Erbil 20°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 11:55

رێككەوتننامەیەك لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەڵمانیا واژۆ كرا

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی ئەڵمانیا رێككەوتننامەیەكیان واژۆ كرد، رێككەوتننامەكەش بریتییە لە پڕۆژەكانی بەرزكردنەوەی توانا و پاڵپشتیكردنی وەزارەتی پێشمەرگەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە پێشوازی کرد لە کلاوس دیتەر شترایشەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا و کۆلۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی یاوەریان.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا وەزیری پێشمەرگە جەختی لە بەردەوامیدان بەو پەیوەندییە ستراتیژییە دوورمەوداییەی نێوان حكوومەتی هەرێم و ئەڵمانیا كردەوە، سوپاسی گەل و حکوومەتی ئەڵمانیای كرد لە بەرامبەر پشتیوانی و هاوکاریی هەمیشەیی بۆ پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، رێکەوتنامەیەکیان بۆ پرۆژەکانی بەرزکردنەوەی توانا و پاڵپشتیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ کرد، بەمەش حکوومەتی ئەڵمانیا هاوکاری زیاتر لە چەند بوارێکدا پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات.

وەزیری پێشمەرگە لەبارەی رێکەوتننامەکە رایگەیاند: ئەمە دەبێتە دەستکەوتێكی پێویست و پشتیوانییەکی گرینگ و گەورەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گەشەپێدانی توانای سەربازی و بەرەوپێشبردنی گشت بەش و یەکە کارگێری و سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستا و ئایندەدا.

کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لەبارەی واژۆکردنی لێكتێگەیشتننامەکە گوتی: حکوومەتی ئەڵمانیا بە ئەرکی خۆی دەزانێت پاڵپشتی وەزارەتی پێشمەرگە بکات و هاوکارتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەشەپێدانی زیاتری توانای سەربازی هێزی پێشمەرگە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی داهاتوو و کاری پێکەوەیی نێوان هەردوولا و چەندین پرۆژە و بابەتی گرینگ تاوتوێ کران.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.