ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
دوای ئه‌وه‌ی ساڵانێك بۆ خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی كاندید ده‌كرا و پێی نه‌گه‌یشت، ڕۆژی 1ی ته‌مموزی ئه‌م ساڵ ئیسماعیل كاداری نووسەری ئەلبانی له‌تیرانای پایته‌خت كۆچی دوایی كرد.
ناوبراو تاكە نووسەری ئەلبانییە بەهۆی رۆمان و چیرۆك و شیعر و شانۆگەری و نووسراوەكانی دیكەی، له‌جیهاندا ناسراوه. لەبەر ئەوەی لەزۆربەی بەرهەمەكانیشی پشتی بەمێژوو و ئەفسانە و كەلەپووری گەلەكەی بەستووە، بۆیە ئەدەبەكەی وەك ئاوێنە وایە بۆ رەنگدانەوەی گیانی گەلی ئەلبانی و مێژووە نوێیەكەی، بەهەموو رەهەندەكانییه‌وه.
هەروەها رەنگدانەوەی بارگۆڕانە سیاسییەكانی نیوەی دووەمی سەدەی رابردووی وڵاتەكهشیتی. ئەوە جگە لەوەی بەوپەڕی توانا هەوڵی دەدا ئەدەبی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه لەژێر هەژموونی ئەدەبی سۆڤیەتی رزگار بكات.
لەلایەكی دیكەوە هەندێك لەشارەزایان بەكافكا و ئۆرۆیل بەراوردی دەكەن. هه‌ندێكیش خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌و و گابرێیل گارسیا ماركیز ده‌بینن، چونكه هه‌ردووكیان گرنگییان به‌چه‌شه‌ی سوریالی دابوو.
ئیسماعیل كاداری رۆژی 28 ی كانونی یەكەمی ساڵی 1936 لەشاری گیروكاسترای باشووری ئەلبانیا هاتە دنیا. باوكی نامەبەری دادگە بوو، زۆر بەتوندی رووبه‌ڕووی بیروباوەڕی كۆمونیستی دهبۆبوو. كاتێكیش جەنگی دووەمی جیهانی بەرپابوو و ئەلبانیا بووە گۆرەپانی هێزە داگیركەرەكانی ئیتاڵی و ئەڵمانی، دانیشتوانەكەی ئازار و ناخۆشی زۆریان چێژت، بۆیە كاداری سەردەمی منداڵی بەتاڵی و ناخۆشی بەسەربرد. دوای تەواوكردنی خوێندنی دواناوه‌ندی، چووه كۆلێژی ئادابی زانكۆی تیرانای و تێیدا فەلسەفە و مێژووی خوێند. ساڵی 1954 كۆ شیعری (ئیلهامه‌كانی كوڕان Frymëzime djaloshare) وساڵی 1957 دیوانه‌كانی (خهونهكان Ëndërrimet) و (شازاده ئارگیجیرۆ Princesha Argjiro) ی بڵاوكرده‌وه. ساڵی دواتر مینحەی خوێندنی پێدرا و له‌په‌یمانگه‌ی مەكسیم گۆرگی شاری مۆسكۆ، ئادابی خوێند. له‌وێدا ئاشنای رۆشنبیری رۆژئاوایی بوو. ساڵی 1960 كاتێك پێوەندی لەنێوان هەردوو رژێمە كۆمونیستەكەی ئەلبانیا و سۆڤییەت بەرەو گرژی چوو، كاداری بەناچاری گەڕاوە وڵات.
ئه‌و ماوه‌یه‌ی لەمۆسكۆ بوو رۆمانێكی بەناوی (شاری بێ ریكلامه‌كان) نووسی. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵات نزیكەی چل لاپەڕەی لەگۆڤارێكی ئەدەبی بڵاوكردەوە، بەڵام ده‌زگای چاودێری رازی نه‌بوو بڵاوكردنەوەكەی بەكۆتا بگات. ساڵی 1963 رۆمانی (جەنەڕاڵی سوپای مردوو Gjenerali i ushtrisë së vdekur) ی بڵاوكردەوە. تێیدا گیانی ئه‌لبانی كردووە به‌ئیلهام و ئاشنای چیرۆكی جه‌نه‌ڕاڵێكی ئیتاڵیمان دەكات كە دوای وەستانی سی ساڵ بەسەر جەنگی دووەم، لەحكومەتەكەی خۆیدا فەرمانی پێكراوە له‌گه‌ڵ قه‌شه‌یه‌ك بچێتە ئەلبانیا و به‌دوای گۆڕی ئه‌و سوپا ئیتاڵیانه‌دا بگه‌ڕێت كه له‌شه‌ڕگه‌كانی ئه‌و شوێنه كوژرا بوون. هەرچەندە جەنەڕاڵەكە بڕوای بەو كارەی نەبوو، بەڵام ناچار بوو بڕوات. لەوێدا ناخۆشی زۆر دەبینێ. سەرەتا وەهای بەخەیاڵدا دێت سوپایەكی زۆری هەیە، بەڵام لەژێر خاكدان و چەندان تەن لەفوسفۆر و كالیسیۆمیان پێكهێناوە. دواتر دەبینێ جەنەڕاڵیكی ئەڵمانیش بۆ هەمان مەبەست هاتۆتە ناوچەكە.
لەكۆتاییدا له‌تۆڵه‌ی خوێنی كوڕه كوژراوه‌كه‌ی، جەنەڕاڵە ئیتاڵییەكە به‌ده‌ست پیره‌مێردێكی ئه‌لبانی ده‌كوژرێت. ئه‌و رۆمانه ده‌رگای ناوبانگی بۆ كاداری خسته سه‌رپشت و بۆ هه‌موو لایه‌كیشی ره‌خساند چاو به‌وێنه‌ی ئه‌لبانیا و پاڵاوانیه‌تی دانیشتوانه‌كه‌ی و داب و نه‌ریته جوانه‌كانیان بخشێنن. لایەنێكی دیكەی سەركەوتنە گەورەكەی ئەو بەرهەمە لەوەدایە كاداری لەداڕێژتنیدا بەستایلی هونەری نووسینی رۆمان و شۆڕبوونەوە بۆ ناو ژیانی واقیعیانەی گەلەكەی، زۆر پابەند بووە. دوای وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی فەرەنسی، ناوەندە رۆشنبیرییەكانی ئەو وڵاتە، بانگهێشتی كادارییان كرد. لەفەرەنسا لەلایەن نووسەران و رۆشنبیران پێشوازی گەرمی لێكرا و بەدەنگێكی رەسەن و بەهێزی پشت دیوارە ئاسنینەكانیان دانا. تا ئیستا ناوەرۆكی ئەو رۆمانە دوو جار كراوە بەفیلمی سینەمایی.
ساڵی دواتر دیوانی (بۆچی بیر له‌و شاخانه بكه‌ینه‌وه Përse mendohen këto male) و ساڵی 1965 رۆمانی (دڕندە Përbindëshi) ی بڵاوكردەوە. له‌و رۆمانه‌یدا ئه‌سپی ته‌رواده‌ی كردۆته هه‌وێن و هه‌وڵیداوه رووداوێكی ئه‌فسانه‌یی بگۆڕێ بۆ حاڵی ئەوسای وڵاته‌كه‌ی، پاش ئەوەی حكومەت هەوڵیدا لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی سۆڤییەتی بێتە دەر. ساڵی 1967 رۆمانی (پێستی ته‌پڵ Lëkura e daulles) ی بڵاوكردەوە. ئه‌وه‌شیان بەرجەستەكەری ئەو قۆناغەیە كە ئەلبانیا لەساتی گۆڕان بەخۆیەوە بینی. ئەوە جگە لەواقیعی ژن لەچوارچیوەی دەرەبەگایەتی و كۆنەپەرستی ئەوسای كۆمەڵگەكەیدا. هاوكات لەو بەرهەمەدا بۆ ئەوەی عەزیمەت لەدەروونی ئەلبانیەكان نیشان بدات، كەلەپووری ئەفسانەیی ئەلبانی بەكارهێناوە. ساڵی دواتر هه‌مان رۆمانی به‌ناوی (هاوسه‌رگیری Dasma) خسته‌وه به‌ر دیده. ساڵی 1970 رۆمانی (قەڵا Kështjella) ی بڵاوكردەوە. له‌وه‌شیاندا چیڕۆكێكی میللی ئه‌لبانی كردۆتە هه‌وێن كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی پێداگرتنه له‌سه‌ر قوربانیدان بۆ مانه‌وه. تێیدا گەڕاوەتەوە سەدەی پانزدە و چیرۆكێكی مێژوویی خستۆتە بەردیدە. كاتێك سوپا بەهێزەكەی عوسمانی هەڵدەكوتێتە سەر قەڵایەكی كۆنی ئەلبانیا، گەلەكەی ناوی ملكەچ ناكەن و بەرگری دەكەن. ئەوسا به‌و كاره‌ی كاداری داوای لەگه‌له‌كه‌ی كرد، بۆ گه‌یشتن به‌ڕۆژی گه‌ش پێویسته قوربانی بده‌ن. هەر بۆیە كاتی خۆی لێكدانەوەی زۆر بۆ ئەو بەرهەمە كرا. تەنانەت هەندێك بەبەرجەستەكەری ئەو ململانێیە ئایدیالۆژییەیان دادەنا كە لەنێوان ئەلبانیا و رژێمی سۆڤیەتیدا هەبوو. هەر لەو ساڵەدا كاداری بووە ئەندامی پەرلەمانی وڵات و ماوەی دوانزدە ساڵ لەو شوێنە ماوە.
بەوەش دەرگاكانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی بەڕوودا كراوە. ئەمەو بەهۆی پێوەندیشی لەگەڵ (ئەنوەر خواجە) ی سەرۆك، ناوبراو كردی بەسەرۆكی پەیمانگەی رۆشنبیری. ساڵی دواتر رۆمانی (چیرۆكی شاری به‌رد Kronikë në gur) ی بڵاوكردەوە. تێیدا به‌ره‌نگاری هێزه ئه‌لبانییه‌كانی له‌كاتی داگیركاری له‌جه‌نگی دووه‌می جیهانی خستۆته‌ڕوو، بەتایبەتی شارەكەی خۆی كە چۆن رووبەڕووی سوپای داگیركەری ئیتاڵی و ئەڵمانی وەستان.
هەروەها تێیدا ستایشی رۆڵی ئەنوەر خواجەی كردووە لەپێشڕەویكردنی دەستە بەرگریكارە كۆمونیستییەكان دژی داگیركەری ئیتاڵی لەئەلبانیادا. ساڵی 1972 رۆمانی (زستانی سەخت Dimiri i madhe) ی بڵاوكردەوە. كە بەڕۆمانێكی سیاسییانە دادەنرێت، لەجۆری ریالیزمی سۆشیالیستییە. تێیدا وێنەی بارودۆخی زستانی ساڵی 1961 ی كێشاوە كە ساڵی پێوەندیبڕینی وڵاتەكەی لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتی و چوونە پاڵ سەربازگەی چینی ماوی بوو. ئەو پێوەندیبڕینەش بەخاڵی گەمارۆ خنكێنەرەكەی وڵاتەكەی دادەنرێت كە هەموو لایەكی ژیانی ئەلبانیای تێكدا. دوای ئەوەی پێشتر یەكێتی سۆڤییەت وەك دەروازەی ئەو وڵاتە وابوو بەرەو رووی جیهان.
ساڵی 1975 رۆمانی (پایزی پایتەخت Nëntori i një kryeqyteti) ی بڵاوكردەوە. لەوەشدا هەوڵدان بۆ رزگاركردنی شاری تیرانا لەژێر دەسەڵاتی داگیركەری ئیتاڵی لەكاتی شاڵاوەكانی جەنگی دووەمی جیهانی دەبینرێ. ساڵی دواتر دیوانی (كات Koha) و ساڵی 1977 كۆ چیرۆكی (ئاڵای رابرووEmblema e dikurshme ) و ساڵی دواتریش رۆمانی (Muzgu i perëndive të stepës) ی بڵاوكردەوە. لەو رۆمانەشدا لەڕێگەی گێرانەوەی چیرۆكی خۆشەویستی نێوان كوڕێكی ئەلبانی و كچێكی رووسی، یادگارییەكانی پێشوی خۆی لەشاری مۆسكۆ، خستۆتە بەر دیدە. لەناو ئەو پێوەندییەش وێنەی جوانی مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتی كێشاوە، بەجۆرێك كە چه‌ندان ره‌هه‌ندی ئەو دوو لایەنەی هه‌ڵگرتووە.
دوای ئه‌و كاره جارێكی دیكه بۆ مێژوو گه‌ڕاوه و به‌هه‌موو ئه‌و شتانەی هه‌ڵگوت كه ئه‌لبانییه‌كان وه‌ك كه‌له‌پور پێشكه‌شیان كردووه. ئەوەش لەڕۆمانی (Komisioni i festës) دەبینرێ كە هەر لەو ساڵەدا بڵاویكردەوە. تێیدا لەهەمان تەوەرەی رەخنەگرتن لەدەوڵەتی عوسمانی و سیاسەتە داگیركارییە خوێناوییەكەی، لەڕۆژهەڵاتی ئەوروپا سوڕ دەخواتەوە. ڕووداوێكی مێژوویی خستۆته‌ڕوو كە لەمێژووی ئەلبانیادا ناسراوە، ئەویش بانگهێشتەكەی سوڵتان مەحمودی دووەمە لەو كاتەی ویستی نەیارەكانی لەناوبەرێت كە ئاهەنگێكی گەورەی ساز كرد و دوای كۆكردنەوەیان پێنج سەد كەس لەو میوانانەی لەناوبرد كە گوایە هەوڵی جیابوونەوە و دژایەتیكردنی دەسەڵاتی عوسمانییان دەدا.
هەر لەساڵی 1978 رۆمانی (پردی سێ كەوانەیی Ura me tri harqe) بڵاوكردەوە. ناوەرۆكی ئەو رۆمانەشی لەچیرۆكێكی فۆلكلۆری گەلەكەی وەرگرتووە كە دەڵێت (لەكاتی داڕێژتنی بناغەی پردێك، بۆ ئەوەی تۆكمە و بەتین بێت و بەنەمری و تاهەتایی بمێنێتەوە، پێویستە قوربانی بەسەری مرۆڤێك یاخود گیانلەبەرێك بكرێت). ئەوەش ئاماژەیەكی دیكەیە بۆ واتای سیاسی ئەو رۆژگارە. واتا داوای لەگەلەكەی كردووه بۆ بونیادنانی داهاتووی گەش، قوربانی بدەن. لەلایەكی دیكەوە ئەو رۆمانە بەوەڵامدانەوەی رۆمانی (پردی سەر رووباری درینا) ی ئیفو ئاندریتشی رۆماننووسی سربی دادەنرێت. هەر لەو ساڵە رۆمانەكانی (جێگه‌ی شەرمەزاری Kamarja e turpit) و (نیسانی تێكشكاو Prilli i thyer) و (پاشالیكی مه‌زن Pashalleqet emadha) ی بڵاوكردەوە. لەوەی دوایدا تیشكی خستۆتە سەر كەسایەتی پادشایەكی توركی كە دەیەوێت بەپشتیوانی رۆژئاوا، لەدەسەڵاتی عوسمانی جیابێتەوە، بەڵام دەوڵەتی عوسمانی پلان لەدژی دەگێڕێ و دواتر سەری لەجەستەی جیادەكاتەوە.
ساڵی 1980 كۆ چیرۆكی (Gjakftohtësia) ی بڵاوكردەوە. هاوكات له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هێما و ئه‌فسانه ئه‌لبانییه‌كان، رۆمانێكی دیكەی بەپێزی بەناوی (كێ دۆرونتینی هێناوه؟ Kush e solli Doruntinën?) بڵاوكردەوە. له‌و كاره‌شیدا پشتی به‌ئه‌فسانه‌یه‌كی دیكه‌ی میللی به‌ستووه كه تێیدا برایه‌ك له‌مردن زیندوو ده‌بێته‌وه تا به‌رگری له‌خوشكە ڕفێندراوەكەی بكات. لێرەدا زیندووبوونه‌وه‌ی برا، زیندووبوونه‌وه‌ی گه‌لی ئه‌لبانییه كه ئه‌وسا وه‌ك مردوو ملكه‌چی چاره‌نووس ببوو. ساڵی دواتر رۆمانی (كۆشكی خهونهكان pallati I éndrrave) ی بڵاوكردەوە. تێیدا جارێكی دیكه بەگەڕانەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەكان، بابەتە گرنگەكەی پرسی تۆتالیتاری و ره‌خنه‌گرتن له‌ڕژێمی سته‌مكاری خستۆتەوە بەردیدە. بۆیه له‌لایه‌ن یه‌كێتی نووسه‌رانی وڵات ره‌خنه‌ی لێ‌گیرا. ساڵی 1985 رۆمانەكانی (رووناكی مانگ Nata me hënë) و (ساڵی خراپه Viti i mbrapshtë) و (Krushqit janë të ngrirë) ی بڵاوكردەوە.
هاوكات ئەنوەر خواجە دیكتاتۆر و ستەمكار مرد كە ناوبراو بەهەموو جۆرێك هەوڵی دەدا لەو وڵاتە بچووكەدا رژێمی تۆتالیتاری پیادە بكات. بۆ رازی كردنی رژێمی سۆڤییەتیش دژی كرانەوە و مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژئاوا بوو. ساڵی 1988 كاداری رۆمانی (كۆنسێرت لەكۆتایی زستاندا Koncert në fund të dimrit) ی بڵاوكردەوە. لەو بەرهەمەدا هاوشێوەی رۆمانی زستانە مەزنەكە، ئاماژە بەپێوەندی بڕینی دەسەڵاتی فەرمانڕەوای وڵاتەكەی داوە. بەڵام ئەو جارە پێوەندی بڕینەكە لەگەڵ رژێمی چینی دوای مردنی ماوتسی تۆنگە. ساڵی دواتر رۆمانی (دۆسیەی ئێج Dosja H.) ی بڵاوكردەوە، كە تێیدا هەست بەو ململانێیە بێدەنگییە دەكرێت كە دوای خواجە لەسەر دەسەڵاتی وڵات سەریهەڵدا. هەروەها رەخنەشی لەماوەی دەسەڵاتی ئەحمەد زوگۆش گرتووە.
گومان لەوەدا نییە كاداری یەكێك بوو لەكەسە دیارەكانی رژێمی كۆمونیستی پێشوی ئەلبانیا و لەسایەی ئەو رژێمەش لەهەموو نووسەرێكی دیكەی ئەو وڵاتە زیاتر سوودمەند بوو. بەڵام ساڵی 1990 بەر لەڕووخانی رژێمی دەسەڵاتداری وڵاتەكەی و رووخانی گەورەی رژێمە كۆمونیستییەكانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، كاتێك بۆی رەخسا، وڵاته‌كه‌ی جێهێشت و چووه پاریس. لەوێدا داوای مافی پەنابەری كرد و پاكانەی خۆشی لەئایدیای كۆمونیستی و رژێمی تۆتالیتاری راگەیاند. وەك دەنگێكی جیهانیش دژی ستەمەكانی پێشوی ناو وڵاتەكەی دەنگی هەڵبڕی. لەو وڵاتە رەگەزنامەی پێدرا و ساڵی دواتریش رۆمانی (Qorrfermani) و كۆچیرۆكی (خه‌ونی فریوده‌ر Ëndërr mashtruese) و ساڵی 1992 رۆمانی (هەڕەم Piramida) ی بڵاوكردەوە. لەو رۆمانەی دوایی پێوه‌ندی بڕینی خۆی له‌گه‌ڵ حزبی كۆمونیستی ده‌سه‌ڵاتداری وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندووە. هەروەها تێیدا رازی نه‌بوونی كیوبسی فیرعه‌ونی میسری به‌ناشتنی له‌هه‌ڕه‌مدا، هاوشێوەی فیرعەونەكانی پێشوو، وه‌ك هێما بەكارهێناوە بۆ ئه‌نوه‌ر خواجه، كه ناوبراو بەپێچەوانەوە ئاواته‌خواز بوو له‌ناو جه‌رگه‌ی تیرانای پایته‌خت له‌هه‌ڕه‌مێك بنێژرێت. به‌هۆی ئه‌و رۆمانه ده‌نگی گواستنه‌وه‌ی گۆڕی خواجه بۆ سه‌نته‌ری میوزیكی رۆژئاوایی به‌رزبۆوه. ئه‌و سه‌نته‌ره‌ی كه خواجه هه‌رگیز حه‌زی له‌گوێگرتن له‌و جۆره میوزیكه نه‌بوو. كەواتە ناوەرۆكی ئەو رۆمانە پێچەوانەی رۆمانی زستانی سەختە كە لەوێدا خواجە وەك پاڵەوان دەركەوتووە.
ساڵی 1994 رۆمانی (سێبەر Hija) ی بڵاوكردەوە، كە له‌ڕۆژانی ده‌سه‌ڵاتی خواجه به‌نهێنی نوسیبووی. تێیدا لەنێوان دۆخی ئەلبانیا لەسەردەمی خواجە و سەردەمی چاخەكانی ناوەند بەراورد كردووە. هەوڵیشیداوە لەناو پاڵەوانی ئەو كارەیدا كە بەرجەستەكەری خۆیەتی، بەتەواوی پاكانەی خۆی لەڕژێمی پێشوی وڵاتەكەی نیشان بدات. ساڵی دواتر رۆمانی (Shkaba) و ساڵی 1996 رۆمانی (سپيريتوس Spiritus) ی بڵاوكردەوە. هاوكات دوای مردنی كارل پۆپەری فەیلەسوفی نەمسایی و بەریتانی، لەشوێنی ئەو لەئەكادیمیای فەرەنسی بۆ زانستی سیاسی و ئەخلاقی، كرا بەئەندامی تاهەتایی.
ساڵی 1998 رۆمانی (شارێكی بێ ریكلام Qyteti pa reklama) ی بڵاوكردەوە. وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا. له‌و رۆمانه‌یدا كاداری وه‌ك گه‌نجێكی ئاواتخواز و هه‌ڵچوو بۆ گۆڕانكاری شۆڕشگێڕانه، هه‌ستی خۆی ده‌ربڕیوه. پاڵه‌وانه‌كانی ناوی به‌و هیوایه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران شه‌رمه‌زار بكه‌ن، هه‌وڵی وێرانكردنی ئایكۆنه‌كانی ناو كڵێسه‌كان و دڕاندنی كتێبی پیرۆز ده‌ده‌ن. هەر لەو ساڵە كۆ چیرۆكی (سێ گۆرانی ماته‌مینی بۆ كۆسۆڤۆ Tri këngë zie për Kosovën) و شانۆگەری (وه‌رزی بێزاركه‌ر له‌ئۆله‌مپ Stinë e mërzitshme në Olimp) و ساڵی دواتریش كۆ چیرۆكی (دزینی خه‌وی شاهانه Vjedhja e gjumit mbretëror) و ساڵی 2000 رۆمانەكانی (گوڵە سارده‌كانی ئازار Lulet e ftohta të marsit) و (نه‌وه‌كانی هانكۆناته‌كان Breznitë e Hankonatëve) و ساڵی دواتر كۆ چیرۆكی (له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌ی ژنێك Përballë pasqyrës së një gruaje) و ساڵی 2003 رۆمانەكانی (كچی ئاگامێنۆن Vajza e Agamemnonit) و (ژیان یاری و مردنی لول مه‌زره‌ك Jeta,loja dhe vdekja Lul Mazrekut) و (نه‌وه Pasardhësi) ی بڵاوكردەوە.
لەوەی دوایدا باسی لەڕووداوی خۆكوشتن یان تیرۆركردنی محەمەد شیخۆی پیاوی دووەمی ئەوسای وڵاتەكەی كردووە كە لەخانووە نوێیەكەیدا روویدا. بەگوێرەی ئەفسانە ئەلبانییەكانیش ئەو خانووە شوێنی تارمایی و گیانی مردووەكانە. ساڵی دواتر دیوانه شیعری (هەندێک دڵۆپی باران کەوتنە سەر شووشە Ca pika shiu ranë mbi qelq) و ساڵی 2005 رۆمانی (بابه‌تی گه‌مژه‌یی Çështje të marrëzisë) و دیوانی (ئاسمان بێ فۆرم Pa formë është qielli) و ساڵی 2008 رۆمانی (ئێواره‌خوانێكی هه‌ڵه Darka e Gabuar) و ساڵی دواتریش رۆمانی (به‌ربه‌ست: رێكویم بۆ لیندا بی E penguara: Rekuiem për Linda B) ی بڵاوكردەوە. لەوەی دوایدا كە رووداوەكانی لەساڵانی هەشتاكانی سەدەی راربردووە لەشاری تیرانا، باسی لەبارودۆخی وڵاتەكەی لەژێر سایەی رژێمی تۆتالیتاری كردووە. ساڵی 2010 رۆمانی (رووداو Aksidenti) و ساڵی 2013 كۆ چیرۆكی (Bisedë për brilantet në pasditen e dhjetorit) و ساڵی دواتریش رۆمانی (هەوره‌كانی تیرانا Mjegullat e Tiranës) ی بڵاوكردەوە. كە ئەوەی دوایی لەنێوان 1957 و 1958 نووسیبووی. ساڵی 2015 رۆمانی (بوكەڵه Kukulla) و كتێبی (Uragani i ndërprerë) و كۆ چیرۆكی (كاتی خۆشەویستی Koha e dashurisë) و ساڵی 2017 كتێبی (سێ وتار لەبارەی ئەدەبی جیهانی Tri sprova mbi letërsinë botërore) و ساڵی دواتر كۆ چیرۆكی (كورته نووسراو له‌یه‌ك به‌رگدا Proza e shkurtër, në një vëllim) و كتێبه‌كانی (سێ وتار له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی جیهانی Tri sprova mbi letërsinë botërore) و (كاتێك فه‌رمانده‌كان شه‌ڕ ده‌كه‌ن Kur sunduesit grinden) و (بەرهەمە شیعرییەکان لەیەک بەرگدا Vepra poetike në një vëllim) بڵاوكردەوە.
جگە لەو به‌رهه‌مانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا، كاداری كتێبی دیكەشی بڵاوكردۆتەوە. له‌زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیشی ئه‌فسانه‌ی به‌دۆزه هه‌ستیاره‌كان ئاوێته كردووه. ئه‌مه‌و له‌هه‌ندێكیشیان هێرشی كردۆته سه‌ر كه‌له‌پور و شارستانی ئیسلامی. راشكاوانه‌ش ئاماژه‌ی به‌وه ده‌دا ئیسلام به‌ربه‌سته له‌به‌رده‌م گه‌لی ئه‌لبانی بۆ گه‌یشتن به‌شارستانی ئه‌وروپی. به‌و كاره‌شی وه‌های ده‌زانی له‌به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی نۆبڵ، ئه‌و خه‌ڵاته‌ی كه هه‌رده‌م خه‌ونی پێوه ده‌بینی، نزیك ده‌بێته‌وه. نۆبڵی پێنه‌درا به‌ڵام چه‌ندان خەڵاتی مەزنی جیهانی بەدەستهێناوە، لەوانە ساڵی 1992 خەڵاتی موندیل سینۆ دیل دوكا و ساڵی 2005 خەڵاتی مان بوكەری و ساڵی 2009 خەڵاتی میر ئەستوریاس و ساڵی 2015 خەلاتی قودسی ئەدەبی و مەدالیای جوقەی شەرەف و ساڵی 2016 خه‌ڵاتی نیشتمانی ئه‌لبانی و ساڵی 2018 خه‌ڵاتی نۆنینۆی نیوده‌وڵه‌تی و ساڵی 2020 خه‌ڵاتی نیوستادی نیوده‌وڵه‌تی پێبه‌خشرا. ئه‌وانه و چه‌ندانی دیكه‌ش.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.