موزیكژه‌ن مه‌جید خۆشناو: زۆر گرنگه هونه‌رمه‌ندو نووسه‌رو شاعیر‌و ئه‌دیب تا له ژیان مابێت گرنگی پێ بدرێت و ڕێزی لێ بگیرێت.
هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن مه‌جید سه‌عید خدر ناسراو به (مه‌جید خۆشناو) له شاری شه‌قڵاوه له‌دایك بووه، لهسهردهمهێكی زووه وه‌كو ژه‌نیار خزمه‌ت به‌هونه‌ری كوردی كردووه، له ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له ئێزگه و ته‌له‌فزیۆنی كوردی به‌شداربووه، له تۆماركردنی چه‌ندین گۆرانی بۆهونه‌رمه‌ندان (تایه‌ر تۆفیق،ته‌حسین ته‌ها،فوئاد ئه‌حمه‌د) به‌شداربووه.
له‌سه‌رده‌می شۆرشی ئه‌یلول وه‌كو ژه‌نیار به‌شداری له ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆز و بۆنه نیشتمانی له ناوپردان و گه‌ڵاڵه‌دا كردووه.
هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی چه‌ندین ئاوازه ،له هه‌مان كاتدا له بواری نووسینیش خاوه‌نی چه‌ندین كتێبه.
هونه‌رمه‌ند مه‌جید خۆشناو ئه‌ندامی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان و عێراقه..به‌مه‌به‌ستی ئاشانا بوون به‌كارو چالاكییه‌كانی به‌چه‌ند پرسیارێك به‌سه‌رمان كرده‌وه.
هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس
*سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر بكرێت بۆ خوێنه‌رانمان باس له چۆنیه‌تی ئاشانابوونت به هونه‌ری موزیك بكه‌یت؟
- سه‌ره‌تای ئاشنابوونم به موزیك و خۆشه‌ویستیم بۆ ئه‌و هونه‌ره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌پۆلی دووی سه‌ره‌تایی بووم له قوتابخانه‌ی ڕزگاری كه مامۆستا" عه‌بدولواحید مه‌رجان" یه‌كه‌م ئاواز‌و سروودی به گوێمان چرپاند.
دوای فێری ژه‌نینی ئامێری كه‌مان بووم به‌ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای سه‌فین له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان" رزگار خۆشناو و ڕه‌نجبه‌ر خۆشناو " كه ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ندی له خۆ گرتبوو له‌وانه ره‌وانشاد" حه‌مید سه‌عید قه‌ساب" كه‌ئه‌وان دانه‌ری تیپهكهبوون.
له ساڵانی حه‌فتاكان (ئه‌وكاته‌ی قوتابی بووه له په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان). له‌زۆربه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌شداربوون، به‌تایبه‌تی ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ی كه له ناوپردان و گه‌ڵاڵه ساز ده‌كران، له دوای به‌یانامه‌ی 11ی ئادار به گڕووتینێكی تر ده‌ستمان به چالاكی كرده‌وه .
دوای ئه‌وه‌ی له په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا به‌شی موزیك وه‌رگیرام كاتێ له پشووه‌كان ده‌هاتنه‌وه له‌نیوه‌ی ساڵ و سه‌ڕی ساڵ پشووی هاوین دوای رێكه‌وتنه‌كه‌ی ئادار ئێمه به‌رده‌وام بووین له چالاكی تا ئێستاش به‌رده‌وامین،به چه‌ندین قۆناغی هونه‌ری تێپه‌ربووین.
*تا چه‌ند گرنگه ژه‌نیار ده‌رچووی فێرگه‌یه‌كی هونه‌ری بێت؟
- بێگومان گرنگه بۆ هونه‌رمه‌ند له هه‌ر بوارێك ده‌بێت بره‌و به‌هونه‌ره‌كه‌ی بدات ، به‌ڵی به‌مه‌به‌ستی بره‌ودانه به توانستهكانمان ، دوای به‌یانامه‌ی 11ی ئادار له‌په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا به‌شی موزیك ئامێری چه‌لۆ(ڤیۆلۆنسێل) وه‌رگیرام به‌شێوه‌یه‌كی زانستی گرنگی بههونهرهكهم دا.
زۆری چالاكیه‌كانم ئه‌و كاته له ئێزگه‌ی كوردی به‌غدا بوو له تۆماركردنی گۆرانیه‌كانی(تایه‌ر تۆفیق، ته‌حسین ته‌ها و فوئاد ئه‌حمه‌د) جگه له ئاهه‌نگه‌كانی نهورۆزو بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ساڵی 1975-1976، دوای پێنج ساڵ له خوێندن توانیم بڕوانامه‌ی دبلۆم له بواری موزیك به‌ده‌ست بهێنم.
*كامه‌ن ئه‌و ژه‌نیارانه‌ی كاریگه‌ریان له سه‌رتۆ هه‌بوو،یاخود سه‌رسامیت به ژه‌نینیان؟
- ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی من قوتابی بووم باشترین ژه‌نیاری كه‌مان له‌ناو عه‌ره‌بدا(عه‌بوود عهبدولعال)،بوو كه ژه‌نیارێكی به‌توانای لوبنان بوو، ئه‌و هونه‌رمه‌نده زۆرینه‌ی گۆرانیه‌كانی ئوم كه‌لسوم به كه‌مانه‌كه‌ی ئه‌ژه‌نی زۆر سه‌رسامی ژه‌نینی بووم.
له‌ناو كوردیشدا ژه‌نیاری به‌توانای كه‌مان زۆر كه‌من سهرسامیانم بوون وه‌كو "دڵشاد سه‌عید دهۆكی" كه‌هاوڕێی خۆمان بوو له په‌یمانگا ساڵێك دوای ئێمه بوو.
هه‌روه‌ها مامۆستا "ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی" نه‌ك من زۆری ئه‌و قوتابییه كوردانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه له ژێر كاریگه‌ری ئه‌وانه‌دا بوون.
له‌ئامێری چه‌لۆ من سه‌رسام بووم به مامۆستاكه‌م "حوسێن قه‌دوری" هه‌روه‌ها ره‌وانشاد كه‌نعان وه‌سفی كه ئه‌كته‌رێكی دیاری عێراقی بوو. كوڕێكی هه‌بوو ( قوسه‌ی كه‌نعان وه‌سفی) باشترین ژه‌نیاری ئامێری چه‌لۆ(ڤیۆلێنسێل)بوو، له لاوه‌كان له تیپی سه‌مفۆنیای ژه‌نیاری یه‌كه‌م بوو رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو له كۆنسێرته‌كانی ئامێری چه‌لۆ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر من هه‌بوو.
* كێن ئه‌وانه‌ی ئامێری كه‌مانیان داهێنا به‌واتایه‌كی دیكه نیشتنیمانی ئامێری كه‌مان كوێیه؟
- ئامێری كه‌مان ئامێرێكی ژێده‌ری رۆژئاواییه گه‌وره‌ترین رووبه‌ری له تیپه سیمفۆنیاكان داگیر كردوه زۆر جار ژماره‌یان له 30 ئامێری كه‌مان تێپه‌ڕ ده‌كات.
سه‌ره‌تای دۆزینه‌وه‌ی به‌فه‌رمی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م ،ئه‌وكاته به ده‌ست دروست ده‌كرا، به‌ناوبانگترین خێزانی دروستكه‌ری ئه‌و ئامێره خێزانی "سترادیڤاری" له ئه‌ڵمانیاو خێزانی" ئه‌مانی" بوون له ئیتاڵیا.
به‌ناوبانگترین دروستكه‌ری له خێزانی سترادیڤاری(ئه‌نتۆنیۆ سترادیڤاری)بوو. باشترین كه‌مان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و بلیمه‌ته ساڵی 1713 دورست ده‌كرا. باشترین ژه‌نیاری ئامێری كه‌مان و داهێنانه‌كانی له كۆنسێرتی كه‌مان(ئه‌نتۆنیۆ ڤیڤاڵدی) بوو له‌چه‌رخی باروك دا. به‌ڵام ئێستا دوای بوونی به كاری بازرگانی كارگه‌ی تایبه‌ت به‌و ئامێره له (ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا‌و چین و ژاپۆن و چیك ) ئه‌و ئامێره به‌رهه‌م دێنن.به‌ڵام هه‌موو كاتێك كاری ده‌ستی خوازراو تره.. وه‌كو كاره‌شی هه‌ورامان.
* ئاوازی تایبه‌ت به‌خۆت هه‌یه؟
ئه‌وه‌ی راستی بێت من جگه له ژه‌نین،له هه‌مان كاتدا گرنگیم به نووسین و سروود داوه كه له شاخ بووم، سروودی (قۆچی قوربانی وڵاتم) هۆنراوه‌ی دكتۆر مارف عومه‌ر گوڵ و وتنی هونه‌رمه‌ند ی كۆچكردوو "تاهیری خه‌لیلی" ئاوازی من بوو، هه‌روه‌ها هۆنراوه‌یه‌كی شاعیر حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن ناو نیشانی هۆنراوه‌كه‌م له‌بیر چووه، به‌ڵام سه‌ره‌تاكه‌ی ئه‌ڵێ (چونكه لوتكه‌ی سه‌رم نه‌وی نابێ چونكه زامی..هتد) كۆتاییه‌كه‌ی ده‌ڵێ (چونكه بۆ چه‌وساوه‌كان ئه‌نووسن). ئه‌مه‌و هۆنراوه‌یه‌كی هێمنی شاعیره كه ده‌ڵێ (ئه‌ی شه‌هید ئه‌ی نموونه‌ی ئازادی ..نه‌ڕوات خوێنی تۆ به خۆڕایی ئاوازی شاخی بوون ..) دوای ڕاپه‌ڕین و ئازادكردنی كوردستان ئه‌گه‌ر سیدی 2010 چالاكی قوتابخانه‌كان ببینی زۆری سروودی منداڵان كه هۆنراوه‌و ئاوازی خۆم بوون ،له‌وانه (كوردستان، ڕه‌نگینه ، دۆڵ و شاخی به‌فرینه ، تاڤگه‌ی چه‌م و ڕووباری به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌مینه، سروودی كه‌ش و هه‌وای وڵاته‌كه‌م.. هتد).
* به‌بۆچوونی به‌رێزتان ئاستی موزیكی كوردی له‌ئێستادا له‌چ ئاستێك دایه؟
- موزیك زمانێكی جیهانیه ئێمه‌ی كورد وه‌ك میلله‌تێكی ڕۆژهه‌ڵاتی خاوه‌ن موزیك و مه‌قامی تایبه‌ت به خۆمانین میلله‌تێكی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌گۆرانی فۆلكلۆری ره‌سه‌ن، بۆ نموونه مه‌قامی ئای ئای و ،خاوكه‌ر و،خورشیدی و،ئه‌ڵا وه‌یسی و،هیجران و. كورد و،به‌یاتی كوردی ..فۆڕمی تایبه‌تن به‌كورد كههونهرمهندانی ره‌سه‌ن( عه‌لی مه‌ردان،تاهیر تۆفیق، حه‌سه‌نی جزیری)، هونه‌رمه‌ندی ره‌سه‌ن بوون.
له‌ڕووی گۆرانی ئه‌و سه‌رده‌مه جوانی خۆی هه‌بوو .ئه‌و موزیكه‌ی كه‌ئه‌و كاته ئهژهنرا له‌دڵ و ناخ بوو. به‌ڵام له‌ڕووی دابه‌ش كردن كه به عه‌ره‌بی ئه‌ڵێن(التوزیع الالی) ئێستا پێشكه‌وتووتره واته گیانی موزیكی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌چێژتر بوو.
ئه‌و ئاوازانه‌ی ئێستا ده‌وترێت هه‌ر هی ئه‌و سه‌رده‌مه زێڕینهن جگه له هونه‌رمه‌ند( عه‌دنان كه‌ریم و بێژه‌ن كامگار) له‌و كاسێته‌ی گۆرانییه‌كانی( سه‌ید ئه‌سغه‌ری كوردستانی) له‌گه‌ڵ تیپی ئۆركسترای تاران ،كه‌زۆر به‌جوانی ئه‌یڵێنه‌وه . به‌داخه‌وه ئه‌وانی تر زۆر لاسایی كردنه‌وه‌یان سه‌قه‌ته.
*له بواری نووسینش به‌رێزتان خاوه‌نی چه‌ند كتێب و لێكۆڵنهوهن ئه‌كرێت تیشك بخه‌یته‌سه‌ر ئه‌م بواره‌ش ؟
- له‌ڕووی نوسین به‌تایبه‌تی موزیك داخه‌كه‌م كه‌من ئه‌وانه‌ی خۆیان له‌قه‌ره‌ی ئه‌و بابه‌ته ئه‌ده‌ن كه‌من، من هه‌وڵه‌كانی( دكتۆر ئامانج غازی و مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د و حه‌مه‌ی حه‌مه باقی ) به‌رز ده‌نرخێنم، به‌رهه‌م و كتێبی جوانیان هه‌یه هه‌تا ئه‌و نووسینانه‌ی كاك (فه‌رهه‌نگ غه‌فوور، هه‌نگاو ئه‌نوه‌ر شێخانی،مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی)، له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه له گۆڤاری چلاواز ئه‌یان نووسی جێ په‌نجه‌یان دیاره.
هه‌وڵه‌كانی منیش تا ئێستا چوار كتێبم بهچاب گه‌یاندوون له‌وانه (سه‌ر برده‌و و ڕووداوی مێژوویی له لاوكه‌كانی كاوێس ئاغا)، كه‌تا ئێستا چه‌ندان كۆڕ‌و سمینارم له‌سه‌ر كردووه لاوكه‌كانی كاوێس ئاغا ره‌سه‌ن و مێژوویین، هه‌روه‌ها كتێبه‌كه‌ی ( بیتهۆڤن) 400 چوار سه‌د لاپه‌ڕه‌یه له‌نووسینی دكتۆر حوسێن فه‌وزی كه‌به ڕه‌گه‌ز میسریه له عه‌ره‌بی وه‌رم گێڕاوه بۆ سه‌ر زمانی كوردی.
كتێبی (په‌لكه زێڕینه) تایبه‌ته به ژیانی 40 هونه‌رمه‌ندو گۆرانی بێژ بۆ نموونه لهموزیسیانهكان موشته‌بای میرزاده تێدایه. چواره‌م كتێبم (ده ئاوازی جیهانی یه) نووسینی دكتۆره سوره یامهلحهس ئه‌وه‌ش وه‌رگێڕانه بۆسه‌ر زمانی كوردی ..
شوكر ئێستا سێ كتێبی ترم ئاماده‌ن بۆ چاب له‌وانه (جیهانی موزیك) نووسینی (زین النصار) (له ئاوێزانی هونه‌ری موزیك ) كه 17 بابه‌تی موزیك له خۆ ده‌گرێت وه‌ك فۆڕمی جیهانی كۆنشێرتۆو ،سیمفۆنیاو .چه‌مبه‌ر موزیك (موزیكی كۆشك)كه‌سه‌ردانی هایدن و مۆزارت و بیتهۆڤن بۆ شازاده‌و میره‌كان ئه‌نووسرا ، به‌ڵام له كۆشكی شازاده‌كان نمایش ده‌كرا.
هه‌روه‌ها بابه‌تی خۆماڵیش له خۆ ده‌گرێت وه‌ك لاوك و حه‌یران به‌نموونه. له‌ده‌ره‌وه‌ی موزیك كتێبێكم هه‌یه له‌سه‌ر زانا‌و داهێنه‌ران به‌نموونه (ئه‌دیسۆنی) تێدایه كه داهێنه‌ری كاره‌بایه.
* له‌م رۆژانه له‌لایه‌ن پارێزگاری هه‌ولێر مه‌راسیمێكی رێزلێنانت بۆ ساز كرا تاچه‌ند گرنگه هونه‌رمه‌ند تا له ژیان دایه رێزی لێبگریت؟
- زۆر گرنگه هونه‌رمه‌ندو نووسه‌رو شاعیر‌و ئه‌دیب تا له ژیان مابێت گرنگی پێ بدرێت و ڕێزی لێ بگیرێت . من سوپاسی برای هونه‌رمه‌ند( وشیار مه‌رجان) ئه‌كه‌م وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری چالاكی قوتابخانه‌كان .
هه‌روه‌ها مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند( فه‌رهه‌نگ غهفوو)ر كههاریكار بوون بۆسازدانی ئه‌و ڕێوره‌سمه، به‌ئاماده‌بوونی ، پارێزگاری هه‌ولێر ئومێد خۆشناو،دكتۆر عه‌لی ره‌شید سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا‌و ،كاك عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی سه‌رۆكی یه‌كێتی نووسه‌ران و سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی قه‌لغان ومیدالیاو گوڵیان بۆ هێنام له‌وانه، برای هونه‌رمه‌ند (هیوا سوعاد ) سه‌رۆكی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان . سوپاس بۆ ئێوه‌ش .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.