Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 03:13

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران دواكەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان تاوتوێ كرا

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان داوایەك ئاراستەی حكوومەتی فیدڕالی كرا.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان کە لە 2024/7/1 لە بەغدا ئەنجامدرا لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.

لە کۆبوونەوەدا جەخت لە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور کرایەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی خۆی بۆ لیژنەی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایسپاردن کە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان، درێژە بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بدەن و لیژنەیەکی یاسایی پسپۆڕیشی ڕاسپارد بۆ ڕێککەوتن لەسەر داڕشتنی میکانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تاوەکو یاسای تایبەت بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان هەموار دەکرێتەوە.

پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بەدواداچوونی بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش كرد کە بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیی تا ئێستا مووچەی مانگی 5 و6 ی خەرج نەکردووە سەرەڕای ئەوەی کە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەش بە تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ کراوە بۆ وردبینی و پێداچوونەوە، لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێکی وردی خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، دوا پێشهاتی بابەتی وردبینی و پێداچوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵی تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە لە بەردەوامی ئاسانکاریی وەزارەتەکان بۆ پرۆسەی وردبینی، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ سەبارەت بە پرۆسەی هاوبەشی یەکخستنەوەی ڕێکارە داراییەکان و ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ کرایەوە بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بە ئاراستەی برەودان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دارایی.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە خوازیاری چارەسەری ڕاستەقینەی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵە، لەم ڕووەوە دامەزراوەکانی هەرێم پابەندییەکانی خۆیان بەجێگەیاندووە و ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵیشە کە شایستەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق و چیتر خەرجکردنی مووچە دوانەکەوێت.

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بکات.

هەروەها داوا دەکات شایستەکانی دیکەی هەرێم لە تەرخانکراوەکانی تەشغیلیی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان خەرج بکات کە لە خشتە پەسەندکراوەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 پارەیان بۆ تەرخانکراوە کەچی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ هەرێم خەرج نەکردووە و لە سەرەتای 2024 یشەوە، هەرێمی کوردستان بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی بە کاش بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە و مانگانەش لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی سەرجەم وەزارەتەکان، بە شێوەیەکی ڕوون و شەفافانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.