کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشان دا.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای به ئاژانسی ئانادۆڵۆی رایگهیاند، کە ئامادەن لەم وادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن.
جومانە غەلای گوتیشی، "مەرسوومی تایبەتی سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستانمان بە دەست گەیشتووە و دەستمان کردووە بە ئەنجامدانی ڕێکاری تایبەت بۆ ئەم مەبەستە".
دوێنێ چوارشهممه 26ی6ی2024، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دیاری کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نووسراوێکی لەبارەی دیاریکردنی وادەکە ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردووە و تیایدا مەرسومەکەی سەرۆکی هەرێمی كوردستانی هاوپێچ کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.