وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشكرای كرد كە زۆرترین رێژەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان لە وەزارەتەكەیانە و جەختیشی كردەوە كە بڕیاریانداوە پێداچوونەوە بە ناونیشانی ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەدا بكەن.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوزار لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: بۆ ڕای گشتی و بە تایبەتی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتەكەمان ڕای دەگەیەنین كە پابەندین بە ڕێكار و یاسا و ڕێنماییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنی پەیوەندیدار بۆ بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست.
راشیگەیاند: ئەوەی لە ڕووی یاسا و ڕێكارەكانەوە لەسەر وەزارەتمان بووبێت كاری پێویستیان لەسەر كراوە و لە داهاتووشدا لە چوارچێوەی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندین بەو بابەتەوە.
هەروەها رایگەیاند: ئەگەر هەر سەرنجێکیشمان هەبووبێت، ئەوا لەبەر بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی گرێبەست بووە و لەبەر ئەوە بووە کە زۆرترین ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارن کە ژمارەیان لە 14 هەزار فەرمانبەر زیاترە.
ئاماژەی بەوەشدرا: ویستراوە ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە باشترین وردەکاری لە ناو و ناونیشانیان بکرێت و مافی هیچ فەرمانبەرێکی گرێبەست پێشێل نەکرێت، چونکە ئاڵۆزییەک لە دانانی گرێبەستەکان هەبووە و بەشێکی فەرمانبەرە گرێبەستەکان بە ناونیشانێک گرێبەستیان بۆ کراوە کە گونجاو نییە و لە ئاست ئەو بڕوانامەیەی هەیانە.
وەزارەتی شارەوانی جەختیشی كردەوە کە ڕای ئەوان ئەوەیە كە فەرمانبەرە گرێبەستەكان دەبێت بەو ناونیشانە هەمیشەیی بکرێن کە هاوشانی بڕوانامەکانیانە، نەوەک بە ناونیشانێک کە لەگەڵ خوێندن و لێهاتوویی و لێوەشاوەیی و بڕوانامەی ئەو فەرمانبەرە دڵسۆزانە یەکناگرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.