ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە عەلی باقری سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلاميی ئێران کرد.
لە کۆبوونەوەدا پەرەپێدانی پەیوهندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران تاوتوێ کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای بەرژەوەنديی هاوبەش.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای دووبارە دەربڕینی هاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و یاوەرانیان، جەختی لە گرنگیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە.
سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
هەروەها سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاریکاری و ئاسانکارییان بۆ زیارەتکارانی ئێرانی کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکەن.
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەیان بە گرنگیی سەردانەکە و گفتوگۆکان بە ئاراستەی باشترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.