دوای سەردانی لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی باج لە حکوومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری، لەسەر چەند خاڵێک لەبواری باج گەیشتنە ڕێکكەوتن.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت كە رێككەوتنەكە دەبێتە کارئاسانی بۆ ئەو کارگە و کۆمپانیا و بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کار دەکەن، كارئاسانییەكانیش لە گرنگترینیان بریتین لە:-
1- داننان بە پاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە کە پێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا.
2- چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان، کە پێشتر داوای باجیان لێ دەکردن بە بیانووی ئەوەی بەرهەمەکانیان لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ساخ دەکەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو کارگانەی لە کوردستانن، دەبێت باجی داهاتەکانیشیان لە کوردستان بدەن.
3- چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی سووتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی هاندراو کە ماوەیەکە پێدانی سووتەمەنی بەو کارگانە ڕاگیراون بە بیانووی نەدانی باج بە حکوومەتی فیدراڵی.
4- ڕێکەوتن لەسەر یەکخستنی ڕێکار و ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج کرا بە میکانیزمی هاوبەش.
5- هەردوولا لەسەر بانکەکان ڕێکكەوتن کە بارەگای سەرەکی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج.
6- هەردوولا ڕێکكەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.