وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە میانەی كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نوێنەری كۆمەڵگەی ئێزیدییەكان رایگەیاند كە هێشتا ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی ئێزیدی لە عێراق ماون و بەهۆی مەترسییەكانی داعش و ناسەقامگیری ناوچەكانیان نەگەڕاونەتەوە ناوچەكانیان.
ئەمڕۆ سێشەممە ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە واشینتۆن كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ نوێنەری كۆمەڵگەی ئێزیدی ئەنجام دا.
لە كۆبوونەوەكەدا بلینكن گوتی: بەداخەوە ئێستا بەشێوەیەكی گشتی زیاتر لە ملیۆنێک عێراقی لە وڵاتەكەیان ئاوارەن.
گوتیشی: هێشتا نزیکەی 300 هەزار ئێزیدی لە ناوخۆی عێراق ئاوارەن و بەهۆی مەترسی و ناسەقامگیرییەوە نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها گوتی: جگە لە ئاوارەكان، تا ئێستاش 2600 ئێزیدی دیكە چارەنووسیان نییە و بێ سەروشوێنن.
جەختیشی كردەوە كە ئەوان وەك حكوومەتی ئەمەریكا هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ رزگاركردنی ئەو ئێزیدییانەی بێسەروشوێنن و هێشتا لە ژیاندا ماون.
لە كۆتاییدا گوتیشی كە حكوومەتی ئەمەریكا بڕی 500 ملیۆن دۆلاری بۆ سارێژبوونەوەی بارودۆخی پێکهاتەکان لە تەواوی عێراق تەرخان کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.