پۆلیسی ئیسپانیا ئاشكرای كرد، توانیویانە گرووپێكی سەر بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەستگیر بكەن كە بەنیازبوونە هێرش بكەنە سەر یاریزانانی یانەی ریال مەدرید و یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە كاتی ئاهەنگگێڕانیان بەبۆنەی بردنەوەی جامی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.
رۆژنامەكانی ئیسپانیا بڵاویان كردەوە: گرووپەكەی سەر بە داعش بەنیازبوونە هێرش بكەنە سەر یاریگەی تایبەتی یانەی ریال مەدرید سانتیاگۆ بێرنابیۆ، هەروەها پلانیان داڕشتبوو لە كاتی ئاهەنگگێڕانیان بە بۆنەی بردنەوەی جامی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، هێرش بكەنە سەر یاریزانانی یانەی شاهانە و هاندەران و كوشتارگەیەك دروست بكەن.
ئاماژە بەوەشدراوە كە ئاژانسی پۆلیسی ئەوروپا (ئینتەرپوول) و ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریكا هاوكاری پۆلیسی ئیسپانیا بوونە لە دەستگیركردنی گرووپەكە كە تا ئێستا نۆ ئەندامیان دەستگیركراون.
نەك هەر ئەوەندە، گرووپەكە پێشتر چەند پلانێكی تریشیان هەبووە بۆ هێرشكردنە سەر پاڵەوانیەتییەكی تۆپی پێ لە ئەوروپا و ئەڵمانیا و یارییەكانی ئۆڵەمپیاد لە فڕەنسا، بەڵام لە سەرجەم پلانەكانیان سەركەوتوو نەبوونە.
لەماوەی رابردوو چەند جارێكی تریش هەڕەشەی هێرشكردنە سەر یاریگەكانی ئەوروپا لەوانە یاریگەی ئیماڕات لە لەندەن و یاریگەی باخچەی شازادەكان لە پاریس و سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید كرابوو و لایەنگراوی داعش دروشمی "هەموویان بكوژن"یان بڵاو كردبووەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.