سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دۆخی سنوورەکانی ئیسرائیل و لوبنان مەترسیدار بووە و مهترسی دووباره بوونهوهی سیناریۆی غەززە له لوبنان بهدی دهكهین.
لای خۆشیانهوه یەک لە کەنەدا ، یۆنان و کوەیت، داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە هەرچی زووە خاكی لوبنان بەجێبێڵن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەی دۆخی لوبنان رایگهیاند، لە پەرەسەندنی گرژییەکانی حزبوڵڵا و ئیسرائیل تەواو نیگەرانم، ئاڵۆزیی و پێکدادانەکان لە ناوچە سنوورییەکاندا بەردەوامە و ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیادبووندایه.
وتیشی، هۆشداریی جیددی دەدەم فراوانبوونی شەڕی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەرێکی نزیکە و پێویستە هەموو لایەنەکان بە تایبەت ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان خۆیانی لێ بەدوور بگرن، چونکە یەک جوڵەی هەڵە ناوچەکە ڕووبەڕووی کارەسات دەکاتەوە و نامانەوێت هەمان سیناریۆی غەززەیەکی لە لوبنان دووبارە بێتەوە.
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، یۆنان و کوەیت هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییهكانیان هەرچی زووە خاكی لوبنان بەجێبێڵن. وەزارەتی دەرەوەی کوەیت و یۆنان داوایان لە هاووڵاتیانیان کردووە، هەرچی زووە لە بەیروتی پایتەخت پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی وڵاتهكهیانهوه بکەن، تاوەکوو ڕێکارەکانی جێهێشتنی لوبنانیان بۆ ئاسان بکرێت. هاوكات وەزیری دەرەوەی کەنەدا هاوتا ئیسرائیلییهكهی ئاگادار کردووەتەوە کە وڵاتەکەی رێكاری سهربازی دابین دهكات تاكوو 45هەزار هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە لوبنان بگوازێتهوه.
ئهو رووداوانه دوای ئهو دێن، ڕۆژی سێشەممەی رابردوو سوپای ئیسرائیل پلانی ئهنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی سهربازی بۆ سەر لوبنان پهسهند كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.