Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 00:23

ئه‌مڕۆ 47 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره‌ دا تێده‌په‌ڕێت

کوردستان TV
100%


ئه‌مڕۆ 1ی7ی2024، 47 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره‌ تێپه‌رده‌بێت، كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی هونه‌رمه‌ندی پایه‌به‌رزی كۆچكردوو (زرار محه‌مه‌د مسته‌فا) ئه‌م تیپه‌ دامه‌زرا. 

ئێستا وه‌كو خه‌ون دێته‌وه‌ یادم مانگی شه‌شی ساڵی 1977 ئه‌و كاته‌ی له‌ گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره‌ سه‌رجه‌م قوتابیانی قوتابخانه‌ وه‌ستابووین بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ئه‌زموونه‌كانی كۆتایی ساڵ پێش دانه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان مامۆستا زرار له‌ نێو گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ له‌ وته‌یه‌كی كورتدا گووتی" به‌نیازم تیپێكی مۆسیقا دابمه‌زرێنم و خولێكی میوزیك ده‌كه‌مه‌وه‌ هه‌ریه‌كێك له‌ ئێوه‌ حه‌ز ده‌كات یان ئاره‌زووی فێر بوونی مۆسیقای هه‌یه‌ باناوی خۆی بنوسێت.."

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من له‌م قوتابخانه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستا زرار به‌شداری چه‌ندین ئۆپه‌رێت و شانۆگه‌ریم كردبوو بۆیه‌ حه‌زو و ئاره‌زووم زیاتر بۆ شانۆ ده‌چوو، نه‌وه‌ك موزیك، هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌ش من ناوی خۆم بۆ ئه‌و خووله‌ نه‌نوسی به‌ڵام هه‌رگیز له‌ خووله‌كه‌ دوور نه‌بووم هه‌رده‌م هامووشۆی خووله‌كه‌م ده‌كرد، له‌ نیگارگایه‌كه‌ی(مه‌رسم) مامۆستا زرار له‌ نهۆمی دوومی قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره‌ بوو كه‌ جگه‌ له‌ موزیك چه‌ندین خوولی تریش هه‌ر له‌سه‌رده‌ستی مامۆستا زرار كرابوونه‌ وه‌كو خۆش نووسی، جوانكاری..


ئه‌م ژووره‌ هونه‌رییه‌ ته‌نیا په‌یمانگایه‌كی هونه‌ری نه‌بوو، به‌ڵكو قوتابخانه‌یكی كوردایه‌تیش بوو، هه‌رده‌م ئامۆژگای ئێمه‌مانی ده‌كرد كه‌ چۆن خاك و كورد وكوردستانمان خۆش بوێت فێری كردین هه‌رده‌م خاوه‌ن هه‌ڵویست بین، هه‌ر ئه‌م په‌روه‌ده‌یه‌ش بوو دوای راپه‌رینی 1991 كوردستان ده‌ركه‌وت زۆربه‌ی ئه‌ندامان وه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌ رێكخستنه‌كانی حیزبه‌كان بوون، به‌ڵێ ئه‌م نیگاركایه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندێكی گشتگیر به‌رێوه‌ ده‌چوو له‌هه‌مووی سه‌یرتر پێداویستیه‌كانیش وه‌كو ئامێری موزیك و كه‌رسته‌كانی خووله‌كه‌ هه‌ر له‌ ئه‌ستۆی خودی بوو بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك یان لایه‌نێك هاوكاری ئه‌و زاته‌ بكات، بگره‌ هه‌ندێك كه‌س به‌ چه‌ندین شێواز ده‌بوونه‌ كۆسپ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژیه‌یه‌ سه‌رنه‌كه‌وێت به‌ڵام مامۆستا زرار بێ گوێدانه‌ ئه‌م و ئه‌و له‌سه‌ر به‌رنامه‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وام بوو 


دوایی هه‌وڵ و كۆشش و هه‌وڵ و ماندوو بوونێكی زۆر له‌ 1977/7/1، له‌ سه‌ر ده‌ستی مامۆستای پایه‌به‌رز هونه‌رمه‌ند (زرار محه‌مه‌د مسته‌فا) تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره‌ هاته‌ دامه‌زراندن و رۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو له‌ خزمه‌تكردنی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی مۆسیقا له‌ شاری رواندز و ته‌واوی كوردستان.


ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌سه‌ر توانستی خۆی بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك یان لایه‌نێك هاوكاری بكات توانی پۆلێ له‌ هونه‌رمه‌ندانی میوزیك پێیگه‌ێنێت،  كه‌ ئێستا رۆڵی به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ گۆڕه‌پانی هونه‌ری موزیكی كوردستان.


به‌ڵێ 47 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ ئه‌م تیپه‌ دامه‌زارا توانی له‌ ماوه‌یه‌دا چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی وه‌ك (سه‌ید ئه‌حمه‌د ڕواندزی، سیروان سیرینی، شێرزاد حه‌یده‌ری، چه‌تۆ نه‌ورۆز ، ئامانج غازی، فاروق باپیر، زینل خیری، ئه‌حمه‌د شێخه‌) چه‌ندانی تر له‌سه‌ر ده‌ستی هونه‌رمه‌ندی پایه‌به‌رز( زرار محمد مسته‌فا ) پێگه‌یشتن.


هه‌روه‌ها ئه‌م تیپه‌ له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆیدا توانی چه‌ندین كاری هونه‌ری ئه‌كادیمی و پێشكه‌ش بكات و چه‌ندین موزیكی جیهانی وه‌كو ئۆكێسترا پێشكه‌ش به‌ هه‌وادارانی میوزیك بكه‌ن و چه‌ندین گۆرانی بێژیش له‌م تیپه‌ كاره‌كانیان بڵاوبكه‌نه‌وه‌ وه‌كو(وه‌لی دۆسكی، ئه‌حمه‌د مه‌ندانه‌، هاوتا ئه‌سعد، كاڵێ،ئه‌بوو بكری لزگی، ناسڕی ره‌زازی،سامان عومه‌ر و سه‌لام ، خدر بێجانی …) چه‌ندانی دیكه‌.

له‌كۆتاییدا هه‌زاران سڵاو چه‌پكه‌ گوڵ پێشكه‌ش به‌ رۆحی مامۆستای كۆچ كردووی دڵسۆزی هونه‌ر هونه‌رمه‌ند" زرار محه‌مه‌د مسته‌فا" بێت. 


ن/ كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.