سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ هەینی هەردوو یانەی زاخۆ و دهۆك یاریی (پلەی ئۆف) لە خولی ئەستێرەكانی عێراق ئەنجام دەدەن بە مەبەستی بەشداریكردن لە پاڵەوانیەتییەكانی دەرەوەی عێراق.
هەردوو یارییەكە كاتژمێر 7:30ی سەرلەئێوارە بەڕێوە دەچن، یانەی دهۆك لەنێو یاریگەی شەعب لە بەغدا رووبەڕووی یانەی زەوڕا دەبێتەوە، یانەی زاخۆش لەنێو یاریگەی زەوڕا بەرامبەر یانەی نەجەف یاری دەكات.
بەگوێرەی سیستەمی یەكێتی تۆپی پێی عێراق، یارییەكانی (پلەی ئۆف) بە یەك یاری ئەنجام دەدرێن، لە حاڵەتی یەكسانبوونیش یارییەكە راستەوخۆ دەچێتە قۆناخی لێدانی سزای یەكلاكردنەوە بۆ كاتی زیادكراو.
براوەی هەردوو یارییەكەش، لە یارییەكی دیكەدا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، لەو یارییەدا براوەی یەكەم بەشداریی لە پاڵەوانیەتیی یانەكانی عەرەبی دەكات، دۆڕاویش بەشداری لە پاڵەوانیەتی خولی یانەكانی كەنداو دەكات.
هەر چوار یانەكەی (پلەی ئۆف) لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەكانی عێراق ریزبەندی پێشەوەی یانەكانیان گرتبوو، دوای یانەكانی شوڕتەی پاڵەوان و قووە جەوییەی خاوەن ریزبەندی دووەم، یانەی زەوڕا لە پلەی سێیەمی خولەكەدا بوو، دوای ئەویش یانەكانی نەجەف و زاخۆ و دهۆك لە ریزبەندی چوارەم و پێنجەم و شەشەمدا بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.