Erbil 18°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 18:37

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی نەمسا

کوردستان TV
100%

پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌ ڤیه‌ننا له‌گه‌ڵ ئه‌لکسه‌نده‌ر فان دێر بێلن سه‌رۆکی کۆماری نه‌مسا، ده‌رباره‌ی هاریکاریی هاوبه‌ش و په‌یوه‌ندییه‌کانی نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

وێڕای ستایشی مێژووى په‌يوه‌ندييه‌كان و ئاستی ئێستايان، هه‌ردوولا خواستی بره‌وپێدان و فراوانکردنیان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا دووپات کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها دۆخی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، گفتوگۆی هه‌ولێر – به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدراڵى و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانیان خسته‌ به‌ر باس.

نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ هاوکاری و پشتگیریی به‌رده‌وامی نه‌مسا له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها ستایشی ئاماده‌یی و ڕۆڵی نه‌مسای له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشدا کرد.

لاى خۆشیيه‌وه‌ سه‌رۆكى نه‌مسا به‌رده‌واميى پشتگيرى و هاوسۆزيى وڵاته‌كه‌ى بۆ گه‌لى كوردستان و مافه‌كانى دووپات كرده‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له پێكه‌وه‌ژيان و دۆخى پێكهاته‌كان و مافه‌كانيان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرا، له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر پێویستیی یارمه‌تیدانی ئێزدییان له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه كه‌ يه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترين قوربانيانى ده‌ستى تيرۆرستانى داعشن.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ باڵیۆزی عێراق و نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ نه‌مسا ئاماده‌ی بوون، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، گۆڕانی ئاووهه‌وا و گرنگیی هاریکاریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌کانی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.