Erbil 25°C شەممە 28 ئەیلوول 21:17

ژمارەی ئەو پۆلیسانەی لە هێرشەکەی ناوچەی داغستاندا لە ڕووسیا کوژران 15 کەسی تێپەڕاند

کوردستان TV
100%

سەرۆکی کۆماری خۆبەڕێوەبەری داغستان، سێرگی مەلیکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەی ئەو پۆلیسانەی لە ئاکامی هێرشە چەکدارییەکەی شاری ماهاچکالە کوژراون 15 کەسی تێپەڕاندووە.

مەلیکۆڤ لە هەژماری خۆی لە تێلێگرام ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە هێرشە چەکدارییەکەی سەر خاڵێکی پۆلیس، پەرستگایەکی جووەکان (سیناگۆک) و دوو کڵێسا لە شارەکانی ماهاچکالە و دەربەنت بڵاوکردەوە.

سێرگی مەلیکۆڤ هێرشەکەی بە پەلامارێکی تیرۆریستیی ناوزەند کرد و، ڕایگەیاند: "دەزانین کێن ئەوانەی لە پشت ئەمەوەن و ڕێکخەرانی ئەم هێرشانە چ ئامانجێکیان هەیە".

مەلیکۆڤ باسی لەوە کرد کە پۆلیسی داغستان بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە و، ڕایگەیاند: "لەم هێرشە تیرۆریستییەدا کە وێنەی نییە زیاتر لە 15 پۆلیس گیانیان لەدەستداوە. ئەوان چەک بەدەست بوون و ئاشتیی و ئاوامیی داغستانیان دەپاراست. لە نێوان کوژراواندا چەند هاووڵاتییەکی مەدەنی هەن کە قەشەیەکیان لە نێودایە".

هەروەها مەلیکۆڤ باسی لەوە کرد کە لە شارەکانی ماهاچکالە و دەربەنت قۆناغی چالاکی ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەسەرکەوتوویی تەواو بووە و، ڕایگەیاند: "شەش چەکداری ئەنجامدەری هێرشەکە لەچالاکی خراون. هەموو کارێکی پێویست دەکرێت بۆ دۆزینەوەی هەموو ئەو یارییانەی لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە ئامادەکراوە لەگەڵ خانەکانی تیرۆردا. دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە".

هاوکات کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا، لە ڕاگەیاندراوێکدا هێرشەکەی بە کردەیەکی تیرۆریستیی لەقەڵەمدا و باسی لەوە کرد کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

ئاماژە بەوەیش کرا ئاگری نێو سیناگۆکەکە کۆنترۆڵ کراوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.