆران (ڕه‌حمه‌ت له گڵكۆكه‌ی) دانابوو، به‌ناوی (بۆ گوڵی لاو لاو)...
(به‌كوڵ گریان له‌چاوم دێ، گوڵی لاولاوی ڕه‌نگاوڕه‌نگ!
له‌به‌رچی سیس ئه‌بی وازوو؟ چیه ئه‌سبابی ژاكانت؟
ئارامی گیانم،،، ئارامی گیانم).
كاتێك گه‌یشتمه‌وه سلێمانی چه‌ند تامه‌زرۆی دیداری ئازیزانم بووم، ئه‌وه‌نده‌ش تامه‌زرۆبووم ئه‌و ئاوازه بخوێنم، هه‌رزوو خۆم گه‌یانده لای مامۆستای گه‌وره خاڵه (ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی)، ده‌ست و پل و په‌نجه‌كانی نه‌ڕزێ و هه‌میشه گوڵ بگرن، دابه‌شكردنێكی وه‌های بۆ داڕشت بوو! زۆر پێی سه‌رسام بووم، له ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته پرۆڤه‌مان له‌سه‌ر كرد و مامۆستا ئه‌نوه‌ر زه‌حمه‌تی كێشا هه‌ر له ستۆدیۆكه‌ی خۆی تۆمارمان كرد.
له كاتی پرۆڤه دابووین مامۆستا ئه‌نوه‌ر پرسیاری لێكردم و گوتی:
كامه‌ران گیان ئه‌م هۆنراوه‌یه كێ بۆی هه‌ڵبژاردووی؟
منیش پێم گوت خاڵه گیان به‌سه‌لیقه‌ی خۆم هۆنراوه‌كه‌م هه‌ڵبژارد، چونكه زۆر پڕ هه‌ست و جوان بوو كاریگه‌ری له‌سه‌رم دانا.
دیسانه‌وه پێ گوتم: ئه‌ی ئافه‌رین بۆ هه‌ڵبژاردنت، ڕێك له‌گه‌ڵ ئاوازه‌كه‌دا گونجاوه). (11)
جا به‌ڕاستی گۆرانی بۆ گوڵی لاولاو، شاكارێكی به‌رز و جوانی هونه‌رمه‌ند و دكتۆ كامه‌ران عه‌بدولمه‌جیده، یه‌كێكه له‌و ئاوازانه‌ی زۆر زوو له دڵ و ده‌روونی گوێگردا جێی خۆی گرت، چه‌ند ئاوازه‌كه و هۆنراوه‌كه و ده‌نگی ناسك وخۆشی هونه‌رمه‌ند بووه جێی سه‌رسامی و په‌سه‌ندی هه‌وادارانی گۆرانی و مۆسیقا، ئه‌وه‌نده‌ش ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقاكه دڵ‌نشین و جێی خۆشحاڵی جه‌ماوه‌ر بوو، ده‌ست و پل و په‌نجه و هه‌ستی جوانی هونه‌ریی مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی خۆش و پڕ وزهبێت بۆ ئه‌و كاره هونه‌ره به‌رزه‌ی وه‌ك هه‌موو كاره هونه‌رییه‌كانی دیكه‌ی.
هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید له ساڵی 2006 جارێكی دیكه ده‌گه‌ڕێته‌وه نیشتمان و وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ شاره شیرینه‌كه‌ی كوردستان شاری خانه‌قین، سروودێك بۆ زێده‌كه‌ی تۆمار ده‌كات به‌ناوی (خانه‌قین)
(ئه‌ی خانه‌قین،،، ئه‌ی شاره‌كه‌م، ئه‌ی شاره‌كه‌ی كوردستانه‌كه‌م)، هونه‌رمه‌ند ئه‌و سرووده له شاری خانه‌قین تۆمار ده‌كات به‌شێوه‌ی كلیپ به هاوكاری كۆمه‌ڵێك كچ و كوڕی ئه‌و شاره.
له هۆنراوه‌ی سه‌لاحه ڕه‌ش و ئاواز و گوتنی هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید، مۆسیقا و ئاماده‌كردنی سرووده‌كه مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی.
هونه‌رمه‌ند و دكتۆر كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید، وه‌ك تاكێكی ئه‌م وڵاته هه‌میشه له خه‌می گه‌له بنده‌ست و چهوساوهكهیدا بووه، كاتی شه‌ڕی نه‌گریسی داعش به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵك و خاكی كوردستان، هونه‌رمه‌ند ئۆقره‌ی لێده‌بڕێ، وه‌ك هونه‌رمه‌ند و پزیشكێك و پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌به‌ره‌ی سه‌نگه‌ری به‌رگریدا له میحوه‌ری (مه‌لا عه‌بدوڵڵا)ی لای شاری كه‌ركووك هاوشانی برا پێشمه‌رگه نه‌به‌رده‌كانی كوردستان خزمه‌ت ده‌كات، ئه‌و شه‌ڕه نه‌گریسه هێنده كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی داده‌نێت و ده‌ڵێت:
وه‌ك پشتگیریكردنی ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه و نهبهردییهكانیان دژی شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كانی داعش، له‌به‌رامبه‌ر شه‌ونخوونی و خۆڕاگری پێشمه‌رگه ئازاكان و ئه‌و شه‌هیدانه‌ی له‌پێناو پاراستنی خه‌ڵك و خاكی كوردستاندا گیانیان به‌خت كردبوو، وه‌كو تیمێكی پزیشكی چووین بۆ به‌ره‌كانی شه‌ڕ، به‌مه‌به‌ستی پشكنین و ڕێنمایی پێدانی پزیشكی و چاره‌سه‌ری بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی پێویستیان پێی بوو، ئه‌و هه‌ست و خواست و دڕه‌نده‌یی داعش، له مێشكمدا ده‌هات و ده‌چوو، له ماوه‌ی 10 خولهك توانیم هۆنراوه‌یه‌ك و ئاوازێك دابنێم، له شێوه‌ی سروود به‌ناوی (ڕۆڵه‌ی نه‌مر)، دواتر هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (عومه‌ر عه‌بدولڵا) داڕشتنێكی مۆسیقای زۆر جوانی بۆ كرد و به هاوكاری مامۆستا (كاروان نووری) به‌ده‌نگی منداڵانی خوێندنگای (میدیا) خوێندرا و له ڕێگه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ركووك په‌خش ده‌كرا). (12)
ده‌رباره‌ی كار و تێكۆشانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید، په‌یوه‌ندیم كرد به د. عادل مه‌لاكه‌ریم سه‌رۆكی تیپی مۆسیقای سلێمانی، پێی ڕاگه‌یاندم:
دکتۆر کامەران دەتوانین بڵێین کە جەڕەسی دەنگی خۆشە ئاوازی ئەم دوو گۆرانییەی زۆر جوان چڕیوە پەرستگای دڵ لە ئاوازی مامۆستا سەڵاح ڕەئووف و گۆرانی بۆ گوڵی لاو لاو لە ئاوازی خۆیەتی، دەنگی لە ڕێچکەی ھونەرمەند مەزھەری خالقییە، ماوەیەک لە دەرەوەی وڵات لە ڤییەنا سەرقاڵی خوێندنی دەنگ بووە بە شێوەیەکی زانستی، لەبەرئەوە باکگراوندێکی باشی لە ڕۆشنبیری موزیک‌دا ھەیە، لە کۆنسێرتێک لەگەڵ ئۆرکێسترای سلێمانی بە دوو گۆرانی کلاسیکی ئەوروپی بەشدار بوو). (13)
هه‌روه‌ها نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس نازم دڵبه‌ند به‌و شێوه‌یه خوێندنه‌وه‌ی بۆ هونه‌رمه‌ند و دكتۆر كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید كردووه و نووسیویه‌تی:
تۆ یەکێکی لەو دەنگانەی هەرگیز دانابڕێی لە سۆزی هەست، چونکە ئەو دەنگە بەشێکە لە بەهرەیەکی خودێی، ئینجا ڕێچکەیەکیشە بۆ گەیشتن بە هونەری ئاوازوموزیک، یانی تۆ نامۆ نیت لە هونەر، بۆیە ته‌مه‌نتان باڵاتربێ ئەو دەنگەشت هەر بەخۆشی دەمێنێتەوە...
هەموو ئاوازدانەر و دابەشکارە موزیکزانەکانیش لەوە گەیشتوون ئەم دەنگە هەمیشە لە لوتکەدا دەمێنێتەوە، بۆیە هەرگیز هیلاکی لە هیچ کارێکی داهێنەرانە بۆ ئەم دەنگە ساردیان ناکاتەوە، بەپێچەوانەوە سەرکەوتنێکی هونەری چاوەڕێیان دەکات، یەکێکیش لەوانە هونەرمەندی گەورەئەنوەر قەرەداخییە کە توانیویەتی ئەو سەرکەوتنه بەدەستبێنێ، نموونەش دوای 15 ساڵ جارێکی تر ئاشنابوونەوە لەگەڵ ئەم دەنگەی تۆ و ئەو گۆرانییەی تۆ کە چ تاموچێژێکی داهێنەرانەی پێبەخشیوە). (14)
هونه‌رمه‌ند و دكتۆر كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید له ساڵی 2001 ژیانی هاوبه‌شی پێكهێناوه و به‌روبوومی ئه‌و ژیانه هاوبه‌شه 2 منداڵه (تهمهنداربن)، ئێستا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و دوو منداڵه‌كه‌ی له شاری (گراتس)ی وڵاتی نه‌مسا ده‌ژی.
ماوه‌یه‌كیش هونه‌رمه‌ند و دكتۆر كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید سه‌رپه‌رشتیاری سه‌نته‌ری (نه‌خۆشی شه‌كره) بووه له شاری سلێمانی، سه‌باره‌ت به بیرۆكه‌ی كردنه‌وه‌ی وانه و خولی ڕاهێنان و كار و ئه‌ركه‌كانی ئه‌و بیرۆكه نوێیه له دكتۆرم پرسی، له‌وه‌ڵامدا پێی ڕاگه‌یاندم: مه‌به‌ست له كردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌نته‌ره زیاتر هوشیاری و ڕاهێنانی ئه‌و نه‌خۆشانه بوو كه نه‌خۆشیی درێژخایه‌نیان هه‌بوو، واته به‌ناوی (Education for Patients with Chronic Diseases) په‌روه‌رده بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كهنهخۆشیی درێژخایه‌ن و درێژخایه‌نیان هه‌یه.
له ساڵی 2009 هاتمه‌وه، به‌ڵام پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی من ئه‌و سه‌نته‌ره هه‌بوو، به‌ڵام نه‌خۆشێكی كه‌م ڕوویان له‌و سه‌نته‌ره بوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته گه‌ڕامه‌وه له سه‌نته‌ری ناوبراو خولی ڕاهێنان و هوشیاری ته‌ندروستی زیاتر بده‌ین به‌نه‌خۆش، چونكه ئه‌و خولی ڕاهێنان و هوشیاری ته‌ندروستییه گرینگه له 7 وڵاتی گه‌وره‌ی دنیا بوونی هه‌بوو، سوپاس بۆ خوای گه‌وره دوای هه‌وڵدانێكی زۆر توانیم كوردستانیش ببێته هه‌شته‌مین وڵات، زیاتر مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌بوو كه نه‌خۆش وا ڕابهێنین كه خۆی ببێته پزیشكی خۆی، نه‌خۆش له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كه‌ی ڕابێت و بژی و چاره‌سه‌ری گونجاو وه‌ربگرێ، نه‌ك له‌ئه‌نجامی دڵه‌ڕاوكێ و نه‌شاره‌زایی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كه‌ی، دووچاری نه‌خۆشیی دیكه و خه‌مۆكی قووڵ ببێت..!
له ساڵی 2010 له سه‌نته‌ری شه‌كره‌ی سلێمانی ده‌ستمان پێ كرد، به‌ڕاستی كارێكی دڵخۆشكه‌ر بوو بۆ هه‌موو هاووڵاتییه‌ك، چونكه نه‌خۆشخانه‌كه له هه‌موو ڕوانگه‌یه‌كه‌وه به‌ره‌وپێشچوونی به‌خۆوه ده‌دی خزمه‌تێكی زۆر گه‌وره‌ی به هاووڵاتییان ده‌كرد، دوای 7 هه‌فته له وانه گوتنهوهم به نه‌خۆشه‌كان، سه‌نته‌ری شه‌كره‌ی سلێمانی به‌باشترین سه‌نته‌ری شه‌كره له‌ئاست شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم ده‌ستنیشان كرا.
به‌داخه‌وه هونه‌رمه‌ند و دكتۆر كامه‌ران، لهبهردروستكردنی له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م كار و تێكۆشانه دڵسۆزانهكهی له سه‌نته‌ری شه‌كره‌ی سلێمانی ده‌ستله‌كار دهكێشتهوه و ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌نده‌ران، ئه‌و ماوه‌یه به هه‌وڵی دڵسۆزانه و لێهاتوویی دكتۆر كامه‌ران سه‌نته‌ری ناوبراو گه‌شه‌یه‌كی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه و جێی هیوا و ئومێدی ئه‌و نه‌خۆشخانه بووه كه نه‌خۆشیی درێژخایه‌نیان هه‌بووه.
هیوای ته‌مه‌نداری و به‌خته‌وه‌ری بۆ ده‌خوازم و ئومێده‌وارم به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر هونهرهجوان و دڵنشینهكهی.
جه‌مالی ده‌لاك (18/7/2024) هه‌ولێر.
سه‌رچاوه:
(1) هونه‌رمه‌ند خالید شه‌یدا، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك (4/2/2024).
(2) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و دكتۆر (كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید) له ڕێكه‌وتی (30/3/2024) (هه‌ولێر _ نه‌مسا).
(3) هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (جان تۆماس جانۆ) ڕۆحی شادبێت له ڕێكه‌وتی (5/3/2022) له‌سه‌ر وێنه‌یه‌كی میهره‌جانی ناوبراو له تۆڕی كۆمه‌لایه‌تی فه‌یسبووك، له واڵه‌كه‌ی خۆم دامبه‌زاندبوو، مامۆستا جان ئه‌و خوێندنه‌وه جوانه‌ی نووسیبوو (جه‌مالی ده‌لاك).
(4) كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید سۆزێكی ڕه‌سه‌ن، به‌رنامه‌ی كارلێك، ئاماده و پێشكه‌شكردنی (به‌رزان كه‌ریم) كه‌ناڵی ئاسمانی كوردسات، یوتووب (20/4/2016).
(5) دیدارم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (سه‌لاح پشده‌ری) له ماڵی خۆیان له شاری هه‌ولێر، له ڕێكه‌وتی (20/11/2022) (ج،د).
(6) به‌رنامه‌ی (ڕوونتر) دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (سه‌لاح مه‌جید) ئاماده و پێشكه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند (هه‌ڵگورد ساڵح) له ساڵی (2011) له كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس بڵاوكراوه‌ته‌وه.
(7) كتێبی (هاواری دڵ) گۆرانییه‌كانی مامۆستا (مه‌زهه‌ری خالقی) ئاماده‌كردنی (بوار نوره‌دین) چاپی پێنجه‌م، لاپه‌ڕه (101).
(8 و 9 و 10 ) تۆمارێك ده‌رباره‌ی تیپی مۆسیقای سلێمانی _ له‌نێو ستۆدیۆدا، ئه‌حلام مه‌نسوور، گۆڤاری (به‌یان) ژماره (52) تشرینی دووه‌می 1978، لاپه‌ڕه( 87).
(11) یاده‌وه‌ریی هونه‌رمه‌ند و دكتۆر كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید، واڵی خۆی له تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، (28/3/2023).
(12) یاده‌وه‌ریی هونه‌رمه‌ند و دكتۆر كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید، واڵی خۆی له تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، ( 30/5/2022).
(13) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ (د. عادل مهلاكهلایم _ سه‌رۆكی تیپی مۆسیقای سلێمانی) له ڕێكه‌وتی (22/4/2024) (هه‌ولێر _سلێمانی).
(14) نووسین و خوێندنه‌وه‌ی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس (نازم دڵبه‌ند) له تۆڕی كۆمه‌لایه‌تی فه‌یسبووك له(28/3/2023).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.