لەمیانەی سەردانەكەی بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبەجە و ناوچەی هەورامان، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی بەڵێنی دا كە هەرچی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵکی پارێزگاكە بیکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی، سەردانی باڵاخانەی پارێزگای سلێمانی کرد و لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لێ کرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و جێگرەکانی پارێزگا و قایمقامەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئامادەی بوون، پارێزگاری سلێمانی وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆکی حکوومەت، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کار و چالاکی و پڕۆژە و کێشە و گرفتەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی خستەڕوو.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و شار و ناوچەکانی هەرێم بکات.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەم پارێزگایە.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها سوپاسی کەرتی تایبەتی کرد کە هاوکار و یارمەتیدەر و پشتیوانیی کارنامەی حکوومەت بوون لە بواری بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز لە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.